Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - East 06

July 11, 2020

“شەوێکی دووشەممە بوو، دۆستێکی خێزانەکەمان کە کاری دانانی موزیکی دەکرد لە ماڵمان بوو، لەگەڵ دایکم بڕیاریاندا بمبەنە ستۆدیۆ و گۆرانییەکی ئینگلیزی تۆماربکەم. من ئەوکاتە لە پۆلی دووهەمی سەرەتایی بووم و تا ئەو کاتە ناو ستۆدیۆم نەبینیبوو، دوای ئەوەی کە گۆرانییەکەم وت و کاری تۆمارکردن کۆتاییهات، پێش ئەوەی لەگەڵ موزیکدا تێکەل بکرێ و وردەکاریەکانی کۆتاییبێت، دەنگە تۆمارکراوەکەی خۆمم بیست، زۆر لەلام ناحەز بوو، ڕاستی لام سەیر بوو خێزانەکەم چۆن دەنگی منیان پێخۆشە!؟ بەڵام کە کارەکانی دیکەی بۆکرا و لە گەڵ موزیک دووبارە بیستمەوە، ئەمجارە گوتم ئا… خراپ نیە، لام خۆشبوو و کەسوکاریش زۆریان بە دڵبوو بە جۆرێک پوورم لە خۆشیاندا دەگریا. ئەمانه وایانکرد متمانە بەخۆبوونم لەلا دروستبێت. جاری دووهەم گۆرانییەکی تریان بۆ هەڵبژاردم و دووبارە ڕۆشتمەوە ستۆدیۆ. زۆر حەزم لەو گۆرانییە نەبوو، بەڵام دایکم پێی لەبەرکردم و مەجالی ئەوەی نەدام بڵێم حەزم لێی نیە. ئەوەی لەلام سەیربوو ئەوەبوو کە ئەم گۆرانییە لەوەی پێشووتر زۆر باشتر دەرچوو.”

“کاتێک منداڵبووم، ئەو خۆشەویستییەی بۆ ئاژەڵان هەمبوو وایلێکردبووم بڕیاربدەم ببم بە پزیشکی ئاژەڵان، بەڵام زۆر زوو زانیم ئەوە خولیایەکی کاتییە و وازم لێهێنا. پاشان لە پشووی هاوینەدا ڕۆشتمە خولێکی شانۆوە، هەستم کرد زۆرم حەز لە شانۆیە. چەندساڵ دواتر جارێکیتر ڕۆشتمەوە لای هەمان گرووپی شانۆ و جگە لە پرۆڤەکانم بۆ گۆرانی وتن، چوار ساڵی ڕابردوو ئیشم لە شانۆدا کردووە و لە شانۆی سەرشەقامیش ڕۆڵم بینیووە. ئەگەر پرسیاربکەن بڵێن شانۆ یان گۆرانیبێژی کامیان زۆر زەینی داگیرکردووی؟ وەڵامەکەم شانۆیە. هەرچەند دایکم و بابم زیاتر هانمدەدەن دەستی گۆرانی وتن بەر نەدەم و ئەو بەهرەیەی هەمە بەکەمی نەزانم.”