Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

August 29, 2020

“بەردەوام بە جلی ڕەسەنی کوردییەوە لەسەر شێوەی قەدیم دەڕۆم بۆ میوانی و بۆ بازاڕیش. خۆ ئێمە خاریجی نین، ئێمە کوردیین و لەناو چیا دەژین، عەیبە دەستوری خۆت تێکبدەیت.جارێک بۆ کاری فەرمانگە چووم بۆ سلێمانی، لای ترشیاتفرۆشێک بووم گوێم لێبوو کوڕێک بە برادەرەکەی دەوت: حەمە شتی ئاوات بینیوە؟ ئەویش وتی: نەوەڵا. پاشان پێیوت: ئەبێ کێبێت؟ حەمەش وتی: یان شێخ مەحموودی نەمرە یان خولە پیزەیە.”

“ناوم تەهایە، بە مام تەها شیرەیی ناسراوم. میللەتێکی فەقیربووین، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە چیا ژیاوین، زۆر بەهێز و بە ئیرادەبووین. بەردەوام خزمەتی پێشمەرگەمان کردووە و خۆشم پێشمەرگە بووم، نابێت کەس لەگەڵ میللەتی خۆی ناپاک بێت. زۆر حەزم لە شتی کۆنە، دووربینێکم هەیە کاتی خۆی مام جەلال پێیداوم و ئێستاش ماومە. بەشێکی زۆر لە چەکە کۆنەکانم ماوە و پاراستوومن، فیشەکدانی ساڵی ٧٤م ماوە. کاتێک حکومەتی بەعس کیمیایی لە بالیساندا، ئێمە دەربەدەربووین و چووینە بێتواتە، حکومەت خانووەکەی تەقاندینەوە، دەیانوت ئەم زەوییە هی حکومەتە. خەڵکیان زۆر زیندەبەچاڵکرد، هەرچی خراپبوو بە کوردیانکرد.”