Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 5, 2020

"تەمەنم سی و پێنج ساڵە، خەڵکی ناوچەی دەپێم لە ئەلەزیز. ماوەی دە ساڵ لە شاری ئیستانبوڵ وەک ڕۆژنامەنوس کارم دەکرد، بەڵام هەمیشە کاری گوند لە مێشکمدابوو. ڕۆژێکیان لە شاری دەرسیم بۆ کارێک چاوپێکەوتنم لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێدا کرد کە سەرقاڵی کاری کشتوکاڵ بوون، دوای چاوپێکەوتنەکە بیرۆکەیەک لەلام دروست بوو کە واز لە کاری ڕۆژنامەوانی بهێنم و بێم لەم گوندەدا بژیم. لە کاتی چاندندا بەیانیان زوو هەڵدەستین و دێینە کێڵگە، هەندێک کار دەکەین و پاشان نانی بەیانی دەخۆین. بەهۆی گەرماوە ناوە ناوە پشوو وەردەگرین، لە کاتی پشووەکاندا هەندێک لە هاوڕێیان کتێب دەخوێننەوە، هەندێکیشیان مەلە دەکەن. بەم جۆرە ڕۆژەکانمان زۆر خۆش تێدەپەڕێت." ...

August 31, 2020

"لە ساڵی ٢٠١٢ەوە لە شاری ئامەد دەستم بەکاری پزیشکی کردووە. ئێستا لە کلینیکی منداڵان لە بەشی منداڵانی تازە لەدایکبوو کاردەکەم. لەهەمانکاتدا ڕابەرەیاتی و سەرۆکایەتی یەکێتیی پزیشکانی ئامەد دەکەم. لە هەموو دنیا و لە کوردستانیش کاری پزیشکەکان تەنها پزیشکی نییە، چونکە پزیشکایەتی تەنها بۆ چارەسەری تەندروستیی لەشی کەسێک نییە. لەهەمانکاتدا ئێمە کار بۆ مافەکانی مرۆڤیش دەکەین. ئەم کارە قورسی و گرانی خۆی هەیە، جاران ڕاستە گرانی زۆر بوو، بەڵام ئێستا زۆر زیاتر بووە. لایەنی تەندروستی لە کوردستان لەم کاتەدا لەژێر قەیران و کێشەدایە. لەهەمووی زیاتر کۆرۆنا زۆر گرانی دروستکرد بۆمان و کێشەکان بەردەوام لە گەورەبووندان. جاران کارمەندانی تەندروستی زۆر کاریان دەکرد، بەڵام لەم ماوەیەدا ژمارەی نەخۆش بەهۆی کۆرۆناوە زیادیکرد، کاری کارمەندانی تەندروستیش بەهەمان شێوە زیادیکرد. جاران یەک کارمان دەکرد، بەڵام ئێستا دوو کار دەکەین و تا دێت کارمان زیاتر دەبێت." ...

August 28, 2020

"جاران کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداریمان دەکرد، ئەوە بۆ دوو ساڵ دەچێت لەگەڵ ٦ هاوڕێمدا دەستمان بەکاری چاندن کردووەتەوە. پێشتر بیرمانکردەوە کە دەستبکەینەوە بە کاری ئاژەڵداری، بەڵام ئەم بیرۆکە تازەیەمان بۆ هات و دەستمانپێکرد. بینیمان کە بەرهەمهێنان چەند کەمیکردووە، بۆیە دەستمان پێکرد. مرۆڤ کاتێک سەرکەوتووە کە بەرهەمی هەبێت. ئەمە تەنها کارێک نییە بۆ بژێوی ژیان، لەهەمانکاتدا بۆ هاندانی خەڵکییە کە بگەڕێنەوە سەر چاندن و بەرهەمهێنان. هەر وڵاتێک بەرهەمی نەبێت بەرەو داڕووخان دەچێت. هەر لەبەر ئەوەیە ئێمە لە شاری دەرسیم زۆر گرنگی بەم کارە دەدەین و پێویستە هەمووان خەریکی کارێک بن و بەرهەمداربن." ...

Humans of Kurdistan - North 09

August 21, 2020

"تەمەنم سیانزە ساڵە. بەیانییان زوو دەچمە لای مەڕەکان، لەدوای نیوەڕۆش دەچم بۆ قوتابخانە. نزیکی سەد سەر مەڕ و بزنمان هەیە. بەیانییان زوو کاتژمێر پێنج و نیو لەخەو هەڵدەستم و مەڕوماڵاتەکان دەبەمە چیاکان. ئەگەر قوتابخانە نەبێت تا دەوری کاتژمێر شەشی ئێوارە لەلای مەڕوماڵاتەکان دەمێنمەوە، ئەگەریش قوتابخانە هەبێت دەچم بۆ ئەوێ. لە پۆلی نۆیەم دەخوێنم. کاتێک لەناو مەڕوماڵاتەکاندا دەمێنمەوە هیچ شتێکم بیرنامێنێت. هیچ خەونێکم نیە، کە دەشچم بۆ قوتابخانە هەندێک جار بیر لە داهاتوو دەکەمەوە و حەزدەکەم ببم بە پارێزەر. ئەگەر ببمە پارێزەر هەر دەگەڕێمەوە بۆ گوندەکەمان، چونکە بیری مەڕەکانم دەکەم." ...

August 15, 2020

“ئەم گوندە ئاشورییە، منیش ئاشوریم. جاران گوندەکەمان زۆر گەورە بوو، بەڵام ئێستا تەنها چەند خێزانێکی کەمی تێدا ماوە، هەمووان بەرەو ئەوروپا کۆچیانکرد. هەندێکیان لە مانگەکانی هاویندا دەگەڕێنەوە. منیش ماوەیەک بۆ کارکردن چوومە وڵاتی ئەڵمانیا، دواتر خێزانم و مناڵەکانیشم هاتن بۆلام. پاش چەند ساڵێک زۆر بێزاربووم، لەوێ هەناسەم بۆ نەدەدرا، بیری کەوەکانم و مریشکەکانم و ماڵەوەم دەکرد. من گەڕامەوە گوندەکەی خۆمان، بەڵام خێزانم و مناڵەکانم نەگەڕانەوە لەگەڵم، بۆیە ئەوە بۆ بیست و پێنج ساڵ دەچێت من بەتەنها لێرە دەژیم. لەگەڵ تەنهایی ڕاهاتووم، هەرکاتێک بێتاقەتببم دەچمە لای هاوڕێکانم. ماڵیان ئاوابێت خەڵکی گوند خواردن و خواردنەوەم بۆ دەهێنن. ڕاستە تەنهام، بەڵام دڵخۆشم کە لە گوندەکەی خۆمان و لە ماڵی خۆماندا دەژیم.” ...

Humans of Kurdistan - North 08

August 13, 2020

"نازانم تەمەنم چەندە، منداڵەکانم دەڵێن سەدوچواردە ساڵم. لەوکاتەی لەدایکبووم تاکو ئێستا ناسنامەم نیە، بۆیە نازانم چەند ساڵ تەمەنمە. زۆر شت هەن کە لەیادمچونەتەوە، شتەکان وەک خەون و خەیاڵ دێنە بەرچاوم. ئەوەندەم بیرە کە ئەم کۆڵان و شەقامانە بوونیان نەبوو، بەڵام ئێستا هەمووی بووە بە ماڵ و جێگەی کار، هیچ شتێک وەک خۆی نەماوە، هەموویان گۆڕاون. هەروەک چۆن شێوە و لەشی ئێمەش گۆڕاوە. جاران بە گورجی دەهاتم و دەچووم، بەڵام ئێستا نە دەتوانم هەستم، نە دەتوانم دانیشم، تەنانەت ناتوانم دەستەکانم بەرزبکەمەوە. هەتاکو ئێواران لێرە دەمێنمەوە، دەبینم چۆن ژیان و تەمەنم وەک فیلمێک بە بەرچاومدا تێدەپەڕێت. ژیان هێندەی جوانییەکەی سەختە. پێویستە مرۆڤ بە جۆرێک بژی کە نرخ و بەهای ژیانی خۆی بزانێت". ...

Humans of Kurdistan - North 07

August 9, 2020

"تەمەنم هەشتاوهەشت ساڵە، بە ئەسڵ خەڵکی شاری دەرسیمم. پەنجاوشەش ساڵ پێش ئێستا لە شەرناخ کارم دەکرد. لەو ڕۆژەوە هەر دیاریەکم پێبەخشرابێت پاراستوومە. کاتێک هاتمە ئامەد ژوورێکی ماڵەکەم تەرخانکرد بۆ ئەو دیاریانە، ئەم ژوورە بچکۆلەیە یادەوەری پەنجاوشەش ساڵ لەخۆدەگرێت. هەندێک لە دیارییەکان لە شارەکانی باکور و بەشەکانی دیکەی تورکیاوە بۆم هاتوون، هەندێکیان هاورێکانم بۆیان کڕیوم و هەندێکیشیان دەستکردی خۆیانە. زیاتر لە هەزار بۆ هەزار و پێنجسەد پارچە لێرە هەیە. هەندێکیان زۆر گرانبەهان و هەندێکیان هەرزانن، هەندێکیان ئەنتیکن و هەندێکیشیان نوێن. دەمەوێت دواتر منداڵەکانم و خێزانم پارێزگاری لەم شتانە بکەن و بیانهێڵنەوە، نامەوێت بە هیچ جۆرێک ئەم جێگایە بگۆڕم و دەمەوێت هەموو شتەکان وەک ئێستا لە جێگەی خۆیاندابن. بۆ ئەوەی هەرکات هەرکەسێک ئێرەی بینی ڕاستەوخۆ بڵێت ئەوە ماڵەکەی خاڵە کازمە". ...

Humans of Kurdistan - West 06

August 7, 2020

"یەکەم ژن بووم دوای تەواو کردنی خوێندنەکەم دوکانی چاویلکەسازیم لە شاری قامیشلۆ کردەوە، هیچ ژنێک نەبوو لەم بوارەدا کار بکات، بۆیە بە پێویستم زانی من دەستپێشخەربم. سەرەتا کە دەستم پێکرد، کۆمەڵێک بەربەستی زۆر هاتنە سەر ڕێگەم. لەوانە، سەرەتای دروستبوونی قەیران بوو لە سوریا، بە جۆرێک ئەو شتومەکانەی کە لە دیمەشقی پایتەختەوە دەهاتن یان زۆر دوادەکەوتن، یاخود لە لایەن چەکدارەکانەوە دەدزران. توانیومە یارمەتی زۆر کەس بدەم جگە لە دایکم، دایکم لە پڕێکدا چاوەکانی لەدەستدا و تا ئێستا نەمتوانیوە هیچی بۆ بکەم و چارەسەری نەبووە.. وا نزیکەی بۆ چوار ساڵ دەچێت کە بە تەواوی نابینایە. ئەوەی لە دەستمدێت تەنها خزمەتکردنیەتی و لە هەمانکاتیشدا کارکردنەکەمە، زۆر حەسرەت دەکێشم کە ناتوانم هیچی بۆ بکەم". ...

Humans of Kurdistan - North 06

August 6, 2020

"پێنج ساڵە من سەرقاڵی تەزبیح دروستکردنم، بە هاوکاری هاوڕێیەکم دەستم بەم کارە کرد. ماوەی دوو ساڵی سەرەتا لەلای وەستایەک کارم دەکرد، دواتر ئەم جێگایەم بۆخۆم کردەوە. کاتێک دەستم بەم کارە کرد، پیاوان پێیان دەوتم تۆ ژنی و ئەم کارەش بۆ ژنان زەحمەتە، ئەم کارە کاری پیاوانە. من پێموتن کە خۆم ئارەزووی دەکەم و دەتوانم بیکەم. دواتر وتم من چیم لەوانی دیکە کەمترە کە دەتوانن ئەم کارە بکەن؟ بۆیە منیش دەتوانم بیکەم. ئێستا دەتوانم لە ماوەی ڕۆژێکدا سێ بۆ چوار تەسبیح دروستبکەم، بەڵام کاتێک کەلوپەلەکان کۆن بن یاخود تێکچووبن، بۆ چاککردنی کاتێکی زۆری پێویستە. ئەو پارچانەی کە کۆنن و دەیانهۆنمەوە هەندێک جار سێ ڕۆژێکی دەوێت. ئێستا لە تورکیادا چوار ژن هەن کە تەسبیح دروستدەکەن، یەکێک لەو چوار ژنە منم". ...

Humans of Kurdistan - North 05

August 2, 2020

"من شوانی ئەم گوندەم، ئەوەی لە توانامدابێت دەیکەم. لە سەرەتای وەرزی بەهاردا لەقلەقەکان کۆچدەکەن بۆ گوندەکەی ئێمە و هێلانەکانیان لێرە دروستدەکەن وهەتا کۆتایی وەرزی هاوین دەمێننەوە. لەقلەقەکان لە شوێنی بەرزدا هێلانەکانیان دروستدەکەن، بۆیە پەنادەبەنە بەر بورجی کارەباکان، بەڵام ئەو بورجانە مەترسیدارن. وا بۆ بیستوسێ ساڵ دەچێت کە من سەرقاڵی دروستکردنی کەڵەکم، سەرەتا کە چەند کەڵەکە بەردێکم دروستکرد، دیم چەند لەقلەقێک هێلانەیان لەسەری دروست کردبوو، بۆیە لەوکاتەوە بەردەوام ئەو کەڵەکانەیان بۆ دروستدەکەم. هەتاکو ئێستا زیاتر لە بیست کەڵەکە بەردم لە هەرچوار دیوی گوندەکەمان دروستکردووە، دوای ئەوەی ئەم کەڵەکانەم دروستکرد، ژمارەی لەقلەقەکان زیادیانکرد، هەموو ساڵێک ژمارەیان زیاتر دەبێت کە دێنەوە گوندەکە. منداڵەکانی خۆمم فێرکردووە کە چۆن کەڵەکی بەرد دروست بکەن، چونکە دەمەوێت دوای خۆم ئەوان درێژە بەم کارە بدەن". ...

Humans of Kurdistan - North 04

July 29, 2020

"بار و گوزەرانی ژیان لێرە زۆر دژوارە، دوای زەحمەتیەکانی مانگی یەک، لە مانگەکانی هاویندا دێینە ناوچە شاخاویەکان، بۆ ماوەی دوو مانگ لەبەر مەڕوماڵاتەکانمان هەتاوەکو گژ و گیای لێبێت لێرە دەمێنینەوە. ئەو ماوەیەی لە شاخەکان بەڕێیدەکەین زۆر بە زەحمەت تێدەپەڕێت. بەیانیان زوو لە خەو هەڵدەستین و دەستدەکەین بە کارەکانمان، پاشان ئەسپەکانمان ئامادە دەکەین، چونکە شاخەکانمان بەرزن، هەربۆیە بە ئەسپ هاتوچۆ دەکەین، گوندەکە یەک کاتژمێر لە شاخەکانەوە دوورە. دواتر ئاژەڵەکان دەدۆشین، هەموو بێریەکان ئاژەڵەکانی خۆیان دەناسنەوە، پاشان شیرەکان دەخەینە ناو دەبەوە و دەیخەینە سەر ئەسپەکان و بەرەو گوندەکەمان دەگەڕێینەوە. لەوێش تاکو ئێوارە سەرقاڵی کاری ناوماڵ دەبین. ماست و پەنیر و ڕۆنە کەرە دروستدەکەین. لە دوای ئەوەی کە کارەکانی ماڵەوە کۆتایی هات، دەستدەکەم بە ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەکانم، خۆم دەرچووی بەشی وانەبێژیم، ئەگەر لە تاقیکردنەوەکانم سەرکەوتووببم، ئەوا دەتوانم دەستبکەم بە کاری وانەبێژی." ...

Humans of Kurdistan - North 03

July 25, 2020

"لە زانکۆ بەشی شێوەکاریم تەواو کردووە، بۆ ماوەیەک لە شاری ئەستەنبوڵ ژیام، ئەو ماوەیە لەوێ پرۆژەیەکمان هەبوو تایبەت بە وێنەکێشان لەسەر دیوارەکانی شارەکە، خەونم بوو هەمان پڕۆژە بۆ دیوارەکانی شاری ئامەدیش بکەم، کاتێک گەڕامەوە ئامەد، لە خۆمم پرسی: بۆچی دەستنەکەمە وێنەکێشان لەسەر دیوارەکانی شار؟ دوای ئەوەی ڕێگەپێدانمان بۆ پرۆژەکە وەرگرت، ڕاستەوخۆ دەستمان بەکارکردن کرد. بەهۆی ئەوەی ناوچەی سور لە ئامەد ئازاری زۆری دیبوو و منداڵانی ناوچەکەش زۆر دڵگران بوون، بۆیە بڕیارمدا من لە سور کاربکەم. ویستم ببینم کە منداڵان و خەڵکی ناوچەکە دیوارە ڕەنگاوڕەنگەکان دەبینن چەند دڵیان خۆشدەبێت. پەروەردەی هونەر بۆ منداڵ لە تورکیا زۆر بەربڵاو نیە، بۆیە لێرەش چەندەها منداڵ هەن تاکو ئێستا وانەی وێنەکێشانیان نەخوێندووە. هەربۆیە بڕیارماندا ئێرە باشترین جێگەیە. دەمەوێت هەموو دیوارە وێرانکراوەکانی ئێرە بکەم بە وێنەی ڕەنگاوڕەنگی ژنان و ڕووداوە مێژووییەکان." ...