Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

February 26, 2021

“سالێك لەمەوپێش ئازارێک لە سکمدا پەیدابوو، دکتۆر وتی بەردی گورچیلەم هەیە. هەندێک دەرمانی بۆ نووسیم بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو. چوومە لای دکتۆری تر و هەریەکەیان شتێکیان پێدەوتم، لەگەڵ ئەو هەموو دەرمانەش هەستم بە باشی نەدەکرد. چوومە لای دکتۆرێکی تر و هەموو شتێکم بۆ ڕوونکردەوە، پێی وتم بەشێک لە خانەکانی لەشم وەردەگرێت بۆ تەشریح. زۆر ترسام چونکە عادەتەن ئەو جۆرە پشکنینانە بۆ نەخۆشی شێرپەنجە و وەرەم دەکرێت. دوای 10 ڕۆژ ئەنجامی پشکنینەکەم هاتەوە دەرکەوت تووشی شێرپەنجەی مەعیدە بووم. بڕیاردرا شەش جەلسە چارەسەری کیمیایی وەرگرم. دەستمکرد بە وەرگرتنی چارەسەرەکان و دوای جەلسەی سێیەم داوایان لێکردم دیسان پشکنین بکەمەوە”.

“دەرکەوت باشتربووم و وەرەمەکە بچووکبووەتەوە. گەشتمە جەلسەی پێنجەم و ئازارێکی زۆرم هەبوو نەمدەتوانی بەرگەی بگرم. ئێوارەیەک تووشی نەزیف بووم و بردیانم بۆ نەخۆشخانە بەڵام هیچیان بۆ نەکردم لەبەر ئازارەکەم، وتیان دەبێت دکتۆرە تایبەتەکەی خۆم بێت، پەیوەندیم پێوەکرد بەڵام نەهات سەرەڕای ئەوەی حاڵم زۆر خراپ بوو. هەر ئەو ڕۆژە ئامۆزایەکم بردمی بۆ دیمەشق، گەیشتمە ئەوێ و دکتۆر پشکنینی تازەی بۆ کردم و پێی ڕاگەیاندم کە تەندروستیم زۆر باشە هەرگیز هیچ وەرەم یان خانەی شێرپەنجەیی لە لەشمدا نەبووە، تەنها خوێنە کڵۆ بووە لەسەر مەعیدەم و بووە بە قورحەی مەعیدە. کاتێک وای وت زۆر دڵخۆشبووم. دەرمانێکی زۆر کەمی بۆ نووسیم و زۆر پێی باش بووم، ئێستا هیچ کێشە و ئازارێکم نییە. کاتێک گەڕامەوە حەسەکە بڕیارمدا دەعوا لەسەر ئەو دکتۆرەی پێشووم بەرز بکەمەوە کە پێی وتم نەخۆشی شێرپەنجەمە، بەهۆی تەشخیصی هەڵەوە جەلسەی کیمیاییم وەرگرت و ئازاری زۆرم چەشت”.