Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 80

June 27, 2020

“لە سەردەمی لاوێتیمدا بیرمە ڕۆژانە لە کەرکوک لە خەڵک دەدرا و سوکایەتی پێ دەکرا، هەر چەندە من کاری سیاسیم نەکردووە، بەڵام منیش بەبێ لێدان دەرنەچووم: جارێک لە ساڵانی جەنگی نێوان ئێران و عێراق لەگەڵ هاوڕێیەکدا خۆمان لەسەر شۆفێری ڕادەهێنا، ئۆتۆمبیلێک بە خێرایی بەلاماندا تێپەڕی و منیش بە دەست ئیشارەتم بۆ کرد، زیاتر وەک جوێن دەردەکەوت، گەڕایەوە و لەبەر دەمماندا وەستا و دابەزین بە شەق تێمانکەوتن، دواتر ئیمەیان برد بۆ ‘ئیستخبارات’، لەوێ زمانمان ئێمەی کڕیەوە، وتم: ‘ئێمە دەچین خوێن دەدەین، برایەکی ئەم کوڕە لە پێشی جەبهە بریندار بووە’، ئیتر باش بوو بەو قسەیە لێی دەرچووین. ئەو کاتانەی کە دەنگۆی ڕاپەڕین هەبوو لە کەرکوک نەیاندەهێشت کەس بێتە دەرەوە و زۆر جاریش بەبێ هیچ شتێک لە ماڵاندا خەڵکیان دەگرت، بە تایبەت کوردەکان. لە ساڵی 1991 کاتێک ئاوارەکانی کەرکوک هاتنە پێنجوێن، منیش یەکێک بووم لەوان و مامەوە، نزیکەی 30 ساڵە بەردەوام لە پێنجوێنم و تەمەنێکم لەم دوکانەدا بەسەر بردووە.”