Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

December 14, 2020

“جارێکیان چووم بۆ ماڵی باپیرم بۆ گوندەکەمان و بینیم لەگەڵ یەکێك دانیشتووە، ناوی جەنگۆ بوو، لەگەڵیان دانیشتم و ئەوان بە زمانێک قسەیان دەکرد کە من لێیتێنەدەگەیشتم، پرسیارم لە باپیرم کرد ئەوە چ زمانێکە؟ وتی زمانی چۆلەکە (جۆرە زمانێکی زۆر دێرینە). داوامکرد فێرمبکات و ڕۆژانە سەردانی باپیرمم دەکرد، بنەڕەتەکان و یاساکانی ئەم زمانەی فێرکردم، وردە وردە فێری زمانەکە بووم. هەندێک مەڕمان هەبوو من شوانیم دەکردن، هەموو ڕۆژێک جەنگۆم دەبینی و بەو زمانە قسەم لەگەڵ دەکرد. باپیرم چوو بۆ ماڵی مامم بژی و جەنگۆش چووە ناوشار، هیچ کەسێک نەما بە زمانی چۆلەکە قسەی لەگەڵ بکەم. دواتر بەدوای کاردا دەگەڕام و یەکێکم ناسی کە گەنجێکی دەویست یارمەتیبدات لە کشتوکاڵکردندا.”

“ڕۆژەکانمان بەکار دەبردەسەر و نەدەگەڕاینەوە ماڵەوە، هەرچەند نزیکەی 45 ساڵ لەمن گەورەتر بوو، بەڵام بیرکردنەوەمان وەک یەکبوو و زۆرم خۆشدەویست، کتێبی کوردی دەخوێندەوە و بۆی رووندەکردمەوە و فێریدەکردم. بۆم دەرکەوت ئەویش زمانی چۆلەکە دەزانێت، لێم پرسی لە کوێوە فێربووە، پێی گوتم کە ساڵانێکی زۆر لەمەوپێش باپیرم فێریکردووە. ماڵمان چوو بۆ شار و لەوێ کەسم نەدەناسی ئەو نەبێت، خەڵکی بیروڕای ئێمەی پێقبوڵ نەدەکرا، بۆیە کاتێک یەکێک لەگەڵمان دادەنیشت و ڕەخنەی لێدەگرتین، بەزمانی چۆلەکە قسەمان دەکرد بۆ ئەوەی لێمان تێنەگەن. دوو ساڵ لەمەوپێش ئەو کۆچی دوایی کرد، زۆر دڵتەنگی کردم و دڵنیام هەرگیز کەسێکی وەک ئەو نادۆزمەوە. ئێستا کەس نەماوە بەو زمانە قسەی لەگەڵ بکەم، بەڵام کاتێک هاوسەرگیرم کرد منداڵەکانم فێردەکەم.”