Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 18, 2020

“وەک پەیامنێری مەیدانی کار بۆ یەکێک لە دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن دەکەم. کاتێک بەکەلۆریم تەواوکرد، لەسەر ئاستی شاری حەسەکە دووەم بووم و لەسەر ئاستی سوریاش حەوتەم بووم. نەڕۆشتمە زانکۆ، چونکە ئەو بەشەی ئارەزووم دەکرد تەنها لە شاری لازقیە هەبوو و بەهۆی باری داراییەوە نەمتوانی خۆم ناونووس بکەم. ماوەیەکی زۆر بەو خەمەوە تلامەوە، بەڵام بەهۆی پشتگیری خێزانەکەم لە پەیمانگایەکی ڕاگەیاندن خۆم ناونووس کرد و دوای چەند مانگێک بوومە پەیامنێر. لە ماوەی کارکردنمدا تووشی چەندین ڕووداوی جۆراوجۆر بووم. یەکێک لەوانە ئەوەبوو کاتێک سەرقاڵی ڕاپۆرتێک بووین دەربارەی ژنانی داعش لە کەمپی (الهول)، کە بە مەترسیدارترین کەمپ دادەندرێت لە جیهاندا، یەکێک لە ژنەکان پەلاماریدام و بە چەقۆیەک هەوڵیدا بمکوژێت، بە بیانوی ئەوەی کە پەچەم لەبەرنەکردبوو و بە کافر ناوی بردم. ئێستا بەتەنها لەگەڵ خێزانەکەمدا دەژیم و براکانم هەموویان چەند ساڵێک پێش ئێستا بەرەو وڵاتە ئەوروپییەکان کۆچیانکرد.”