Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

December 4, 2020

“دوو مامۆستای قوتابخانه‌م ھەبوو كە یه‌کجار ئاوه‌ڵا و باسه‌واد بوون، یێكیان ئیزنی پێ ده‌دای هه‌ر چی دڵت ده‌یهه‌وێ بینووسی و بیخوێنێوه. له‌وی گرینگتر مامۆستاكەی ترم بوو که کوردی لێ فێر بووم. ڕۆژێک گوتی کوڕینه هه‌ر که‌س بۆ حه‌وتوویی داهاتوو ده‌بێ دوو مه‌ته‌ڵی کوردیم بۆ بێنێ. من هه‌ر ته‌قه‌م له سه‌ری ده‌هات. داوام له کاکه‌ی بابم کرد و ئه‌ویش دوو مه‌ته‌ڵی پێ گوتم و نووسیمه‌وه و بۆ حه‌وتووی داهاتوو هه‌رتکم بۆ مامۆستا خوێنده‌وه، ده‌فته‌رچێکی بچووکی له گیرفانی ده‌رهێنا و لەسەری نووسێوه. ده‌ستێکی به سه‌رمدا هێنا، ته‌زوویه‌کم که‌وته ناو دڵی هه‌ر مه‌پرسه. له خۆشیان نه‌مده‌زانی چی بکه‌م. گووتی ئافه‌رین به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵانه‌شت هه‌بووه و چاکیان که. سپاسم کرد و ورده ورده بۆ خۆم و بۆ دڵی خۆمم نووسی. هه‌تا چوومه زانکۆ. لێره‌ڕا ده‌چوومه که‌ره‌ج، ده‌سته گوڵێکم ده‌کڕی و دەچوومە خزمه‌تی مامۆستا هه‌ژار، هه‌موو جارێ نوسراوێكم ده‌دا خزمه‌تی و ئه‌ویش ده‌یخوێنده‌وه و زۆر زۆر ڕووشکێنانه ده‌یفه‌رموو: ئه‌و قۆڕیاته چن نووسیوته؟ بڕۆ کوڕم بخوێنه‌وه، بڕۆ. ئه‌م ده‌نگ دانانه بۆ من ببوو به هانده‌رێک که هه‌موو جارێ باشتر بم له جاری پیشوو.”

“ئاخرجار که به خزمه‌تی گه‌یشتم شێعرێکم برده خزمه‌تی. یادی به‌خێر مامۆستا شەپۆلیش له‌وێ بوو، فه‌رمووی چیت هێناوه؟ بیخوێنه‌وه، شێعرێکی فارسیم نووسیبوو به ناوی منت بلورین ساغرت. ده‌ستم پێکرد، مامۆستا شه‌پۆل گوتی، حه‌ک ڕوحت خۆم، ئافه‌رین! چاوێکیان لێک کرد و منیش چاوه‌کانم پڕ بوون له ئاو. ئێستا پتر له بیست ساڵه کاری نووسین و وه‌رگێڕان ده‌که‌م. له بواری مێژوو و هه‌روه‌ها گه‌لێ به وردی کاری حقووقی نێوده‌وڵه‌تیم کردووه. له گۆڤاره‌کانی مێدیا، کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رده‌م له باشوور و هه‌روه‌ها له گۆڤاری مه‌هاباد و وه‌رزنامه‌ی که‌شکوڵ به نازناوی زه‌رده‌شت موکریانی گه‌لێ بابه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، حقووقی و مێژوییم نوسیووه و هاوکاریم کردوون. ئێستاکه‌ش گۆڤاری “زانکۆ”م هه‌یه و مانگانه له مه‌هاباد ده‌ری ده‌که‌م.”