Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 15, 2020

“من محەمەدم، کاری فۆتۆگرافەری دەکەم لە ئامەد. لە تەمەنێکی زووەوە دەستم بەم کارە کردووە. لە ساڵی ١٩٧٠ یەکەم وێنەم گرت، ئەویش وێنەی خێزانەکەم بوو. پاشان لە ساڵی ١٩٧٤دا لە گۆڤارێکی شاری ئەنقەرەدا بڵاوبۆوە. لە ساڵی ١٩٧٦ دەستم بە کاری ڕۆژنامەوانی کرد، لەو ساڵەوە تاکو ساڵی ١٩٩٢ بەردەوام بووم لە کاری فۆتۆگرافی و ڕۆژنامەوانی و کارم لەگەڵ زۆرێک لە ڕۆژنامەو ئاژانسە تورکییەکاندا کردووە. لە دوای ساڵی ١٩٩٢، بە ناچاری وازم لە کارەکەم هێنا. دوای ئەو چەند ساڵە خۆم بە لێکۆڵینەوەی کلتوری و هونەرییەوە سەرقاڵکرد و هەندێکیان لە چەند ڕۆژنامەیەکدا بڵاوبوونەوە. ئەم ١٠ ساڵەی ڕابردووش دەستم بە کاری وێنەکێشان کردووە.”

“لە ساڵی ٢٠١٧دا فیدراسیۆنی جیهانیی هونەر بە فەرمی منی وەک فۆتۆگرافەر ناساند و لە ساڵی ٢٠١٨ش خەڵاتی هونەرییان وەک هونەرمەند پێشکەشکردم. تاکو ئێستاش لە لایەن ٢٠ ڕێکخراوی فۆتۆگرافی لە چەندین وڵاتی جیاوازەوە وەک ئەندامی فەخری هەڵبژێردراوم. وێنەی جێگە مێژووییەکان و وێنەی سروشت دەگرم و لە ئێستاشدا کار لەسەر وێنەی پۆرترەیتی هونەرمەندە کوردەکان دەکەم، تاکو ئێستا وێنەی ٢٠٠ هونەرمەندی کوردم گرتووە. لە دهۆک، سلێمانی، لە ڕانیە و هەولێر. لە باشوری کوردستان پێنج پێشانگای فۆتۆگرافیم کردۆتەوە، لە ئامێدی دوو پێشانگا و لە باتمان، ئورفە و ئەمەریکاش دوانزە پێشانگام کردۆتەوەووە.”