Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

January 18, 2021

“تەمەنم 65 ساڵە، لەگەڵ خوشکەکەم بە تەنیا دەژین لە قامیشلۆ، هێشتا هاوسەرگیرم نەکردووە. باوک و مامی نزیکەی 100 ساڵ پێش ئێستا لە دەست عوسمانییەکان هەڵهاتوون و بەناچاری کۆچییان کردووە بۆ قامیشلۆ.کە کۆمەڵکوژییان بەرامبەر ئەرمەنییەکان ئەنجامدا. ئەو کاتە باپیرم لەلایەن عوسمانییەکانەوە کوژراوە و باوکم تەمەنی 6 مانگان دەبوو. کاتی کۆمەڵکوژییەکە نەنکم لەناو جەستەی مردووەکاندا مابووەوە بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ و خۆی دەکرد بە مردوو کاتێک سەربازەکانی هێزی عوسمانی نزیک دەبوونەوە لێی. لەوە دەترسا کە بجوڵێتەوە و پێی بزانن و بیکوژن، دواتر توانی هەڵبێت لەڕێگەی موختاری گوندەکەوە. خێزانی دایکم هەموویان لەناوچوون. ساڵی پار هەمان کارەسات لە قەرەباغ دووبارە بووەوە، بۆیە هیچ ئاهەنگێکمان نەگێڕا بۆ سەری ساڵ و ماڵەکانمان نەڕازاندەوە وەک ڕێزێک بۆ شەهیدەکانی جەنگی دژی سوپای ئازەربایجان و تورکیا لە قەرەباغ. میللەتی ئەرمەنی وەک میللەتی کوردی ڕووبەڕووی لەناوبردنێکی زۆر بۆتەوە لەسەر دەستی تورکەکان و عوسمانییەکان. ئاواتەخوازم ئەمساڵ ئاسایش و ئارامی هەموو جیهان بگرێتەوەم”.