Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

October 20, 2020

“دوای ئەوەی خوێندنی دیبلۆمم تەواو کرد بووم بە مامۆستا لە مەهاباد، بەڵام دواتر بۆ ماوەی 3 ساڵ زیندانی کرام، لە ماوەی ئەو 3 ساڵەدا زۆر شتی ناخۆش لە ژیانمدا ڕوویدا، برایەکی لە خۆم گەورەترم هەبوو کە ئیلهامی گۆرانی وتنم لەوەوە وەرگرتبوو، بەداخەوە لەو کاتەدا ئەو برایەم لەگەڵ باوکم کۆچی دواییان کرد، کاتێک لە زیندان بەربووم گەڕامەوە سەر ماڵێکی چۆڵ. براکەم دەنگی زۆر خۆش بوو، بەڵام لە بنەماڵەی ئێمەدا کەس گۆرانی نەوتبوو، تەنانەت باوکیشم دەیزانی کە منیش دەنگم خۆشە کە لەگەڵ ڕەفیقەکانم دەچوومە دەرێ هەموو جارێک پێی دەوتم نابێ گۆرانی بڵێم. چونکە بەداخەوە لە وڵاتی ئێمەدا بە هەڵە لەگۆرانی وتن تێگەیشتبوون .دواتر کە ڕادیۆمان کڕی گوێم لە دەنگی مامۆستا تاهیر تۆفیق بوو و ئیلهامم لە دەنگی وەرگرت، لەگەڵ شێعری مامۆستای پایە بەرز محەمەد ساڵح دیلان. بێجگە لە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان کە خوێندومە، زۆربەی گۆرانییەکانی دیکەم لە میلۆدی بادینانی وەرگرتووە و شیعری سۆرانیم لەسەر داناون کە نزیکەی 400 گۆرانی دەبن کە زۆربەیان تۆمار نەکراون. زۆر کەس داوایان لێکردووم کە فێرکاری گۆرانی وتن دانێم، بەڵام من باوەڕم بە فێرکاری نییە.”