Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

October 14, 2020

“لە دیمەشقی پایتەختی سوریا دەژیاین. کاتێک جوڵانەوەی بەکۆمەڵی گەلی سوریا دەستیپێکرد، گەڕاینەوە شارەکەی خۆمان، دێریک. دوای مانگێک لە گەڕانەوەم، کاریگەربووم بە یەکەکانی پاراستنی ژنان YPJ . ئەوکاتە لە سەرەتای دامەزراندندا بوون. بڕیارمدا پەیوەندی بە کوڕێکی ماممەوە بکەم، کە ئەوکات ئەو چووبووە ناو ڕیزەکانی یەکەکانی پاراستنی گەل YPG ەوە. بۆ ئەوەی منیش بەشێک بم لە بەرگریکردن لە شارەکانی خۆمان لە بەرامبەر هێرشەکانی جەبهەی نەسرە. لە سەروبەندی شەڕەکانی کە بەشداریمان تێدا دەکرد، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٣، لەگەڵ هێزەکانی نەسڕە لە جەزعە کەوتینە شەڕێکی کاولکار و لەو کاتەدا زۆر بە خراپی برینداربووم. بەهۆی ئەوەوە دواجار قاچێکم لە دەستدا.”

“دواتر بە ناچاری بڕیارمدا قاچی دەستکرد لەپێبکەم. دوای ئەوەی ماوەیەک قاچە دەستکردەکەم بەکارهێنا، بیرم لەوە کردەوە کە خۆم فێری ئەم پیشەیە بکەم. لە ڕێگەی سەنتەری پەلی دەستکردەوە کە سەر بە مانگی سوری کوردی بوو، توانیم دەستپێبکەم و ئەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ و نیو دەبێت لێرە کاردەکەم. لە ئێستادا بوومەتە ڕاهێنەریش، زۆر هەستێکی جیاواز و خۆشە کاتێک کە پەلێکی دەستکرد بۆ کەسێک دروستدەکەم و ڕایدەهێنم چۆن ڕێبکات، یاخود چۆن هەڵسوکەوتی پێوە بکات، دەبینم هیواو ژیانێکی نوێی بۆ دەگەڕێتەوە. خۆم ڕووبەڕووی گاڵتە و توانجی زۆر بوومەوە کە قاچە دەستکردەکەم بەکاردەهێنا، بەڵام چاوپۆشیم لێکرد و بڕیارمدا خۆم بسەلمێنم. بۆ ئەوەی بمبە نموونە و هیوا بۆ ئەو ژن و کچانەی کە شەڕڤانن و لە گۆرەپانی جەنگدان.”