Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

November 7, 2020

“تەمەنم دوانزە ساڵان بوو کە دەستمکرد بە تایکواندۆ، کاتێک دەمبینی سێ کوڕی پورم دەڕۆیشتن بۆ تایکواندۆ بە جلی سپییەوەوە و قایشیان بەستبوو منیش حەزم لێکرد. لە سەرەتادا خەڵکی زۆر دژی بڕیارەکەم بوون و قبوڵیان نەدەکرد، دەیان وت ئەمە وەرزشی پیاوانە و بۆ کچان ناگونجێت، کچ دەبێت خەریکی خوێندنەکەی بێت، بەڵام خێزانەکەم ڕازی بوون لەگەڵ بڕیارەکەم بە تایبەتی خاڵم بەڵام بە شەرتێک کار نەکاتە سەر خوێندنەکەم. ناوی خۆم لە خوێندنگەیەکی تایکواندۆ تۆمارکرد و دەستمکرد بە ڕاهێنان، لەوێ لە هەموو کچەکان باڵام بەرزتر بوو، بەهێزیش بووم هەتا پێیان دەوتم ک پیاوە ئاسنینەکە. سەرەتاییەکانی تایکواندۆ فێربووم و بەردەوام بووم لە ڕاهێنان تا گەیشتمە ئاستی پێشکەوتوو. خەڵاتی زۆرم بەدەستهێنا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی كۆرۆناوە ڕاهێنانەکان ڕاگیران بۆیە لە ماڵەوە ڕاهێنانم دەکرد. بەدەستهێنان ئەو هەموو خەڵاتە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی جێگەی دڵخۆشین و دڵنیام کاریگەری دەبێت لەسەر کچانی شارەکەم بۆ ئەوەی بەشداری یارییە وەرزشییەکان بکەن. لە ئێستادا خوێندکاری کۆلێژی یاسام و لەهەمان کاتیشدا بووم بە ڕاهێنەر و ناوبژیوانێکی نێودەوڵەتی.”