Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

April 19, 2021

“ڕۆژێکیان لە شاری لازیقیە بەشداریم لە چالاکییەکی وەرزشی کردبوو، ئەو کاتە هەواڵم پێگەیشت کە داعش ‌هێرشی کردووەتە سەر گوندەکانی خابوور، گوندەکەی منیش لەوێیە. بەپەلە بە تەیارە گەڕامەوە و گەیشتمەوە گوندەکەم بۆ بەرگریکردن لە هەر هێرشێکی داعش. دوای چەند ڕۆژێک داعش هێرشیکردە سەر گوندەکەمان و نەمانتوانی زۆر بەرگە بگرین، گەڕاینەوە هێڵەکانی دواوە. کۆمەڵێک لە هاوڕێکانمان شەهیدبوون لەگەڵ سەربازێکی نێودەوڵەتی بەناوی “ئیڤانا هۆفمان” کە بە ڕەچەڵەک ئەفریقی بوو و زۆر بێتاقەت بووم بە شەهیدبوونی. دوای داگیرکردنی گوندەکە لەلایەن داعشەوە کۆمەڵێک لە دانیشتووانەکەی کۆچیان کرد بۆ ئەوروپا و کۆمەڵێکی تریش بۆ ئەو شارانەی مەترسییان لەسەر نەبوو وەک حەسەکە و قامیشلۆ. هەروەها داعش کەنیسەی گوندەکەی تەقاندەوە کە تەمەنی 80 ساڵ زیاتر بوو. ئەمە زیاتر بووە هۆی ئەوەی کە گوندەکەمان ئازاد بکەین. دوای 4 مانگ پێکدادان لەنێوان یەکەکانی پاراستنی خابوور و یەکینەکانی پاراستنی گەل لەگەڵ داعش توانیمان گوندەکە ئازاد بکەین، داعشمان دەرکرد لە شوێنەکە دوای ئەوەی گوندەکەیان وێرانکردبوو. ئەمڕۆ لەو گوندەی کە نزیکەی 150 خێزانی ئاشووری تێدا دەژیا تەنها من و خێزانەکەم ماوین لە گوندەکە. هیوادارین کە بارودۆخەکە جێگیرتر بێت و خێزانەکان بگەڕێنەوە گوندەکە”.