Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

October 15, 2020

بە ئەسڵ خەڵکی گوندێکی شاری عامودام کە بە عەلی گۆڕان ناسراوە. ناوەکەی لە ڕوداوێکەوە هاتووە کە لە سەردەمی باوباوپیرانمدا ڕوویداوە. منداڵبووم، لە تەمەنی سیانزە ساڵیمدا ڕۆژێک لەگەڵ باپیرم و کۆمەڵێک سەرسپی گوندەکەدا دانیشتبووم. بە ڕێکەوت ئەو جارە میوانێکیان لەگەڵ بوو. میوانەکە پرسیاری دەربارەی ناوی گوندەکە کرد، ئیتر بەوجۆرە منیش گوێبیستی چیرۆکەکە بووم. گوایە کاتی خۆی ژنێکی گوندەکە لەسەر منداڵبوون بووە، بەڵام پێش ئەوەی منداڵەکە لە دایک ببێت گیانی سپاردووە. ئیتر لە گۆڕستانی نزیک گوندەکە بە خاکی دەسپێرن. ئەو شەوە خەڵکی گوندەکە تێبینی شتێک دەکەن کە لە گۆڕەکەوە دێتە دەر، بێ ئەوەی بزانن چییە. ئایا ئەمە جنۆکەیە یاخود مرۆڤە؟ زۆر ترساون و تا بەیانی وازیان لێهێناوە.”

“بۆ ڕۆژی دواتر زانیویانە کە منداڵەکە بە حیکمەتی خوا لە دایکبووە و ئەوەشی لە گۆڕەکەدا جولاوە و هاتۆتە دەر، منداڵەکە بووە. بەڵام ئەو سەردەمە زانستی پزیشکی بەم جۆرەی ئێستا پێشکەوتوو نەبووە تا بزانن منداڵەکەی سکی ماوە یاخود مردووە، ڕاستەوخۆ لەگەڵ دایکیدا خستوویانەتە ژێرخاک. منداڵەکە ژیاوە و ناوی عەلی بووە. ئیتر بەو جۆرە ئەو گوندە لەسەر ناوی ئەو منداڵە ناو نراوە و گۆڕانیش بە مەبەستی گۆڕەکە دێت. لەو کاتەوە ئەم چیرۆکە لە بیرمدا ماوەتەوە، بەڵام ئێستاش نازانم، ئایا ڕاستییە یاخود تەنها خورافە و ئەفسانەیە؟ بەڵام ئیتر بووە بە شتێکی دەماودەم و تا ئێستا باسدەکرێت.”