Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 109

August 22, 2020

“لە مردنێک گەڕاومەتەوە هەرگیز ناتوانم لە یادیبکەم. کاتێک لە ‌هێزی سەبازی عێراق بەرەو کوەیت بەڕێیان کردین ئێمە لە عەممارە بوین بە قافڵە بەڕێکەوتین بەرەو کوەیت، ڕێگەیەک بوو کە بەس لە ڕێگەی مەرگ ئەچوو. ئێمەیان برد بۆ بیابانێک زۆر زۆر ناخۆش بوو، ئازوقەمان زۆر کەم لابوو، کێشەی کەم ئاویشمان هەبوو. ئەبوایە ڕێگەیەکی زۆر دوور ببڕین تەنیا بۆ یەک تەنکەر ئاو. بۆ ماوەی ٩ مانگ من لەوێ مامەوە، ئیجازە ڕاگیرابوو کەس بۆی نەبوو بگەڕێتەوە. شەوێکیان لەپڕ هاتن بە من و دوو سەربازی تریان وت ئەتوانن ئیجازە وەربگرن و بگەڕێنەوە ماڵەوە. دوو سەربازەکەی تر عەرەب بوون، هەر زوو شوێنەکەیان بەجێهێشت و من بە تەنیا مامەوە، هیچ ڕێگەیەکیش شارەزا نەبووم، کەسیش لە خەمی ئەوەیا نییە تۆ چۆن ئەگەڕێیتەوە، ئەبوو خۆت بڕۆیت.”

“هەر ئەو شەوە بە پێ بەڕێکەوتم، لەو بیابانەدا چاوم هیچ شتێکی نەئەبینی تەنیا بیابانێکی وشک بوو. هەستم ئەکرد ئەوە کۆتایی ژیانی منە. نەمئەزانی بە چ ئاڕاستەیەکدا بڕۆم، تا گەیشتمە جادەیەک بۆم دەرکەوت راستەوخۆ جادەکە بەرەو ناو کوەیت ئەڕوات، تۆزێک ڕۆیشتم گوێم لە دەنگی خەڵک بوو، هیچ دیار نەبوو. بەڵام ئەوەنە شەوێکی بێدەنگ و سامناک بوو گوێت لە دەنگی هەموو جوڵەیەک ئەبوو. کە گەشتمە لایان بینیم سەیارەیەک وەستاوە و چەند کەسێکی تێدایە، سەرەتا زۆر ترسام، بەڵام بینیم یەکێکیان جلی کوردی لەبەردابوو، زۆر دڵم خۆش بوو. قسەم لەگەڵکرد بۆم دەرکەوت بۆ سۆراخی کوڕەکەی هاتبوو بەڵام بە ‌هەڵە هاتبوو، بە هۆی ئەوانەوە توانیم برۆم بۆ ناوچەیەکی ترو سەیارەیەکی تر بگرم و بگەڕێمەوە.”