Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

02/12/2025

ئەو دارانەی لە بەرهەمهێنانی خەڵوزدا بەکاردێن، لە دارە زیانلێکەوتووەکان و لقە زیادەکانەوە وەردەگیرێت، تاوەکو هیچ زیانێک بە سروشت و ژینگە نەگات. ئێمە بە هیچ جۆرێک پێشنیازی بڕینی درەختە سەوزە سوودبەخشەکان ناکەین و تا بتوانین ژینگە دەپارێزین.من عەلی ئەحمەدم، خەڵکی شاری کۆبانێم (لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا) لە پیشەسازیی خەڵوزی سروشتیدا کار دەکەم.بەرهەمهێنانی خەڵوز، پێویستی بە چەند قۆناغێکی وردی یەک لە دوای یەک هەیە. ئیدی هەر لە گرتنی لق و پۆی دار و درەخت و بڕینیەوە تاوەکو کۆکردنەوەی لە شێوەی هەرەم و پاشان گەیشتنی بە قۆناغی بەرهەمهێنان.سەرەتا، دارە کۆکراوەکان بە خۆڵ دادەپۆشین، پاشان لە ناوەوە سەیری ئەو کۆمەڵە دارە دەکەین کە هێواش هێواش دەسووتێن. دواتر پڕۆسەکە، بە وردی چاودێری دەکرێت بۆئەوەی دڵنیا ببینەوە لەوەی ڕەنگی دارەکە بۆ ڕەنگی ڕەشی ناسراو خۆی دەگۆڕێت و دەبێتە پارچەی بچووک، بەجۆرێک دوای ئەم قۆناغە کە یەک هەفتە دەخایەنێت، لە کۆتاییدا، خەڵوزەکە ئامادە دەبێت بۆ بەکارهێنان.لە ساڵانی ڕابردوودا، لەگەڵ براکانمدا، دروستکردنی خەڵوز لە یەکێک لە خزمەکانمانەوە فێربووین و ئێستا بووەتە تاکە سەرچاوەی داهاتمان و لە ڕێگەیەوە ڕسقی ڕۆژانەمان دابین دەکەین، ئەوەش دوای ئەوەی خەڵوزەکە لە بازاڕەکاندا بەنرخێکی جیاواز بەپێی کوالێتی دەفرۆشرێت و بۆ هەر کیلۆیەک نرخەکەی بە نزیکەیی دەگاتە ١٠ لیرەی سوری. ...

5/02/2025

ناوم (سەنعان فایەق محەممەد)ە. ساڵی ١٩٧٦ لەدایک بووم و خەڵكی گوندی (هانەی دن)ی سەر بە قەزای (خورماڵ)ـم. لە باوانەوە پیشەی هەلاجیم بۆ ماوەتەوە و تاکە کەسم لە سنووری هەورامان کە ٢٦ ساڵە سەرقاڵی ئەم کارەم و بژێوی ژیانمم لەسەر پەیدا کردووە. کاری هەلاجی، پیشەیەکی دێرینی ناوچەکەیە و لە دروستكردنی: سەرین، لێفە و دۆشەک و چەند پێداویستییەكی تردا خۆی دەبینێتەوە و نەخش و نیگار و ڕەنگ و سەلیقەی وەستایی ئاوێتەی دەبن. تا کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی بیستەم، دەشتی شارەزوور؛ سەرچاوەی چاندنی پەموو بوو کە وەک کەرەستەی خاو، لۆکەی بۆ پیشەکە دابین دەکرد و خواستی ناوخۆیی بە زیادەوە پڕ دەکردەوە، بەڵام لە ئێستادا، بەهۆی هاوردەکردنی و بەرهەمی بێگانە و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە، پیشەکە ڕووی لە كزی كردووە و مەترسی لەناوچوونی لەسەرە. بە دووری دەزانم دوای خۆم، منداڵەكانم درێژە بەم پیشە جوان و دڵگیرە بدەن. ...

29/01/2025

من، پەریسا ڕەحیمی، تەمەنم ۲۸ ساڵە. گەرچی بڕوانامەی ماستەرم لە ئەندازیاریی کۆمپیوتەردا هەیە، بەڵام لە منداڵییەوە سوارچاکی خولیا و ئاواتم بووە.ماوەی ۱٥ ساڵە بە ئەسپسوارییەوە سەرقاڵم و وەک ڕاهێنەر لە یەکێک لە یانەکانی شاری سنە خزمەت دەکەم.ئەسپسواری، جگە لەوەی وەرزشێکی دێرین و تایبەتە، لە چەند ڕوویەکیشەوە تایبەتمەندی خۆی هەیە و ئارامیی دەروونی و ئاسوودەییت پێ دەبەخشێت.بەشداری چەندین پێشبڕکێی ئەسپسواریم کردووە، لەسەر ئاستی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، توانیومە پلەی یەکەم، دووەم و سێیەم بەدەستبهێنم. ماوەی چوار ساڵ جێگری سەرۆکی دەستەی ئەسپسواری شاری سنە بووم. خاوەنی بڕوانامەی فەرمی فیدراسیۆنی ڕاهێنەرایەتی (پلە سێ)م، لە ئەسپسواریدا، بڕوانامەی تایبەتیم بۆ ڕاهێنانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان هەیە. هەموو کاتێکم بۆ ئەم پیشەیە تەرخان کردووە، شانازی بەوەوە دەکەم کە دەتوانم ئەم وەرزشە جوانە بە خەڵکانی تر ببەخشم. ...

22/1/2025

مام تۆفیق، خاوەن پێداویستیی تایبەتە. تەمەنی ٨٤ ساڵە. نزیکەی ٥۰ ساڵە لە شارۆچکەی (حەسەنئاوا)ی سنە، سەرقاڵی چاککردنەوەی چرای نەوت و سەماوەر و پڵیتەدانی زۆپایە. وەک وەستایەکی کارامە و دەستڕەنگین دەرکەوتووە و تا ئێستا لەسەر پیشەکەی بەردەوامە. لە پاڵ کاری چراسازی، وەک پزیشکێکی میللیش کار بۆ ئەو کەسانە دەکات کە ناوکیان کەوتووە و ناوکیان بۆ دەگرێتەوە. گەرچی مام تۆفیق نابیستە، بەڵام بە زمانی ئاماژە لە دواکاری کڕیار و چارەخوازەکان تێدەگات و پەیوەندییەکی زۆرباشی لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا دروست کردووە. ...

15/1/2025

لێرە، لە کۆبانێ، خەڵک دوکانەکەمیان بە (مسێ) ناسیوە، بە ناوی هاوبەشە کۆنەکەمەوە کە پێشتر پێکەوە کارمان لەسەر چاککردنەوەی گەرمکەرەوەی زستانە و کەرەستەی چێشتلێنان دەکرد، بە تایبەت ئەو کەلوپەلانەێ کە بە گاز (دیزڵ(، کاریان دەکرد.لە منداڵییەوە هەتا ئێستا کە تەمەنم لە سەرووی ٦٠ ساڵییەوەیە و هەر ئەو پیشەیەم کردووە. ئاواتەخوازیشم بە هەمان شێوە کوڕەکەشم بەردەوامی پێ بدات کە ساڵانێکە لەبەردەستی خۆمدا فێری بووە. گەرچی داوام لێ کردووە سەربەستە لەوەی ئەگەر بیەوێت پیشەیەکی دیکە فێر ببێت کە لەمە پاکتر و ڕێکوپێکتر بێت، بەڵام پێداگرە لەسەر هەمان پیشە. ئێمە خاوەنی دێرینترین دوکانی شاری کۆبانێی کوردانین، کەوا کەلوپەلی پەیوەست بە ناوماڵ و تایبەت بە ئاگر چاک دەکەینەوە، بەڵام بەداخەوە کە لە ئێستادا و بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و پشتبەستن بە وزەی کارەبا کارەکان ئاسانتر بووە، بەڵام بۆ میللەتی کورد دۆخەکە ناگۆڕێت و لە کۆنەوە بە پیشە قورس و گران ڕاهاتووین. ئەم پیشەیە هێشتا خواستی زۆری لەسەرە، چونکە ناوچەکە بە بارودۆخی شەڕدا تێدەپەڕێت و خەڵکەکە ناچارە پشت بە بەکارهێنانی ئامێرە کۆنەکانی چێشتلێنان و گەرمکردنەوە ببەستن. ...

8/1/2025

كاری بەناییم له‌ باوانەوە بۆ ماوه‌ته‌وه. لە باوكمم بیستووە کە باپیریشم وەستای دیوار بووە و لە ئاكرێ بەناوبانگ بووە، به‌شێكى زۆری خانووەکانی گه‌ڕە‌كى (جۆسته‌یى - گۆراڤه‌ى) به‌ دەستڕەنگینی ئەو دروستکراون، نەک هەر ئەمە، بەڵکو دێرى دێرینی مه‌سیحییه‌كان و ژمارەیەک لە قوتابخانەکانەکانیش بە هێز و هونەری ئەو بونیادنراون. باوك و باپیرم لە سه‌رده‌مێکدا تێکەڵاوییان لەگەڵ ئەو جووانەدا هەبوو کە نیشته‌جێی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ بوون. من، تا پێنجى سه‌ره‌تایم لەوێ خوێندووه‌. لە بیرمە جارێکیان باوكم پێی وتم: بڕۆ بخوێنە و پیشه‌كه‌ى من فێر مه‌به‌، چونكه‌ پیشه‌یەکی قورس و گرانه‌. بەڵام من پاش كۆچى دوایی ئەو، ده‌ستم بە هەمان‌ پیشه‌ کرد و ئەوە بۆ ٢٥ ساڵ دەچێت کاری بەنایی دەکەم و وه‌ستای دیوار تێکەڵ بە ناوهێنانم بووە. له‌ ئێستادا، پرۆژه‌یەك بۆ هه‌ردوو گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كه‌ى ئاكرێ پێشکەش کراوە و بڕیار وەهایە وەک ‌شوێنێکی كو‌لتوورى بونیات بنرێنه‌وه‌، بەڵام ئێمە تەنها دوو وه‌ستای دیوارى به‌ردین کە لەو پرۆژەیەدا کاردەکەین و هەتا ئێستا تەنها ١٤ خانوو و چێشتخانەیەکی کولتووریمان نۆژەن كردووتەوە. ...

25/12/2024

حەوت ساڵ پێش ئێستا، لەگەڵ دوو هاوڕێی ژندا دەستمان بە کارکردن کرد. لە سەرەتادا هەشت جۆر مرەبای میوەمان دروست کرد و دواتریش بیرمان لە دروستکردنی دۆشاوی تەماتە کردەوە. تەماتەمان لە بازاڕ دەکڕی، بەڵام دواتر خۆمان تەماتەمان چاند و نزیکەی ٥٠ هێکتار زەویمان کڕی. پاش بەرهەمهێنانی تەماتە، دەستمان کرد بە دروستکردنی دۆشاوی تەماتە و هەندێکیشمان لێ وشک کرد. دواتر بەرهەمەکانمان بە تورکیا و بازاڕەکانی ئەوروپا فرۆشت. ئەو پڕۆژەیەی حەوت ساڵ لەمەوبەر کارمان تێدا کرد، ئێستا فراوانتر بووە و ڕووبەرەکەی بووە بە ۳٠٠٠٠ هێکتار. لە ئێستادا بە ۱۲ تیمی ژنەوە کە هەر تیمێک لە ٣٥ ژن پێکدێت کارەکان ئەنجام دەدەین، ئەو ژنانەی بەر لە کارکردن لەم پرۆژەیەدا، کاری کۆچبەریی، یان سەردانی شارە گەورەکانی تورکیایان دەکرد، بەڵام ئێستا لەسەر خاک و زەوی خۆیان بەرهەمی خۆیان دەچنەوە. ...

18/12/2024

من، ئەحمەد محەممەدم، هەنگەوانێکی شاری کۆبانێم. تەمەنم پەنجا ساڵی تێپەڕاندووە. بەخێوکردنی هەنگ هەمیشە خولیای ژیانم بووە. خاوەنی سەدان شانەی هەنگ بووم و هەنگوینی ڕەسەن و سروشتیم لێیان بەرهەم دەهێنا. بەڵام جەنگ و ئەو بارودۆخە گرانەی سووریای تێکەوت، کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر پاشەکشەی هەنگەوانی و سەرچاوەی بژێویم دانا. لە لایەکی ترەوە بەکارهێنانی مادەی کیمیایی لە کشتوکاڵدا هۆکارێکی تر بوون بۆ مردنی هەنگەکان. ئەوەی ڕاستی بێت لەناوچوون و لەدەستدانی ئەو هەنگانە بە تەنها لە ڕووی ئابوورییەوە زیانی نییە، بەڵکو کاریگەری خراپی لەسەر نەریت و کەلتوور و سەرچاوەی خۆراک و دەرمان هەیە. بۆیە داواکارم هەمووان زیاتر گرنگی بە پیشەی هەنگەوانی بدەن و پارێزگاری لە مانەوەی بکەن، چونکە سەرچاوەیەکی یەکجار بە بەهایە بۆ ژیانی مرۆڤ و هەسارەکەی.. ...

11/12/2024

من، نازەنین حەمەڕەحمان، ساڵی ١٩٧٢ لەدایک بووم. خاوەنی (چێشتخانە و کەبابخانەی دیار)م لە هەورامان. ماوەی چوار ساڵە هاوکاریی هاوسەر و منداڵەکانم دەکەم. لەناو سروشتە جوانەکەی گوندی (بەڵخە)دا، چێشتخانە و کەبابخانەیەکی وەرزیمان دروست کردووە. شوێنەکەمان، سیمایەکی کولتووریی ناوازەی هەیە. جیاواز لە خواردن و کەبابی بە تەمام، سروشتی شوێنەکە وایکردووە ببێتە ناوچەیەکی گەشتیاری و ڕۆژانە گەشتیارێکی زۆر سەردانمان دەکەن. لێرە، میوانەکان خزمەتێکی زۆر باش دەکرێن و باشترین خواردنی ناوچەکەیان پێشکەش دەکرێت. لە دروستکردنی ئەم چێشتخانەیەدا هەوڵمان دا سوود له بەردی ناوچەکە وەربگرین، تا بە شێوازێکی ناوازە چێشتخانەکە دروست بکەین. هیوادارم لەهەر شوێنێک، کاتێک پڕۆژەیەک، یان شوێنێکی باشتر دروست دەکرێت، لە سەرەتادا، بیر لە لایەنی کولتووریی و نەشێواندنی سیمای ناوچەکە بکرێتەوە. ...

27/11/2024

خەڵکی بە مام دەروێش بانگم دەکەن، بەڵام ناوم عەففان حەمەیوسفە. لە شارۆچکەی بیارە لە دایک بووم و هەر لەوێش ٦٨ ساڵی تەمەنم بەڕێ کردووە.سنووری دەستکرد، وڵاتەکەی من و گوندەکەمی کردووە بە دوو بەشەوە. چایخانەکەم لە نێوان ئەو دوو سنوورەدا دروستکردووە. لە سنووری چایخانەکەمدا سنوور نییە، بە بێ جیاوازی چا و شیری گەرم پێشکەش بە میوانەکانم دەکەم. ئەم چایخانە بچووکە، بووەتە شوێنێکی گەشتیاری و لە هەموو جێگەیەکەوە خەڵکی سەردانم دەکەن. ئەم شوێنەی کە چای تێدا لێ دەنێم، کەوتووەتە سنووری عێراق و ئەو شوێنەشی کە میوانەکانم لێی دادەنیشن، سنوری ئێرانە، بەڵام بەلای منەوە هەر کوردستانە. ...

20/11/2024

ناوم جومعەیە، تەمەنم شەست و دوو ساڵە، شاهیدی زۆر ڕووداوی جۆراوجۆری ئەم شارە و ئەو گەرماوە دێرینەیم کە ماوەی چوارساڵ کارم تێدا دەکرد و پاکم دەکردەوە. ئەو کات خەڵکی دەهاتنە گەرماوەکە، بەڵام لەبەر تەمەنی زۆری کە نزیکەی پێنج سەد ساڵ دەبێت، بەشێکی زۆری ڕووخاوە. ماوەی هەشت ساڵ دەبێت کردوومە بە چایخانە و لەبەر ئەو مێژووە دێرینەشی ڕۆژانە گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن. بەردەوام موزیکی کوردی و چا پێشکەش بە میوانەکان دەکەین. ئێمە نانی مێژووی خۆمان دەخۆین. ...

6/11/2024

وەک هەر ژنێکی تری ئەم کۆمەڵگەیە لە ژیانمدا هیچکات حەزم نەکردووە لە ماڵەوە کاربکەم و کارم تەنها یارمەتیدانی خێزان و خواردن دروستکردن بێت. من ویستوومە دەستی خۆم لە گیرفانی خۆمدا بێت، ڕام وایە ژنێک دەتوانێت ماڵێکی گەرم و ڕازاوەی هەبێت و خاوەنی کاری خۆی بێت. بەڵام ئەمە بۆ من قورسە کە لە شارێکی بچووکی وەک مەریواندا بژی. ناوم نگین فەتاحیە، پێشتر دووکانێکی بچووکی جوانکاریم هەبوو، بەڵام وازم لەو کارە هێنا و ئێستا شوێنێکم بۆ شۆردنی ئۆتۆمبێلەکان داناوە و بە هۆیەوە خەڵکانێکی زۆر ڕۆژانە سەردانم دەکەن، تەنانەت لە بەر زۆری کارەکە چەند کەسێکی تریشم دامەزراندووە . ...