Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

July 6, 2021

(لێرە مەوەستە، ئەگینا سەرت بە بەرد دەشکێنن) “ئەمە یەکەم ڕستە بوو لە زەماوەنی پیرشالیاری هەورامان پێیان وتم و پڕ بە دڵ زیزی کردم، منێک کە دەمویست خزمەت بەو کۆمەڵگایە بکەم و ئەو مەراسیمە بە دەقێکی زانستیانە دایڕێژم، تاوتوێی بکەم و بە جیهانی بناسێنم، بەڵام لێرە بە هیچ شێوازێک نە پلەی زانستیم دەبینرا و نە مەبەستەکەشم! ئەو شتەی تەنیا لە من دەبینرا لەشم بوو وەکو ژنێک. ژنێک کە بە درێژایی مێژوو پڕ بوو لە هەڕەشە و گوڕەشە، پڕ بوو لە سەرکوتکردن و دەنگکوژران. لەوێ بۆ یەکەم جار ڕوانگەی خۆم بۆ ئەو مەسەلە گۆڕی و نەمویست کۆڵ بدەم. دەمزانی دەبێ کارێکی جیاواز بگرمەبەر، گەرچی دوور و درێژ بەڵام پێویست و بەرچاو! بۆیە هەستم کرد وەکو ژنێک دەبێت ئەزموونی خۆم بەبێ کەموکوڕی لەو بەشەدا باس بکەم. واتا ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەم هەڵبژارد، نەک تەنیا بۆ زەماوەنی پیرشالیار؛ بەڵکو بە گشتی بۆ ئوستوورەکانی کوردی کە بە هێژمۆنیایەکی ئایدیۆلۆژیک، وەکو بەڵگەیەک لە مێژووی کوردەواری، ژنیان لە ناو بردووە یان خستوویەتە پەراوێز”.

“لە ڕاستیدا ئەو شتەی تا ئێستا سەبارەت بە ئوستوورەکانی کوردی خراوەتە ئاراوە، ڕوانگەیەکی پیاومێحوەرانەی هەبووە و جێدەستی ژنان لە ناویدا خاڵییە. گەرچی لەم بوارەدا ئەوەشم لە بەرچاو گرتووە، ئەزموونی ژنی کورد جیاوازە و لە چوارڕێیەکی زوڵمدا، دەستدرێژی پێکراوە. ئێستا بۆ ماوەی حەوت ساڵە لەم بەشەدا چالاکی دەکەم، گەرچی لەم ماوەیەدا هێرشی زۆر کراوەتە سەرم و بەرنگارییان لەگەڵدا کردووم، ئەم بەرنگاریانەش زۆرتر لە لایەن پیاوان بووە، چونکە پێیانخۆش نەبووە هیچ جۆرە گۆڕانکارییەک لە دەسەڵاتیاندا بکرێت. بەڵام من خۆم نەدۆڕاندووە و ئێستاش بڕیارە لە ساڵی داهاتوو، یەکەم بەرهەمی تایبەتی خۆم کە پێکهاتووە چەندین خوێندنەوەی جیاواز لەم مەسەلەیە، لە قاڵبی کتێبێکدا بڵاویبکەمەوە. هیوادارم بۆ یەکەم هەنگاو بتوانم خزمەتێکی هەرچەن چکۆلەم، یەکەم بە ژنانی کورد و دوایی بە کتێبخانەی کوردیم کردبێت. بەو ئاواتەی لەمەو بەدوا، جێدەستی ژنانی‌ تریش لەم بەشەدا زیاتر ببینین”.