Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

March 28, 2021

“تەمەنم سێ مانگ دەبوو کاتێک باوکم شەهید کرا و بەبێ باوک گەورە بووم، دایکم لە جێێ باوکیش بوو بۆم. لە بەرواری 12ی ئازاری 2004، یاری تۆپی پێ دەکرا لە نێوان تیپی جیهاد و تیپی فەتوە. هاندەرانی تیپی فەتوە (دیرالزور) هێرشیان کردە سەر هاندەرانی کوردی تیپی جیهاد (قامیشلۆ) لەناو یاریگای قامیشلۆ. ئەم شەڕە بووە هۆی خۆپیشاندان و پۆلیسی سیستەمی سوریا تەقەیان کرد بەسەر خۆپیشاندەرە کوردەکاندا. ئەو شەوە قامیشلۆ و شارە کوردییەکانی تری سوریا نەخەوتن. هەموو گەنجەکان چوونە نێو یاریگاکان و دەستیانکرد بە خۆپیشاندان. دووبارە هێزەکانی پۆلیس تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و باوکم و هەندێک خۆپیشاندەری تر شەهید بوون. ئەم بەسەرهاتە دایکم بۆی گێڕامەوە کاتێک گەورە بووم. هەمیشە دەڵێم خۆزگە باوکم هەبووایە و لەگەڵماندا دەژیا. زۆری بیر دەکەم. بەڵام دایکم زۆر لەگەڵماندا هیلاک بووە، گەورەی کردین و ناردینی بۆ خوێندن، نەیهێشت لە هیچ شتێکمان کەم بێت. هەموو ساڵێک لەیادی ئەو ڕاپەڕینانەدا، ئیدارەی شارەکە یارییەک ڕێکدەخات لەنێوان تیپی دیرالزور و تیپی قامیشلۆ بۆ ئەوەی خۆشەویستی بڵاوبکاتەوە لە نێوان هاندەرەکان. لە کۆتاییدا شانازی بە شەهیدبوونی باوکمەوە دەکەم کە بەرامبەر ڕژێمی ئەو کاتە وەستاوەتەوە”.