Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

February 16, 2021

“لە یەکی سەرەتایی بووم کاتێک دایکم گیانی لەدەستدا، ساڵی 1986 ئێمە ماڵمان لە ناحیەی سیروان بوو لە هەڵەبجە، باوکم سایەقی هێڵی بەغداد بوو. ئەوکاتە شەڕی نێوان عێراق و ئێران هەبوو، خەڵکی ناوچەکە بۆ خۆپاراستن لە پریشکی شەڕەکە لە ناو بینای قوتابخانەیەک خۆیان شاردبووەوە. بەڵام بەهۆی تۆپبارانی ئێرانەوە تۆپێک لە قوتابخانەکە دەدات و بیناکە بە تەواوی گڕ دەگرێت. لەو کاتەدا دایکم و برام و خوشکەکەم لەناو قوتابخانەکە دەبن و هەرسێکیان تیاچوون. ئەو رووداوە بە بینا سووتاوەکەی سیروان بەناوبانگە. باوکم دوای 45 شەو ژنی هێنایەوە ئێمەش بەهۆی باوەژنەوە دەربەدەربووین، ئەوەش مەینەتییەکانی ئێمەی زیاترکرد و نەشماندەوێرا بچینە ماڵی هیچ خزمێکمان چونکە گەر باوکم بیزانیایە لێیان توڕە دەبوو. خوشکەکەم لە مناڵییەوە لە ئامۆزایەکم مارەکرا و منیش لە تەمەنی سیانزە ساڵیدا چوومە ئێران و تا ساڵی 2007 نەگەڕامەوە. گیانلەدەستدانی دایکم بۆشاییەکە لە ژیانما مەگەر بەس لەناو گۆڕدا لەبیرم بچێتەوە، هەموو ئەرزی خوا هی تۆبێت ناگات بە پەنجەیەکی دایکت”.