Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

August 18, 2022

“تەمەنم ٥٥ ساڵە و خەڵکی ئاوایی پاڵنگانم. لەمناڵییەوە هەر خەریکی دەستکردی ژنانە بووم لە لێفە، گەواڵ و دەستپێچ دروستکردن. وەختی خۆی خاڵۆم چەرخێکی بۆ بنەماڵەکە کڕی، کە بینی من حەزم لێیە بەخشی بە من و ئیتر بووم بە خەیاتی ماڵ. قەدیم وا بوو کە ساڵی جارێک ئەگەر کەسێک کاری دووراندنی جلوبەرگی دەبوو، خەیاتی دەهێنا ماڵەوە و جل و کراسەکەی لە ماڵ بۆ دەدووری. پێشتر فەقەت چەن پیاوێکی خەیاتمان بوو کە ئەو کارەیان ئەکرد. چەنجارە کە هاتن و بە چەرخی دەسی کاریان کرد، منیش کە زۆر ورد بوومەوە لێیان فێربووم. من بووم بە تاکە ژنی خەیات و جلدووری ئاوایی.ساڵی ۶۳ی هەتاوی مێردم کرد و دوای یەک ساڵ مێردەکەم فەوتی کرد. ئەوکات منیش حامڵە بووم، لە دوای ئەوەوە بۆ خەرجیی بنەماڵە تا ئێستە هەر خەیاتی دەکەم و نیوەی خەڵکی ئاوایی دێنە لای من چونکە کارەکەمیان زۆر بە دڵە. بۆ خۆم ئەوندە جڵی کوردیی رەسەنی کۆن دەکەمە بەرم ئەوانیش وایان لێ هاتە کە بە دوای ئەو جڵانەن و زیندووی دەکەنەوە”.