Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

October 12, 2020

“ماملێ دەگەڵ خەڵكدا دەژیا، شەو و ڕۆژ لە باغان و لە شاخان، لە كۆڕان و لە مەجلیسان. زۆر خۆمانە و زۆر خۆماڵی بوو، ھەتا مابوو دەگەڵ گەورە و بچووک یەکجۆر دەدوا، زۆر بە بزە و زۆر بە مەتانەت و پیاوێكی ماقوڵبوو. ئەگەر منداڵێكیش داوای گۆرانی لێكردبا بۆی دەگوت و دڵی نەدەشكاند، زۆر مرۆڤێکی سادە و مەجلیس خۆشبوو دەگەڵ گەنجان گەنج بوو و دەگەڵ پیران پیر. بنەماڵەی ماملێ ھەموویان لە سەرەتاوە تاکو ئێستا دەنگێكی پڕ جۆش و خرۆش و زوڵاڵیان ھەبووە و هەیە. ھەر ئەوەش بووە ھۆی ھاندانی ھونەرمەند ماملێ كە ھونەر بكات بە ھاوڕێی خۆیی و ببێت بە یەکێک لە شۆڕەسوارانی ھونەری كوردی. كاتی خۆی لە منداڵیدا بابی منداڵەكانی بە ڕیز دانابوو و ھەموویانی فێری گۆرانی گوتن كردبوو، ھەر بەو ھۆیەشەوە كاتێك لە ماڵێ كوڕەكان لە تەمەنی منداڵیدا گۆرانیان دەگەڵ دەگوتەوە، فێری دەكردن بە جوانی چۆنا و چۆن گۆرانی بڵێنەوە و كێشەكانی پێ دەگوتن. حەتا دەگەڵ چالاكی كوڕم چەن نەواریان پڕكردۆتەوە و ئێستاش ھەر ماون. مامۆستا یەكەم گۆرانی خۆی لەساڵی ١٩٣٨ی زایینی بە ناوی ڕۆیی بەجێی ھێشتم، بەشێوەی فەرمی تۆمار كرد.”

“زیاتر لە چل ساڵ لەگەڵ ھونەرمەند ماملێ ژیاوم. سەدان یادەوەریمان پێكەوە ھەیە و ھەموو كات شانازی بەوە دەكەم كە خێزانی ھونەرمەند ماملێ بووم. زیاتر لە چل ساڵ لەگەڵ ئەوھونەرمەندە گەورەیە وەكو ھاوبەش و ھاوژیان كاتەكانی خۆمان پێكەوە بەسەربرد. شانازی بە دانە بە دانەی ھەموو ئەو ڕۆژانە دەكەم، خۆشترین و بەختەوەرترین ساتەكانی ژیانی من پێكەوە بوون دەگەڵ ئەو ھونەرمەندە بوو. خەڵك زۆرم ڕێز لێدەگرن، بەڵام ھیچی نابێتە ئەوەی كە ئەو ئێستا لە ژیانمدا بووایە ھەموو كات ماڵمان پڕ لە میوان بوو، كە چی ئێستا ماڵم چۆل و ھۆڵە، ماڵم بێ ھەموو كەسە. جێگای بەتاڵی ھاوژینم بەھیچ پڕنابێتەوە.”