Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 76

June 20, 2020

“زۆر دەمێکە خولیای کارکردنم هەیە لە بواری شوێنەوارناسی و مێژوونووسیدا، ئەوەبوو لە ساڵی 2004، لە دوای پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق و دامەزرانی من لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و باشتربوونی باری دارایم، دەستم کرد بە بڵاوکردنەوەی گۆڤاری شمشارە – شمشارە گردێکی شوێنەواریی گرنگە لە نزیک ڕانیە و ناوی گۆڤارەکەش لەوەوە هاتووە – کە لە 3 لاپەڕە پێک دەهات لە سەرەتادا و وردە وردە گەورە بوو تا بوو بە زیاتر لە 50 لاپەڕە و زۆربەی هەرە زۆری بابەتەکانی ناو گۆڤارەکە خۆم دەمنووسی. یەکێکی تر لە خولیاکانم کۆکردنەوەی دەستنووسی مێژووییە و ئاواتی منیش ئەوەیە کە مۆزەخانەیەک بکەمەوە تا هەموو ئەو دەستنووسانەی هەمە، کە ژمارەیان نزیکی 500 دانەیە و دەستنووسی تریش لەو مۆزەخانەیەدا پێشان بدەم. دەستنووسم هەیە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 350 ساڵ بەر لە ئێستا!”

“جگە لە شمشارە، دوو بەرهەمی کتێبیشم هەیە بە ناوی «شین و شینگێڕی» و «سێ باڵەکەی بزوتنەوەی حەقە». شین و شینگێڕی کەلتوورێک بووە لە کوردەواریدا کە زۆربەی شاعیرەکانیش لە شیعرەکانیاندا ئاماژەیان پێ کردووە، شین و شینگێڕی شێوازی لەخۆدان و دەربڕینی هەستی ناخۆشی خەڵکی هۆزە جیاوازەکان بووە بۆ مردووەکانیان، کە ئەمەش لە هۆزێکەوە بۆ هۆزێکی تر جیاواز بووە و من هاتووم شێوازە جیاوازەکانی شین و شینگێڕی ئەم دەڤەرەم لە دووتوێی کتێبێکدا کۆ کردۆتەوە. حەقە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی چینایەتی بووە کە لە سەر دەستی شێخ عبدلکریمی شەدەلە لە کۆتایی سییەکانی سەدەی ڕابردوو لە گوندی شەدەڵەی سەر بە ناحیەی سورداشی قەزای دوکان سەری هەڵداوە، ئەم بزووتنەوەیە لە هەناوی تەریقەتی نەقشبەندی سەری هەڵداوە کە نوێژ و ڕۆژوویان واز لێ هێناوە، ئیتر زۆر ڕەخنەیان لێ گیرا کە ئێوە سۆفین بۆ نوێژ و ڕۆژوو ناکەن، بەڵام ئەوان لەژێر ڕۆشنایی ئایەتی وَاعْبُدْ رَبَّكَ حَتَّىٰ يَأْتِيَكَ الْيَقِينُ (99)، نوێژ و ڕۆژوویان نەدەکرد، ئیتر دوای مردنی شێخەکەیان ئەو بزووتنەوەیە بوو بە سێ باڵ و من لە کتێبەکەدا باسی باڵەکانم کردووە و لە یەکێک لە باڵەکاندا چا و جگەرە و منداڵبوون حەرام بووە و ئێستا تەنیا یەک ژن ماوە لەو باڵە و پێی دەڵێن «تاتە حەلاو».”