Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

November 26, 2020

“ڕۆژێک لەناو دڵەڕاوکێی بنەماڵە و گریانی خۆشەویستێك لەتەك هەشت کەسی تر بۆ سەربازی ڕوومان لە شاری “گونبەدی کاووس” کرد. بەیادی یار و شار و ماچی یار شەوم دەکردە ڕۆژ. ئەو ڕۆژە نگریسە ماندوو و مردوو هاتینەوە بۆ حەسانەوە کە تلەویزیون باسی بۆردومانی شاری سەردەشتی لە لایەن تەیارەکانی بەغدای دەکرد. ئێمەی غەریب نەماندەزانی چ بکەین. دوای دوو رۆژ بە پاڕانەوە ئیزنمان وەرگرت و بەهەڵەداوان بۆ لای سەردەشت ڕێکەوتین. دوای شەو و ڕۆژێك گەیشتینە سەردەشت، کاتێك گەیشتینە شار، شار ئەو شارە سەوزە نەبوو کە جێمان هێشتبوو. بێدەنگێکی سامناك شار و دار و ئاسمانی وڵاتەکەمی داگرتبوو، شارێكی تەماوی و تۆزاوی. بابم زۆری پێناخۆش بوو کە هاتوومەوە. بەڵام ئەو نەیدەزانی من یارم لەناو شاری ترس و دووکەڵ و مەیت و پەتووی خوێناوی جێهێشتووە. ئەو نازدارەی هەموو شەو لەدەم پەنجەرەی نۆهۆمی دوو، ماچە شێعرمان دەگۆڕیوە. منی غەریب لە شاری خۆم، دڵ و هۆشم لای ئەو بوو، هەر شەهید و بریندارێکم دەدیت بە هەڵەداوان ناسەم دەکرد کە نەکا ئەو بێ.”

“دوای پێنج رۆژ باروبنەم تێکناو پشت لە گۆڕستانی ئاوەدان و ڕووم لە سەوزایی شاری گونبەدی کاووس کرد. ئێستا کە ئەو دێڕانە دەنووسم دوای ۳۳ ساڵ بە زەحمەت فرمێسکەکانم زەوت دەکەم، بەڵام هەنیسك بەربینگی پێگرتووم. بیروەوری تاڵەكان وەك هێڵی نووسراوەکەم لە زەینم دا دێن و دەڕۆن. دوای دوو مانگ کە گەڕامەوە، ئەو لە من بەوەفاتر بوو. دیسان پەنجەرەی نهۆمی دوو، جلکی کوردی و عەتری ناسراو، بەڵام ئاخ کۆخە و کەپسولی ئۆکسیژێن و نەخۆشی هەوێنی گریانی من و ئەو بوو. چوار ساڵ بەردەوام پەنجەرە، کەپسولی ئۆکسیژێن، کۆخە و نەرمە چاو. شەوێك کە خەڵك و خوا شاهیدی ڕووخانی کۆشکی هیوای خۆم و ئەو بووم. بۆ سبەی لەسەر شانی من و هاوشارییانی ئەسپاردەی خاک کرا. 33 ساڵ لە ژوانی ماچ و خاک تێدەپەڕێ و هەنووكە من بە دەردی بێ ئەوی دەتوێمەوە.”