Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

December 9, 2020

“ساڵی 2012 کۆلێژی ڕاگەیاندنم تەواو کرد و بڕیارمدا هەر لەو بوارەدا کار بکەم. یەکێک لەو شتە سەیرانەی بەسەرمدا هاتووە، ساڵی 2018 کاتێک چووم بۆ مەنبەج بۆ ئەوەی هەواڵەکان بگوازمەوە و تەسویری هێزەکان بکەین لەسەر سنوور، چوار هاوڕێم لەگەڵم هاتن و من دەلیلەکەیان بووم. چووینە بەرەکانی پێشەوە کە هێڵی جیاکەرەوە بوو لە نێوان جەیشی ئازاد و هێزی QSD. بەرەو گوندێک ڕۆیشتین کە لەژێر دەستی جەیشی ئازاددا بوو، خاڵێکی پشکنین هەبوو پێش گوندەکە، وەستاین و من دابەزیم بۆ ئەوەی پرسیاری ناونیشانی ڕێگەکەیان لێبکەم. زۆر ئەترسام چونکە یەکێک لە هاوڕێکانم جلی سەربازی QSD لەبەردا بوو، ئەگەر پێیان بزانیایە دەستگیریان دەکردین. پێم وتن ئێمە کەسی مەدەنین و ڕێگاکەمان لێ ون بووە، چوون سەیارەکە تەفتیش بکەن، کاتێک هاوڕێکەمیان بینی ڕووی چەکەکانیان تێکردن و دایانبەزاندن و دەستگیریان کردن.”

“دڵنیا بووم لەوەی هیچ ڕێگایەک نیە بۆ دەرباز بوون لە دیلی ئەگەر یەکێک خێزانەکانمان ئاگادار نەکاتەوە. هێزم یایە بەرخۆم و ڕامکرد بەرەو ناو دارەکان کاتێک سەرقاڵی هاوڕێکانم بوون، کە پێیان زانیم دەستیان کرد بە تەقە کردن لێم بەڵام نەوەستام، گەیشتمە ڕووبارێک و پەڕیمەوە، گەیشتمە ناوچەی ژێر دەستی هێزەکانی QSD و خۆم ڕادەستی ئەوان کرد و ئیتر پارێزراو بووم، بەڵام هەستم بە تاوان دەکرد بۆ هەموو ئەو شتانەی روویداوە چونکە من بەرپرسیار بووم لە هاوڕێکانم، زۆر شتی خراپ دەهات بە مێشکمدا کە لەوانەیە بەسەریاندا بێنن، و ئەگەر شتێکیشیان لێبێت ناتوانم لە خۆم خۆش ببم. دوای 8 مانگ و نیو، هەر دوو هێزەکە ڕیککەوتن لەسەر دیل بە دیل، زۆر دڵمخۆش بوو چونکە هاوڕێکانیشم لەنێو ئەو دیلانەدا بوون و گەڕانەوە ماڵەکانیان بە سەلامەتی.”