Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

August 25, 2020

“لە ساڵانی شەستەکاندا ماڵمان لە بەغداد بوو، تا ساڵی ١٩٨٠ بەردەوام هاتوچۆی سلێمانیمان دەکرد. خۆم لە پێنجوێن لەدایکبووم، بەڵام تەمەنی منداڵی و گەنجیم لە بەغداد لە گەڕەکی قەنبەرعەلی بەسەربردووە. ئەو شارە ئێستاش یەکێکە لەو شارانەی کە دڵم پێیدەکرێتەوە. خۆم لە قوتابخانە دەدزییەوە، بۆیە تا پۆلی پێنجی سەرەتاییم خوێندووە. لە تەمەنێکی کەمەوە چوومەتە ناو کارگەکانی پێڵاودروستکردن، ئەوەندە حەزم لە ئەزموون پەیداکردنبوو لە ئیشەکەدا، یەکەم ڕۆژ نانم نەخوارد. دەستی خۆمم بڕیبوو، هەر بە خوێنەکەوە کارم دەکرد. ئەوەبوو لە یەکەم ڕۆژی کارکردنمدا بڕیاریاندا هەفتانەی تەواوم بدەنێ و بە ماوەیەکی کەم توانیم لە کارگەکاندا ببم بە وەستا”.

“لە پێڵاو دروستکردندا توانایەکی سەیرم هەبوو، هەر بەسەیرکردنی دەستی وەستاکان وافێردەبووم، کە ڕاستەوخۆ دوای وەستاکە هەمانشت دووبارە بکەمەوە کە سەیرمکردبوو. من ئاشقی کارەکەم ببوم، بە دڵسۆزییەکی تەواوەوە پێڵاوم دروستدەکرد. لەهەمانکاتدا لەڕووی داراییەوە پارەیەکی باشیشم چنگدەکەوت و یارمەتی ماڵی خۆمانم دەدا، چونکە باوکم نەداربوو. تەنانەت لەدوای ئەوەی لە بەغداد بوومە پێشمەرگە، من هەروازم لە کارەکەم نەهێنا. زۆرجار بە جلی سەربازییەوە دەچوومە کارگە و لەوێ جلی کارم لەبەردەکرد و کارمدەکرد. لە ساڵی ٢٠٠٧ هاتینەوە پێنجوێن و بۆئەوەی لە کارەکەم دوورنەکەومەوە ئەم دوکانی پینەچییەم داناوەتەوە.”