Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 3, 2020

“ناوم وەستا فەیسەڵە، کەم تا زۆر خەڵکی دەمناسن. لە منداڵییەوە کاری چاککردنەوەی کامێرای فۆتۆ و ڤیدیۆ دەکەم، بەهۆی بێکاری و بێ بازاڕییەوە دەستمکرد بە چاککردنەوەی مەکینەی ڕیشتاشینیش. شانسی من ئێستا خەڵکی هەمووی بۆ مۆدێل ڕیش دادەنێن و کەس کاری بە مەکینەی ڕیش تاشین نەماوە! لەبەر بێکاری و کاتی زۆر ڕۆژانە لە دوکانەکەی خۆم بابەتی باش و جوان دەکەمە ڤیدیۆ و لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاوی دەکەمەوە، زیاتر دەمەوێت دەوری توێژەری کۆمەڵایەتی ببینم. لەوەتەی لە سۆشیاڵ میدیا دەرکەوتووم، خەڵکانێکی زیاتر دەمناسن و فۆڵۆوەرسم زۆر زیاترە لە جاران و ڕۆژانە دنیایەک دەستخۆشیم بۆ دێت، بەڵام بەداخەوە خەڵکانێکی زۆر بێئەوەی لە نزیکەوە بمناسن، جنێوم پێدەدەن و قسەم بۆ هەڵەبەستن. من لە زۆربەی بابەتەکانم کە باسی کێشەیەکم کردبێت، لە کۆتاییدا وەک گلەییەک لە خەڵکەکە وتوومە بێ ئیسفادەیە. بۆیە ئێستا ئەو وشەیە بۆتە نازناوم و بەو وشەیە ناوبانگم پەیداکردووە. چەند جار لە بازاڕ گوێم لێبووە وتوویانە: ئەوەتا ئەوە وەستا بێ ئیسفادەیە.”