Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

October 19, 2020

“دوو برام هەبوو لە گروپی سەمادا بوون، بەڵام دواتر چوونە ڕیزەکانی (یەکینەکانی پاراستنی گەل)، منیش لەوانە فێری سەما بووم. ماوەی سێ ساڵ لە گروپی سەمای منداڵان بووم، دواتر چوومە گروپی سەما بۆ گەنجان و دواتریش بووم بە مامۆستای گروپی سەماکە، سەرەڕای کەمی تەمەنم تەلەبەم زۆر فێرکردووە. بەدەر لە سەماکردن، خۆم فێری ئامێری ئۆبوا کردووە لەبەر ئەوەی ئۆبوا لێرە کەمە، بەڵام لە شاری عەفرین زۆر بەکاری دەهێنن، زۆر گرنگە لایان، بە عادات و تەقالیدی کوردی دادەنێن. تەمەنم 16 ساڵان بوو کاتێک ئۆبوام کڕی، هەنگاو بە هەنگاو هەوڵم لەگەڵ دەدا بۆ ئەوەی فێربم، تەنها دوو دەرسم وەرگرتووە لەسەر ئۆبوا، بەدەر لەوە هەمووی بە هەوڵی خۆم فێربووم. هەمووان خۆیان فێری گیتار و کەمانچە دەکەن، بەڵام من بەلامەوە گرنگتر بوو خۆم فێری ئۆبوا بکەم. بەهۆی شارەزایم لە سەما و ئۆبوا، لە کاتی بەجێهێنانی ئەرکی سەربازیم هونەرمەند “فەرهاد مردی” بانگێشتی کردم بۆ گروپەکەی، و منیش ڕازی بووم.”