Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

May 29, 2022

“ناوم ڕەحمان تەقی زادە و تەمەنم 86 ساڵە. خەڵکی شاری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستانم. لەسەر دەمی گەنجیدا لە ڕێگای ڕادیۆوە لەگەڵ هونەرمەندانی کورد بە تایبەت مامۆستا حەسەن زیرەک ئاشنابووم و نزیکبوونەوە لەو هونەرمەندە دەبێتە خولیایەکی گەورەم. کەس بە قەد من هونەرمەند حەسەن زیرەک ناناسێت و ماوەی ۳ مانگان لەگەڵ من بووە له ماڵی خۆم وەتاخیکم دابۆیە و دەخزمەتی دابوومه و هەمو خەڵکی شاری شنۆ ئەوە دەزانێت. بە هۆی نیزیک بوونم لە مامۆستا حەسەن زیرەک بەشێکی زۆرم لە ژیانی ئەو هونەرمەندەم لە نیزیکەوە بینیووە و لە تۆی کتێبدا بۆ هەوادارانی هونەرمەند حەسەن زیرەک گیراوەتەوە.
64 ساڵ پێش ئێستا تەنیا بۆ حەزو خولیای خۆم دەست بە تۆمار کردنی دەنگی هونەرمەندانی ئەو سەردەمی کورد لە ڕادیۆکانم دەکرد و ئێستا یەک لە گەورەترین ئارشیڤەکانی هونەرمەندانی کورد بە هی خۆم دەزانم.ئارشیفەکی گەورەم هەیە له کۆنترین ئامێرەکانی دەنگورەنگی تێدا دەست دەکەوێت تا دەگاتە ئامێرە مۆدێڕنەکان”.