Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 106

August 18, 2020

“لەمنداڵییەوە هیوایەتم ئاسنبووە و حەزمکردووە لەناو ئاسندا بم، ئەگەر لەسەر سەمونە و برغو بخەوم وەک وابێت لەسەر فەرشی کاشان خەوتووم. بۆیە ئێستاش ئەم دوکانەم داناوە و هەموو کات لەناو ئاسندام. هیوایەتێکی تر کە هەمبێت چەکە، پێمخۆشە هەموو جۆرە چەکێکم هەبێت نەک بۆ بەکارهێنان، بەڵکو بۆجوانی. حەزیشم زۆر لە وێنەگرتنە، لەمنداڵییەوە کامێرام هەبووەو لەساڵی نەوەدەکاندا لەم شارەدا هەربۆحەزی خۆم وێنەم دەگرت و ئێستاش وێنەکانم پاراستووە. حەزەکانم دوورن لەیەکدی، بەڵام کاریشم کردووە بۆهێنانەدییان. بە منداڵی زۆرم حەز لە پاسکیل بوو، بەڵام باوکم بۆی نەکڕیم. هەربۆیە دوای ئەوەی ژنم هێنا یەکسەر پاسکیلێکم کڕی”.

“هەرلەبەر ئەوەی بەمنداڵی و بەگەورەیش خولیای زۆرشتم هەبووە و زۆریانم هێناوەتە دی و هەندێکی کەمیان ناهاتونەتە دی. بۆیە لەلام گرنگە منداڵەکانم هەر هیوایەتێکی باشیان هەبێت بتوانم بۆیان بهێنمە دی. خاوەنی سیانزە کچم! لەساڵی ڕابردوودا پەیمانگای پێنجوێن کرایەوە، کێشەی بەشی ناوخۆییان هەبوو. بۆیە من ئامادەییم پیشاندا قاتێکی ماڵەکەم ببەخشم بە پەمانگاکە، بەمەرجێک کەحکومەت ئاگاداربێت. لەدواییدا قاتێکی ماڵەکەم بوو بەبەشی ناوخۆیی و یازدە کچی تێدا دەژی، دواتر وایلێهات نەتوانم لەگەڵ کچەکانی خۆمدا جیایان بکەمەوە. بۆیە هەمووکات دەڵێم: سیانزە کچم هەیە”.