Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

May 31, 2021

“تەمەنم 10 ساڵان بوو کاتێک دایکم لەدەستدا. لە سەرەتای ئەو شۆڕشەی لە سوریا ڕوویدا کێشەی زۆر دەرکەوت و گێژاوی ئەمنی دروستبوو. من و خێزانەکەم خۆمان ئامادەکردبوو بڕۆین بۆ ماڵی باپیرم لە یەکێک لە گوندەکانی نزیک عامودا بەبۆنەی جەژنی قوربان. زۆر دڵخۆش بووین لەبەرئەوەی دەگەڕاینەوە بۆ گوندەکەمان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و دوورکەوتنەوە لە شار و خوێندن بۆ ماوەی یەک هەفتە. نزیک کاتژمێر 10:30 شەو هەموومان سواری پاس بووین، کاتێک گەیشتینە دەروازەی گوندەکە، تەقەیەکی زۆر بەرەو ڕوومان کرا کە تاوەکو ئێستاش سەرچاوەکەی دیار نییە. زۆر ترسام و بە خۆمم وت سوپاس بۆ خوا کە خێزانەکەم هیچی بەسەر نەهاتووە، بەڵام سەیرم کرد کە دایکم شتێکی لێ هاتووە، کاتێک سەیری لاشەیم کرد بینیم کە خوێنی لێدێت. گەیشتینە ناو گوندەکە و بەپەلە دایکمیان گواستەوە بۆ نزیکترین نەخۆشخانە لە حەسەکە، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێکی کەم هەواڵێکی زۆر جەرگبڕ بە من و خوشکەکانم گەیشت کە دایکمان مردووە”.

“هەموومان چەند ساڵێکی کەم بوو لەگەڵی ژیابووین، تاوەکو ئێستاش ئەو ڕۆژە شوومەم بیرناچێتەوە کە بەسەر من و خوشکەکانمدا هات. چیتر هەستم بە خۆشەویستی کەس نەدەکرد لە دەوورمان، هەستمدەکرد کە هەموو کەس ڕادەکات لە بەرپرسیارێتی بەرامبەرمان، هەستم بە لاوازی دەکرد. هەستمدەکرد هیچ کەسێک نییە پەنام بێت یان بەرگریم لێبکات بێجگە لە باوکم کە ئەویش خەمەکانی زیادیکرد دوای وەفاتی خۆشەویستەکەی. قسەم لەگەڵ کەس نەدەکرد بۆ ماوەیەکی زۆر، تەنها هەندێک هاوڕێ نەبێت کە بەردەوام ئەحواڵیان دەپرسیم. ئەو ماوەیەی کە تازە دایکم کۆچی دوایی کردبوو بڕوام بە خۆم نەمابوو، بەڵام ژیان بەردەوام بوو و نەوەستا سەرەڕای قورسی ئەو ژیانەی پێیدا تێدەپەڕین بەهۆی لەدەستدانی بەنرخترین کەسی ژیانمان، بەڵام باوکممان هەیە کە بۆ هەموو شتێک پشتی پێدەبەستین. تاوەکو ئەم ساتەش لەگەڵمان بوو و گەیشتوومەتە زانکۆ. ئێستا یاسا دەخوێنم، ئاواتم بوو کە دایکم سەرکەوتنەکەم ببینێت بەڵام ئەمە قەدەری خوا بوو”.