Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

October 18, 2020

“هاوڕێیەکی زۆر نزیکم هەبوو بە یەکەوە لە ساڵۆنێک کارمان دەکرد، وەک خوشکم وابوو تەنها لە کاتی خەودا جیادەبووینەوە. دوو ساڵ و نیو لەمەوبەر، گروپێکی نەناسراو هێرشیان کردە سەر ماڵیان، باوکی کرابووە ئامانج لەبەر ئەوەی پۆستێکی سیاسی هەبوو، بەڵام باوکی لە ماڵ نەبوو، بۆیە کچەکانی بوونە قوربانی. ڕۆژی دواتر هەواڵی مەرگیم پێگەیشت، بڕوام نەدەکرد، بەپەلە چووم بۆ ماڵیان بۆ دڵنیابوونەوە، کە بینیم خێمەیەک لەبەردەم ماڵیان دانراوە و ڕەسمی خۆی و خوشکەکەی هەڵواسراوە بە دەرگاکەوە توشی شۆک بووم، داوام لێکردن کە بیبینم پێش ناشتنی، بردیانم بۆ سەر جەنازەکەی، تابوتەکەم کردەوە و دەموچاویم بینی سپی بووە و نوری لێ دەبێتەوە. دڵم شکا و زۆر گریام، توشی شۆک بووم و ژیانم بە تەواوی گۆڕا. دوای ئەم ڕوداوە، زۆر بێتاقەت بووم، لە ژوورەکەم نەدەچوومە دەرەوە و لەگەڵ کەس دانەدەنیشتم، و لە تاریکیدا دەمامەوە. دوو ساڵ و نیو لە تەنیایدا مامەوە، هەتا ڕۆژێک هەندێک هاوڕێی تازەم ناسی کە لە پشتم وەستان و یارمەتیاندام ئەو شۆکە تێپەڕێنم، بڕوایان پێ هێنام کە ژیان شایەنی ئەوەیە بۆی بژیت و لە شوێنێکدا ناوەستێت.”