Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

09/04/2025

تەمەنم چل ساڵە… گەرچی شەڕ، شوێنەواری خراپی لەسەر زێدەکەم دروست کردووە، بەڵام هێز و توانای ئێمە لە ئاڵنگارییەکان بەهێزترە و بەردەوامین… ڕۆژانە زیاتر لە ٢٠ کاتژمێر کار دەکەم و بژێوییەکی شایستە بۆ خۆم و منداڵەکانم، کە بەنرخترین سەرمایەی ژیانمن، دابین دەکەم.

من ناوم (ئەحمەد)ە، خەڵکی شاری (کۆبانێ)ـم. سەرەتا لە کارگەیەکی ئۆتۆماتیکی دروستکردنی ناندا دەستم بە کارکردن کرد و بەردەوام بووم… بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار، تامەزرۆیی و خۆشەویستی خاک پاڵی پێوەنام تا کارێکی نوێ هەڵبژێرم، ئەوەش کارکردن بوو لەسەر باخچەیەکی دڵنشین. ماوەی حەوت ساڵە بە بەردەوامی چاودێری دەکەم و کاهوی تێدا دەچێنم. ئێستا بوومەتە هاوڕێیەکی دڵسۆزی ئەم پارچە زەوییە بە پیتە. چاندن، سەوزکردن و پاشان فرۆشتنی کاهو بۆ من تەنها کارکردن نییە، بەڵکو سەرچاوەی داهاتیشە. ڕۆژانە، بە دەیان کیلۆ کاهو دەبەمە بازاڕەکان و کیلۆی بە سێ هەزار لیرەی سووری دەفرۆشم. ئێمەی کۆبانێیی و خەڵکی گوند، بۆ بژێوی ژیانمان، پشت بە کشتوکاڵ دەبەستین.