Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 87

July 20, 2020

“کاتێک منداڵبووم سینەما سیروان و سینەما ڕەشید هەر فیلمێکیان نمایش دەکرد پێشتر دیعایەی فیلمەکەیان بە ئەسپ و عەرەبانە دەگێڕا بەناو گەڕەکەکاندا. بیرمە کاتێک بەنیازبوون فیلمی هەرقل نمایش بکەن، بەیانیان زوو ئەسپ وعەرەبانەکە دەگەڕا پۆستەری فیلمەکەی بڵاودەکردەوە و پۆستەرەکەش وێنەیەکی هەرقلی لەسەر بوو، لەگەڵ کاتی نمایشەکە و ناونیشانی سینەماکە. کۆمەڵیک فیلمی زۆر خۆش هەبوون ئەوکاتە، وەک فیلمی تەڕەزان، فیلمی جانگۆ، فیلمی سەنگام و فیلمی حەوت بەتەڵەکە کە هەوادارێکی زۆری هەبوو. ئەوەندەم حەز لە سینەما بوو، باوکم هەرچەند پارەی بدایەپێم کۆمدەکردەوە و دەچووم بۆ سینەما. ڕۆژی وا هەبوو دوو جار دەچووم. ئیتر هەر لەوکاتەوە وێنەی پۆستەری فیلم و کارەکتەرەکانی فیلمەکەم کۆدەکردەوە، تا وایلێهات خۆم دەستمکرد بە فرۆشتنی پۆستەر. ئێستاش ڕۆژانە کە دێمە ئێرە و پۆستەرەکانم دەبینم زۆر دڵخۆشدەبم.“