Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

February 10, 2021

“لە هەشتاکاندا کاتێک پێشمەرگە لە شاخ و شار خەریکی چالاکی بوون. لە گەرمیان هێزێکی خۆبەخش دروستبوو بەناوی هێزی پشتیوانی. لەکوێ پێویستبووایە، دەچوون بۆ یارمەتی پێشمەرگە. منیش لە سۆنگەی بەرپرسیارێتییەوە سیخۆیەکم کڕی و چوومە ناو ئەو هێزە و تا وای لێ هات بوومە ئامری مەفرەزەیەکی 10نەفەری. دواتر لەپاش ئینتیفازە و دوای دروستبوونی حکومەتی کوردی نەبە مەعاشێک و نە بە سوپاسێک پاداشتیمان نەدرایەوە. شوکور تا هێزم هەبوو هەر بە قوڕکاری و کرێکاری و مەڕداری توانیم بژێوم دابین بکەم. بەڵام بەداخەوە ئێستا هێزم نەماوە و لەماڵەوەم، بەشێوەیەک لە ژیان هیلاکم تاقەتی دەرەوەم نەماوە. حەزم لەقەرەباڵغی و ناو خەڵکیش چووە. لەو دێیەی خۆمان هەرکێ بمرێ ناچمە پرسەکەشی. شار و جادەی قیر و بۆنەکان لای من هیچ بەهایان نەماوە. تەنیا شت من ئومێدی پێبخوازم و هەمووکات لە خەیاڵمبێ چوونمە بۆ ماڵی خوا. هەمیشە ئەو هیوایەم هەیە کە خودا داوەتی ماڵەکەی خۆییم دەکات”.