Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 91

August 1, 2020

“لە نەوەدەکان لە شەڕی ناوخۆدا ئەو کاتە من لە فڕنێک شاگردبووم، نانمان بۆ بارەگایەکی پێشمەرگە دروست دەکرد، بە حوکمی ئەوەی من هەویرشێل بووم دەبوایە بە تاریکی بچم بە دیار فانۆسەوە هەویرەکە بشێلم و ئامادەی بکەم، چونکە ئەوکاتە کارەبا نەبوو. ئیتر ڕۆژێکیان کە وەستا هات و دەستی کرد بە نان کردن و دونیا ڕوناکببوەوە، بە توڕەییەوە بانگی کردم و گوتی : ئەوە چیە ؟ منیش کە سەیری نانەکەم کرد پڕبوو لە دەنکە شقارتە و گوڵەبەڕۆژە و پیسی، تومەس پێش من پێشمەرگەیەک ئاردی سەر زەویەکەی کۆکردبۆوە و لەناو فەردەیەکدا لە سوچێکدا داینابوو بۆ ئەوەی بیباتەوە بۆ مەڕو ماڵاتەکانی خۆی. منیش ئەو فەردە ئاردەم کردبوو بەهەویر، ئەگەر حورمەتی پێشمەرگەکان نەبوایە وەستاکەم تێر شەقی دەکردم و دەری دەکردم لە کارەکەم”.