Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

January 13, 2021

“تەمەنم شەش ساڵان بوو، باوکم ناردمی بۆ مەکتەبێکی تایبەت لەبەرئەوەی گرنگی زیاتر دەدەن بە خوێندکار، زۆربەیان مەسیح، عەرەب، منداڵی دەوڵەمەندەکان بوون. بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە کوردبووین، ڕەگەزپەرستبوون و پشتگوێیان دەخستین، تاوەکو قۆناغی شەشم لەوێ خوێند. بەردەوامیم پێنەدا و چوومە مەکتەبی حکومی و چەند هاوڕێیەکم دروستکرد و زۆر خۆشتر دەژیام بەراورد بە قۆناغی سەرەتایی. بەردەوامیم بە خوێندندا و گەیشتمە تاقیکردنەوەی بەکەلۆری و دەمویست لە دەرمانسازی وەرگیرێم. نمرەیەکی باشم هێنا بەڵام کۆلێژی دەرمانسازی لە دیمەشق بوو، لەو کاتەدا سەرەتای جەنگ بوو لە سوریا، نەمدەویست بڕۆم بۆیە بە ناچاری یەکێک لەو زانکۆیانەم هەڵبژارد کە لە حەسەکە بوو. چوومە بەشی ئابووری پێموابوو داهاتوویەکی باشی دەبێت. کاتێک چوومە زانکۆ هەموو شتێک جیاواز بوو لەوەی بیرملێدەکردەوە، هەوڵدان هیچ مانایەکی نەبوو، مامەڵەی دکتۆرەکان لەگەڵ خوێندکارەکان گونجاو نەبوو و گەندەڵی زۆر هەبوو. دوای دوو ساڵ لە خوێندنی زانکۆ وازمهێنا”.

“دواتر کردنەوەی زانکۆی ڕۆژئاڤا لە رمیلان ڕاگەیەندرا کە یەکەم زانکۆی کوردییە لە سوریا. بڕیارمدا لەوێ هەندەسەی پیترۆڵ بخوێنم، تۆزێک قورس بوو چونکە زانکۆکە لە سەرەتایی دامەزراندنیدا بوو، زۆر کەس دەیان وت کە هیچ داهاتوویەکی نییە و بڕوانامەکەی دانپێدانراو نییە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. بەڵام ئێمە وازمان نەهێنا و بڕیارماندا بەردەوامبین تا کۆتایی. لە کاتی خوێندندا هەستم بە جیاوازییەکی زۆر کرد لە نێوان زانکۆی حکومی و زانکۆی ڕۆژئاڤا لە هەموو ڕوویەکەوە، خوێندکارەکان هەموویان یەکترییان خۆشدەویست و یارمەتی یەکترییان دەدا، هەروەها مامۆستاکانیش وەک هاوڕێبوون لەگەڵمان و زۆر باش بوون، هیچ درێخییەکیان نەدەکرد لەلایەنی فێرکردنەوە. ئەمەش پاڵنەرێک بوو بۆ ئەوەی بگەین بە ئامانجەکانمان. زانکۆم تەواوکرد و چەندین هەلی کار بەڕوومدا کرایەوە، ئێستا زۆر دڵخۆشم کە دەتوانم کار بکەم لە محەتەکانی نەوت و گاز کە پێشتر تەنها بۆ پیاوان بوو، ئەمە شتێکی زۆر ئیجابییە بۆ یەکسانی ئافرەت لەگەڵ پیاودا”.