Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 17, 2020

“سی ساڵ بەر لە ئێستا، شەوێک خەونێکی سەیرم دی کە تاکو ئێستا ناتوانم لە یادی بکەم. لە خەونمدا گوێم لە دەنگی منداڵێکی شیرەخۆرە بوو لە دەوروبەرمدا دەگریا، لە بەردەممدا تەنها حەوت دەرگا هەبوون. دڵم ڕێی دەرگای حەوتەمی نیشاندام، دوای ئەوەی دەرگاکەم کردەوە، شێخێکی بەتەمەن لەودیوی دەرگاکە وەستابوو و منداڵێکی شیرەخۆرەی لە باوەشدا بوو و پێی وتم: ئەم منداڵە هەتیوە و دەبێت ئاگاداری بیت، ڕاستەوخۆ منداڵەکەم گرتە باوەش. بۆ ڕۆژی داهاتوو کاتێک بەخەبەر هاتم زۆر دڵخۆشبووم، ئەو خەونە هەر لە یادەوەریمدا مابۆوە. دوای چەند ساڵێک هاوسەرگیریم کرد. لەگەڵ هاوسەرەکەم ماوەی سیانزە ساڵ چاوەڕوانی منداڵێک بووین. لە کۆتاییدا دکتۆرەکان بێهیوایان کردین لە منداڵبوون. بۆیە لەگەڵ هاوسەرەکەم بڕیارماندا منداڵێک لەخۆبگرین.”

“ڕۆشتین بۆ خانەی بێسەرپەرشتان و پێمان وتن کە ئارەزووی لەخۆگرتنی منداڵێک دەکەین. کارەکان زۆری نەخایاند، دوای هەفتەیەک لەلایەن خانەکەوە پەیوەندیمان پێوەکرا و پێیان ڕاگەیاندین منداڵێکی شیرەخۆرە گەیەندراوەتە خانەی بێسەرپەرشتان و سەرجەم خێزانەکەی چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا گیانییان لەدەستداوە و هیچ کەسێک نییە سەرپەرشتی بکات. بێ هیچ دوودڵییەک بڕیارماندا لەخۆمانی بگرین و ببمە دایکی. کاتێک ڕۆشتین بۆ وەرگرتنی، تەنها منداڵێک بوو کە تەمەنی تەنها مانگ و دوو مانگ دەبوو، بەڵام لەلای من وەک گەنجینە و دیاری خودا وابوو. ئێستا تەمەنی چوار ساڵانە و گۆڕانکارییەکی زۆری لە ژیانماندا کرد و پڕیکرد لە خۆشی و شادی.”