Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

December 27, 2020

“ساڵی 2014 خوێندکاری زانکۆ بووم لە قۆناغی دووەم، خێزانەکەم سەفەریان کرد بۆ ئەڵمانیا بەهۆی دۆخی ئابووری و ئەو جەنگەی لە وڵاتەکەدا هەبوو، بەڵام من لێرە مامەوە و نەمدەویست سەفەر بکەم تاوەکو زانکۆ تەواو دەکەم، باوکیشم بڕیاریدا لەگەڵ مندا بمێنێتەوە تاوەکو تەخەروج دەکەم و بەیەکەوە بڕۆین. زانکۆم تەواوکرد و قەدەر وابوو کوڕێک لە حەسەکەوە هاتە داوام و منیش هاوسەرگیریم لەگەڵ کرد، دوای ئەوە بیرۆکەی سەفەرکردنم بۆ دەرەوەی وڵات هەڵوەشایەوە، بۆیە باوکم بڕیاریدا بچێت بۆلای خێزانەکەمان و خۆی ئامادەکرد بڕوات بۆ هەولێر بۆ تەواوکردنی معامەلاتەکانی. تاوەکو سەر سنوور لەگەڵی ڕۆیشتم و ماڵئاواییم لێکرد، چونکە دڵنیا بووم تا چەند ساڵێکیتر نایبینمەوە. باوکم ماوەیەکی زۆر لە هەولێر مایەوە و معامەلاتەکەی دواکەوت و داواکارییەکەشی قبوڵ نەکرا، بۆیە بڕیاریدا بە ڕێگەی قاچاخ بڕوات. پەیوەندی پێوەکردم و پێی وتم ئەمشەو لە سنووری عێراق-تورکیا دەپەڕێتەوە لەگەڵ گروپێکی هەشت کەسی، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون چونکە ناوچەکە زۆر شاخاوی و بەرز بوو. دواتر پێی وتم کە دەگەڕێتەوە سوریا و سەفەر ناکات بە قاچاخ”.

“ڕۆژی دواتر قسەم لەگەڵ کرد و چاوەڕێم دەکرد پێم بڵێت کەی دەگاتەوە سوریا بەڵام پێی وتم ڕێگەیەکی ئاسانی دۆزیوەتەوە و عەسر دەگات، وتی دەریایەکی بچووکە لەوە دەپەڕینەوە و دەگەین. بوو بە عەسر و چاوەڕێ بووم پەیوەندیم پێوەبکات و بڵێت گەیشتووم بە سەلامەتی، بەڵام هەموو ڕۆژەکە تێپەڕی و پەیوەندی نەکرد، چەند ڕۆژێکی تریش تێپەڕی و هیچ هەواڵێکی نەبوو، نە من نە خێزانەکەم نەماندەزانی چیبووە. زۆر ترساین کە باوکم گیرابێت کاتێک لە سنوور پەڕیونەتەوە، لە هەموو شوێنێک بەدوایدا گەڕاین. هەموو خاڵەکانی پشکنین و سنوورەکانمان ئاگادار کردەوە، تەنانەت نەخۆشخانەکانی عێراق و تورکیاش بەڵام سوودی نەبوو. شەش مانگ تێپەڕبوو و باوکم هێشتا دیارنییە و هیچ کەس هەواڵی نازانێت، تا ئەو کاتەی پورم هات پێی وتم کە باوکم لە دەریاکەدا خنکاوە و تەنیا یەک کەس لە گروپەکە ڕزگاریبووە، بەڵام من بڕوام نەکرد و هەوڵمدا بگەم بەو کەسە، پێیگەیشتم و قسەم لەگەڵ کرد، وتی قاچاخچییەکان هەڵیان خەڵەتاندوون و دەریاکە زۆر گەورە و قوڵ بووە بە پێچەوانەی ئەوەی ئەوان پێیان وتوون”.

“کاتێک چوونەتە دەریاکە شەپۆل لێیداون و هیچ کەس لە گروپەکە مەلەی نەدەزانی بێجگە لە ئەم، تاکە کەس بوو کە توانیوێتی بگاتەوە کەناری دەریاکە و بینیوێتی کە هەموو گروپەکە هاواریان کردووە و دەخنکێن لە ئاوەکەدا، ئەمیش لەهۆش خۆی چووە و نازانێت دواتر چی ڕوویداوە.بەدرێژایی ئەم ماوەیە لاشەکانیان لە دەریاکەدا مابووەوە و ماسی جەستیانی خواردبوو، دوای شەش مانگ شوێنەکەیان زانرا و لاشەکانیان دەرهێنا. لە ڕێگەی ئەو وەرەقانەی کە پێیان بوو، دڵنیابوونەوە ئەمە ئەو گروپە هەشت کەسییەیە. دوای دڵنیابوونەوە خێمەیەکمان بۆ هەڵدا لە قامیشلۆ، چاوەڕێی وەرگرتنەوەی لاشەکەی بووین، کاتێک کە لاشەکەی گەیشت دەستمکرد بە گریان و باوەشم پیاکرد، سەیری دەموچاویم کرد بۆ دواین جار. بەهۆی ئەو جەنگ و بارودۆخەی تێیکەوتووین باوکمم لەدەستدا ، ئەگەر وانەبووایە ناچار نەدەبووین ئەم سەرکێشییانە بکەین”.