Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

March 17, 2021

“بەهۆی پیشەکەمەوە کە عەتارییە، رۆژانە خەڵک سەردانم دەکەن و پرسیاری نوشتەکردنم لێدەکەن. هەندێکیان دەڵێن نوشتەمان لێکراوە چۆن بەتاڵی بکەینەوە و هەندێکیش دەیانەوێت نوشتەکە بکەن. یان داوای هەندێک شت دەکات و دەڵێت فڵانە شێخ وتویەتی بەکاری بهێنە، کە سەیری شتەکان دەکەم یەکسەر دەزانم بۆ نووشتەکردنە. کە خەڵک دێنە لام پرسیاری نیشانەکانیان لێدەکەم بزانم نیشانەکانی سیحر و جادوویان تیایە یان نا، هەندێکیان هیچ نیشانەیەکیان نییە و لێیان بووەتە نەخۆشی دەرونیی و پێشنیاری دکتۆری دەروونییان بۆ دەکەم. من خۆم هیچ بڕوام بە نووشتەکردن نییە و ئامۆژگاری ئەو خەڵکە دەکەم کە بیری لێنەکەنەوە، لە ڕووی دینییەوە گوناهبار دەبن و لە رووی ئینسانییەتیشەوە بۆ ماڵی خەڵک وێران دەکەن، ئەم ڕق و بوغزە بۆچی؟. هەندێک بەقسەم دەکەن و سوپاسم ئەکەن هەندێکیش هەیە توڕەدەبن و دەڵێن لەبەر ئەوەی خۆت نایفرۆشی ناتەوێ ئێمە بیکڕین. بەڕاستی ئێستا کۆمەڵێک خەڵک پەیدابوون بە ناوی نووشتە و جادووەوە پارە لە خەڵک دەکێشنەوە، هیوادارم خەڵک خۆی لەو شتانە بپارێزێت”.