Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - North 06

August 6, 2020

"پێنج ساڵە من سەرقاڵی تەزبیح دروستکردنم، بە هاوکاری هاوڕێیەکم دەستم بەم کارە کرد. ماوەی دوو ساڵی سەرەتا لەلای وەستایەک کارم دەکرد، دواتر ئەم جێگایەم بۆخۆم کردەوە. کاتێک دەستم بەم کارە کرد، پیاوان پێیان دەوتم تۆ ژنی و ئەم کارەش بۆ ژنان زەحمەتە، ئەم کارە کاری پیاوانە. من پێموتن کە خۆم ئارەزووی دەکەم و دەتوانم بیکەم. دواتر وتم من چیم لەوانی دیکە کەمترە کە دەتوانن ئەم کارە بکەن؟ بۆیە منیش دەتوانم بیکەم. ئێستا دەتوانم لە ماوەی ڕۆژێکدا سێ بۆ چوار تەسبیح دروستبکەم، بەڵام کاتێک کەلوپەلەکان کۆن بن یاخود تێکچووبن، بۆ چاککردنی کاتێکی زۆری پێویستە. ئەو پارچانەی کە کۆنن و دەیانهۆنمەوە هەندێک جار سێ ڕۆژێکی دەوێت. ئێستا لە تورکیادا چوار ژن هەن کە تەسبیح دروستدەکەن، یەکێک لەو چوار ژنە منم". ...

Humans of Kurdistan - North 05

August 2, 2020

"من شوانی ئەم گوندەم، ئەوەی لە توانامدابێت دەیکەم. لە سەرەتای وەرزی بەهاردا لەقلەقەکان کۆچدەکەن بۆ گوندەکەی ئێمە و هێلانەکانیان لێرە دروستدەکەن وهەتا کۆتایی وەرزی هاوین دەمێننەوە. لەقلەقەکان لە شوێنی بەرزدا هێلانەکانیان دروستدەکەن، بۆیە پەنادەبەنە بەر بورجی کارەباکان، بەڵام ئەو بورجانە مەترسیدارن. وا بۆ بیستوسێ ساڵ دەچێت کە من سەرقاڵی دروستکردنی کەڵەکم، سەرەتا کە چەند کەڵەکە بەردێکم دروستکرد، دیم چەند لەقلەقێک هێلانەیان لەسەری دروست کردبوو، بۆیە لەوکاتەوە بەردەوام ئەو کەڵەکانەیان بۆ دروستدەکەم. هەتاکو ئێستا زیاتر لە بیست کەڵەکە بەردم لە هەرچوار دیوی گوندەکەمان دروستکردووە، دوای ئەوەی ئەم کەڵەکانەم دروستکرد، ژمارەی لەقلەقەکان زیادیانکرد، هەموو ساڵێک ژمارەیان زیاتر دەبێت کە دێنەوە گوندەکە. منداڵەکانی خۆمم فێرکردووە کە چۆن کەڵەکی بەرد دروست بکەن، چونکە دەمەوێت دوای خۆم ئەوان درێژە بەم کارە بدەن". ...

Humans of Kurdistan - North 04

July 29, 2020

"بار و گوزەرانی ژیان لێرە زۆر دژوارە، دوای زەحمەتیەکانی مانگی یەک، لە مانگەکانی هاویندا دێینە ناوچە شاخاویەکان، بۆ ماوەی دوو مانگ لەبەر مەڕوماڵاتەکانمان هەتاوەکو گژ و گیای لێبێت لێرە دەمێنینەوە. ئەو ماوەیەی لە شاخەکان بەڕێیدەکەین زۆر بە زەحمەت تێدەپەڕێت. بەیانیان زوو لە خەو هەڵدەستین و دەستدەکەین بە کارەکانمان، پاشان ئەسپەکانمان ئامادە دەکەین، چونکە شاخەکانمان بەرزن، هەربۆیە بە ئەسپ هاتوچۆ دەکەین، گوندەکە یەک کاتژمێر لە شاخەکانەوە دوورە. دواتر ئاژەڵەکان دەدۆشین، هەموو بێریەکان ئاژەڵەکانی خۆیان دەناسنەوە، پاشان شیرەکان دەخەینە ناو دەبەوە و دەیخەینە سەر ئەسپەکان و بەرەو گوندەکەمان دەگەڕێینەوە. لەوێش تاکو ئێوارە سەرقاڵی کاری ناوماڵ دەبین. ماست و پەنیر و ڕۆنە کەرە دروستدەکەین. لە دوای ئەوەی کە کارەکانی ماڵەوە کۆتایی هات، دەستدەکەم بە ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەکانم، خۆم دەرچووی بەشی وانەبێژیم، ئەگەر لە تاقیکردنەوەکانم سەرکەوتووببم، ئەوا دەتوانم دەستبکەم بە کاری وانەبێژی." ...

Humans of Kurdistan - North 03

July 25, 2020

"لە زانکۆ بەشی شێوەکاریم تەواو کردووە، بۆ ماوەیەک لە شاری ئەستەنبوڵ ژیام، ئەو ماوەیە لەوێ پرۆژەیەکمان هەبوو تایبەت بە وێنەکێشان لەسەر دیوارەکانی شارەکە، خەونم بوو هەمان پڕۆژە بۆ دیوارەکانی شاری ئامەدیش بکەم، کاتێک گەڕامەوە ئامەد، لە خۆمم پرسی: بۆچی دەستنەکەمە وێنەکێشان لەسەر دیوارەکانی شار؟ دوای ئەوەی ڕێگەپێدانمان بۆ پرۆژەکە وەرگرت، ڕاستەوخۆ دەستمان بەکارکردن کرد. بەهۆی ئەوەی ناوچەی سور لە ئامەد ئازاری زۆری دیبوو و منداڵانی ناوچەکەش زۆر دڵگران بوون، بۆیە بڕیارمدا من لە سور کاربکەم. ویستم ببینم کە منداڵان و خەڵکی ناوچەکە دیوارە ڕەنگاوڕەنگەکان دەبینن چەند دڵیان خۆشدەبێت. پەروەردەی هونەر بۆ منداڵ لە تورکیا زۆر بەربڵاو نیە، بۆیە لێرەش چەندەها منداڵ هەن تاکو ئێستا وانەی وێنەکێشانیان نەخوێندووە. هەربۆیە بڕیارماندا ئێرە باشترین جێگەیە. دەمەوێت هەموو دیوارە وێرانکراوەکانی ئێرە بکەم بە وێنەی ڕەنگاوڕەنگی ژنان و ڕووداوە مێژووییەکان." ...

Humans of Kurdistan - North 02

July 21, 2020

"ئێمە نەریتێکمان هەیە، هەر لە منداڵییەوە دایکمان هەموو شتێکمان بۆ ئامادە دەکات وەک جیهازی و بۆمان دەخاتە تورەکەیەکەوە، بۆئەوەی کە هاوسەرگیریمان کرد پێویستمان بەهیچ کەسێک نەبێت. ئەم نەریتە بەهۆی کۆچکردن و تێکەڵبوونی دابونەریتەکانەوە کاڵبۆتەوەمن و هاوڕێکانم ماوەی ٥ ساڵە لێرە سەرقاڵی گەنم چاندنین، گەنم ئێستا لە هەموو دنیادا بە کیمیایی بەخێودەکرێت، تا بە تەواوی شین دەبێت بەردەوام کیمیایی پێدەدرێت. ئەو دەرمانە کیمیاییانە زۆر زیانبەخشن و بۆ تەندروستی مرۆڤیش زۆر خراپن، بۆیە ئێمە بە شێوەیەکی سروشتی دەیچێنین و ئەو دەرمانانە بەکارناهێنین. ئێمە حەزدەکەین هەموو جوتیارەکان نەک تەنها لە کێڵگەکاندا بەڵکو بۆ خۆشیان بە تایبەت کاری کشتوکاڵ بکەن." ...

Humans of Kurdistan - North 01

July 12, 2020

“٩٢ ساڵی ژیانم لەسەر ئەم خاکە بەسەر بردووە، لێرە گەورەبووم و پیر بووم. باوکم، باپیرم و باپیرە گەورەشم هەر لەم گوندەدا ژیاون و منداڵیشیان لەسەر ئەم خاکە بەڕێکردووە، خۆشم تەمەنم هەمووی لێرە بەڕێکرد. جاران ڕەوشی گوندەکە زۆر باشبوو، ئاو زۆربوو، میوەهات زۆربوو، لێرە خۆمان خاوەنی ئەم خاک و خۆڵەبووین. ئێستا کێشەی کەمی ئاومان هەیە، هەموو شوێنێک مزەخەی ئاوی لێدراوە. دوای دروستبوونی کێشەی ئاو لە گوندەکامان، زۆرینەی گەنجەکان بەرەو شارەکانی رۆژئاوای تورکیا کۆچیانکرد و لەوێ کاردەکەن. ئێمە کە تەمەنمان بەسەرچووە و پیربووین، هەموومان لەم گوندە بەتەنها ماوینەتەوە. من ١٠ منداڵم هەیە، جگە لە کوڕە گەورەکەم، ئەوانی دیکە هەموویان لە شار دەژین، هیچ کەس ئیتر لێرە ناژی. هەموو ڕۆژێک سەردانی باخ و باخاتەکان دەکەم و هاوڕێم زۆرە لێرە. ئاواتەخواز بووم منداڵەکانم و نەوەکانم لێرە بوونایە، بەڵام دیارە ئەو تەمەنەی ماومە لێرە بە یادی ڕابردوو و یادی منداڵەکانم و نەوەکانم بەڕێ دەکەم.“ ...