Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

January 25, 2021

“كاتێك لە تەمەنی ٧ ساڵیدا باوكم لەدەستدا، دایكم بوو بە نیشتەی من و سێ خوشكم. دایكم زۆری كوێرەوەری بە مەوە كێشا، منیش دەمدیت كە دایكم چەندە ئەزێت دەكێشێ تا بەخێومانكا، ھەر بەوھۆیەوە منیش دەستم بە كار كرد و تەنانەت ڕۆژانی پشوودانیش ھەر دەچوومە كارێ و ھەرچی پەیدام دەكرد دەمدا بە دایكم بۆ بژێوی ژیانمان. دوای وەی كە دیپڵۆمم وەرگرت نەفەرێك بۆ كاركردن بانگیكردم، دوای وەی كە كارەكەم تەواوكرد گوتی ئەرێ فڵانی ئەمە لێرە كاری ئاسن و جۆشكاری و ئەو كار و بارەی دەكەین، بۆ نایەی دەگەڵ ئێمە كارێ بكەی. منیش قەبوڵم كرد، بەڵام دوای ماوەیەك ھەستمكرد ئەوانە لە كارەكەیدا زانا نین و پێشنیارم پێدان كە دەگەڵیان ببم بە شەریك، ماوەیەك كە كارمكرد ھەستمكرد دەبێ بۆخۆم بەتەنیا كار بكەم و لێیان جیابوومەوە”.

“بە پێی وەی كە من لەمێژ بوو كاری جۆشكاری و ئیسكلێتبەندی بینام كردبوو، خەڵكێكی زۆر بڕوایان بە كارەكەم بوو و زۆربەی ئەو بینا بڵیندانەی شاری مەھاباد من جۆشكاری و ئیسكلێت بەندیم دەكرد. بەڵام دەبوو ژێر چاوەدێری ئەندازیاری بینا واتا عومران كار بكەم و دەبوو ئەوان ڕازیدەری كارەكەی من بن، جا ھەر بە پێی وەی كە من كارەكەم دەزانی و كابرای ڕازیدەر، ئەندازیار بوو زۆر جاران بە زۆری كاری ھەڵەی دە جۆشكاریدا بە من دەكرد، ھەر چەندی دەمگوت ئەوە ئاوا نابێ دەیگوت ئەمن ئەندازیارم و تۆ دەبێ ژێر چاوەدێری من كار بكەی و زۆربەی كاتەكان تووشی كێشە دەبووین لەسەر ئەو باسانە. ھەر ئەوە بوو بە ھۆی وەی كە من لە تەمەنی ٤٣ ساڵیدا و دوای ٢٥ ساڵ كاركردن بڕۆم بۆ زانكۆ و ببم بە ئەندازیاری بینا. ئێستا دوای ئەو ھەمۆ ساڵە كاركردن و دەرس خێندن شكور بۆ خودا بە ھەموو شتێك گەیشتووم و قەت شوكری خودای تەواو ناكەم كە ھەموو كات لە پشتم بۆ و یارمەتی داوم”.