Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

November 1, 2020

“لەبەر ئەوەی دۆڵێک هەبوو لە ناوەڕاستی گوندەکەمان نەمدەتوانی بچم بۆ خوێندنگە، چونکە لە زستاناندا باران و لافاوا دۆڵەکەیان پڕدەکردەوە. لەبەر ئەوە دایک و باوکم نەیان دەناردم بۆ خوێندنگە لەترسی ئەوەی شتێکم لێ بەسەر بێت، چونکە ئەو کاتە تاقانە بووم. تەمەنم 12 ساڵان بوو باوکم بڕیاریدا چەند مەڕێکم بۆ بکڕێت بۆ ئەوەی چاودێری و خزمەتیان بکەم. کە بووم بە 20 ساڵ چووم بۆ خزمەتی سەربازی، کاتێک جەنگی 1973 ڕوویدا هێشتا سەرباز بووم. ئێمە نزیکی 100م لە خاکی ئیسرائل دوور بووین، بەرەبەیان چووینە خاکی ئیسرائل، پێش بانگی بەیانی دەستمان کرد بەنان خواردن چونکە بەڕۆژوو دەبووین، لەو کاتەدا تەقەیەکی زۆر کرا بەسەرماندا بەڵام توانیمان سەرکەوتوو بین. دوای ماوەیک نان و ئاومان لێبڕا و فەرمانمان پێکرا سواری سەیارەکانمان بین و بچینە ناوچەیەکی تر، لەو کاتەدا فڕۆکەکانی ئیسرایل بۆمببارانیان کردین، تەنها 20 سەرباز دەربازبووین. دوای ئەو هەموو کارەساتە گەڕامەوە و دەستم کردەوە بە شوانی چەند مەڕێک بۆ ئەوەی هەم بەردەوام بم لە ڕۆیشتن و تەندروستیم باش بێت.”