Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

December 24, 2020

“لە حەفتاکاندا لە گوندێکی نزیک شاری عامودا لەدایکبووم، هەر لەوێ گەورە بووم تاوەکو چوومە خوێندنی سەرەتایی و گەیشتمە قۆناغی سێیەم، لە خوێندنگەکەمان هیچ کچێکی تێدا نەبوو جگە لە من و کچی خاڵم، چونکە پێیان وابوو خوێندن تەنها بۆ کوڕە، عەیب بوو بۆ کچان بخوێنن بەهۆی عادات و تەقالیدی گوندەکەمان لەو کاتەدا، زۆربەی خێزانەکان کچەکانیان نەدەنارد بۆ خوێندن. بۆیە باوکم بڕیاریدا بچین لە حەسەکە بژین، بۆ ئەوەی ئێمە دوور لەو عادات و تەقالیدە خوێندنەکەمان تەواو بکەین. کاتێک لە حەسەکە بووین بەهۆی ئەوەی زمانی عەرەبیم باش نەبوو، تۆزێک قورسبوو بۆ من گفتوگۆ لەگەڵ دەوروبەرەکەم بکەم، چونکە من لە گوند بووم و زۆر بەکەمی بە عەرەبی قسەدەکرێت لەوێ. ئەمە بووە هۆی ئەوەی زیاتر هەوڵبدەم لە خوێندن، زۆر هەوڵمدا و خۆم ماندوو دەکرد و لە یەکەمەکانی خوێندنگە بووم، کە گەیشتمە قۆناغی ئامادەیی خۆشەویستی نووسین و کورتە چیرۆک دروستبوو لام، بەڵام دەمشاردەوە و بە کەسم نەدەوت بێجگە لە باوکم، چونکە ئەوەندە باش نەبووم تیایدا. کاتێک نزیکی تاقیکردنەوەکان دەبووەوە سەردانی گوندەکەم دەکرد بۆ سەعیکردن چونکە بێدەنگ بوو و ژینگەکەی گونجاو بوو بۆ سەعیکردن”.

“لەو ماوەیەدا هەر جارێک دەچوومە دەرەوە بۆ سەعیکردن لەسەر ڕێگای گوندەکە ئافرەتێکی بەتەمەن دەهات بۆلام کە هەر خەڵکی گوندەکە بوو، پێیدەگوتم کە بەردەوام بم لە سەعیکردن و باسی کێشەکانی خۆی بۆ دەکردم کە چۆن هاوسەر و خێزانی هاوسەرەکەی فشاری دەخەنە سەر بەهۆی ئەوەی منداڵی نەدەبوو و چەندین هۆکاری دیکە. بەم شێوەیە بووین بە هاوڕێ، بەڵام دوای ماوەیەک پێیان ڕاگەیاندم بەهۆی ئەو هەموو کێشەیەوە خۆی کوشتووە. زۆر کاریگەر بووم بەم ڕووداوە و هۆکارێکی بەهێز بوو بۆ ئەوەی خۆم دەربخەم و بڵێم منیش هەم. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی چیرۆکێک لەسەر ئەو ئافرەتە و ئەو نەهامەتییانەی پێیدا تێپەڕیووە بنووسم، بەڵام بڵاومنەکردەوە. خوێندنی ئامادەییم تەواوکرد و نمرەیەکی باشم هێنا کە لە زانکۆ وەردەگیرام و دەمتوانی سەفەر بکەم بۆ پایتەخت، بەڵام نەچووم چونکە باپیرم ڕازی نەبوو بەوەی کچێک بەتەنیا سەفەر بکات بۆ ناوچەیەکی دوور، منیش کەسێکی سەرکێش نەبووم و قبوڵمکرد. چوومە بەشی ئامادەکاری مامۆستا لە پەیمانگایەک لە حەسەکە، تەواومکرد و لە یەکەمەکان بووم.”

“لە خوێندنگەیەکی نزیک ماڵی خۆمان دامەزرام، هاوپۆلەکانم لەو کاتەدا ئیرەییان پێدەبردم، بەڵام من بەدڵم نەبوو دەمویست لە گوندێکی دوور کار بکەم، بۆ ئەوەی ناوچەی زیاتر ببینم، خەڵکی زیاتر بناسم و پەرە بە نووسینەکانم بدەم. بە نهێنی بەردەوامبووم لە نووسینی خەیاڵ و چیرۆکەکانم بەڵام دەمشاردەوە لە کۆمەڵگە لە ترسی ئەوەی قبوڵی نەکەن ئافرەتێک نووسەر بێت. دواتر هاوسەرگیرم کرد، و هاوسەرەکەم ڕازیبوو بەوەی کە بنووسم. زۆر پشتگیری دەکردم و هەمیشە هانی دەدام کە لە ڕۆژنامەکاندا نووسینەکانم بڵاوبکەمەوە، هاوسەرەکەم دووەم کەس بوو کە پشتگیری لێدەکردم دوای باوکم، لەو کاتە خەیاڵەکانم دەنووسی بڵاومدەکردەوە. لە ڕابردوودا نووسینەکانم زیاتر خەیاڵی بوون، بەڵام بۆم دەرکەوت کە لە نووسینی شتە واقعییەکاندا باشم بۆیە دەستمکرد بە نووسین لەسەر قامیشلۆ، حەسەکە، بارودۆخی ژیان، ئەو جەنگەی لە ئارادا بوو، کۆچبەر، کێشەکانی ئافرەت و خەڵکی هەژار، سێ کۆمەڵەی شیعری و کۆمەڵە چیرۆکێکم بڵاوکردەوە لەسەری و ڕۆمانێکیش کە تاوەکو ئێستا بەردەوامم لە نووسینی. دەمەوێت بە هەموو کچێک بڵێم، ئەوە بکەن کە حەزتان لێیە و مەترسن لە دەرخستنی تواناکانتان و ئامانجەکانتان، زەمەنی ئێستا زۆر باشترە لە زەمەنی ئێمە.”