Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

October 18, 2020

“من نووسەر، ڕۆژنامەنووس و ماف پەروەرم، لە ئامەد دەژیم. لە نێوان ساڵانی 1997 – 2007 بەشدار بووم لە پڕۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خێزانە نەبووەکان (هەژارەکان) و بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵیان بووم. لەسەر نووسینی ناو کتێبەکانم چەندین جار سکاڵام لەسەر تۆمار کراوە. لە تورکیا کورد بوون، ڕۆژنامەنووسی و ژن بوون زۆر زەحمەتە. بەشداریم لە چەندین خەباتی ژناندا کردووە. ساڵی 2014 کارم بۆ یەزیدییەکان کردووە کە لە شەڕی داعش هەڵاتوون و هاتوون بۆ تورکیا. و بەشێک بووم لە بونیادنانی کەمپ بۆیان. خەڵاتی زۆرم وەرگرتووە بۆ کارەکانم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لەوانە لە ئیتاڵیا خەڵاتی “ڕۆژنامەنووسی ئافرەتی بەتوانا”، لە 2018 خەڵاتی جیهانی بۆ “پاراستنی ئەو مرۆڤانەی لە خەتەردان”. تێکۆشانی ئافرەتان وەک ڕووبار وایە، ئافرەتان چەندین سەدەیە تێدەکۆشن و تا ئەم ڕۆژەش هاتووە. ئێستاش تێدەکۆشین و لە داهاتووشدا تێدەکۆشین. تەنانەت ئەگەر دۆخەکەش خراپ بێت هێشتا هیوا هەیە، کاتێک سەیری ئافرەتان دەکەم ئەو هیوایە دەبینم. هێزێکی تێکۆشانی بەهێز هەیە لەناو ئافرەتانی کورددا.”