Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 15, 2021

"ئێمە هاوژینی یەکین و بە شێوازی ئەکادیمیک زمانی ئینگلیزیمان خوێندووە و پیشەی خۆمان فێرکاری زمانی ئینگلیزییە، هەمیشە دڵەڕاوکێمان بووە لەسەر کزی زمانی دایکمان (زمانی هەورامی) کە بەداخەوە نەبوونی میدیا بووەتە هۆی ئەوەی کە قسەکەر بە زمانی هەورامی، کە زمانی دایکمانە لە بیرمان بچێتەوە. زۆرکات دەمانبینیی کە منداڵانی هەورامی ڕوو ئەکەن لە قسەکردن، چونکە پاراو سۆرانی نازانن. ساڵی ڕابردوو ویستمان ئیشێکی جیاواز دەستپێبکەین تا هەم زمانی هەورامی زیندوو بکرێتەوە و هەم بە شێوەزارێک منداڵان و گەنجانی داهاتوو شەرم نەکەن لە هەورامیبوونیان و لە ڕێگای زانستییەوە زمان و کلتووری خۆیان بناسن و سەری بەرزبکەنەوە.". "ئێمە وەکو یەکەم کەسانێ کە لەم ڕێگادا هەنگاو هەڵدەگرن، هاوژینم کە ماستەری زمانناسییە و خۆی خەڵکی هەورامانی تەختە، توانیمان لە ڕێگای سۆشیاڵ میدیا(ئینستاگرام) ڤیدیۆی ئینگلیزی-هەورامی دابنێین. بۆ هەنگاوی دووەم بە زمانی ئینگلیزی-هەورامی، دێهات و هەوارگەکانی هەورامانمان بە شێوەی کورتە دۆکیومێنت لە سەر ئینستاگرام دابەزاند تا لە پاڵ ناساندنی زمانی هەورامی، خەڵک دێهات، هەوارەکان، میعماری و جیاوازی گوندەکان چە لە بواری زمانی و چە لە بواری هەڵسو‌کەوت، ڕێو‌ڕەسم و ئایینەکانی هەورامان بناسێنین بە جیهان. هەنگاوی سێەم کە نوێترین پڕۆژەمانە، دامەزراندنی یەکەمین فەرهەنگی دەنگی و وێنە(هەورامی-ئینگلیزی)ە". ...

August 26, 2021

"هەر لە منداڵییەوە بە نەقاشی عەلاقەم بوو و هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لە مەدرەسەوە دەس پێبکەم بە کاری هونەری و لە دەبیریستانەوە لای ئوستادانێکی وەکو ئەکبەری مەنسووری کە بەناوبانگەکان بوو لە وێنەکێشاندنا لە کوردستان دەستم بە کارکرد. بە تێعدادی ئەو کەسانەی کاری هونەری دەکەن تاریف جۆراوجۆر هەیە، بۆ من هونەر بە مەعنای باش ژیان بەسەربردنە ئەمەش لە لای هەر کەس مانایەکی هەیە .حزوری هونەر لە تەواوی بەشەکانی ژیانی هونەرمەند ئەبێتە هۆی ئەوە کە ئینسان بتوانێت خۆی لەگەڵ رەوشت و شوێن و زەمان تەتبیق بدات. هونەر ئەبێتە هۆی گەورەبوونی لە ژیان، ئەبێتە هۆی ئارامش و ناسینی دنیا بە شێوازێکی تر و ئەرزش نیان بۆ تەواوی شتەکانی دنیا". "یەکێک لە باشترین کارەکانی من کار لە سەر بەرد و کێوەکان بووە، بەشێکی زۆر گرینگ لە ژیانی مەردمی هەورامان کە بە بەرد یان کوچک ژیانیان سازاندووە. لە بیرم دێت بۆ ئێمە کە لە گوند بووین و لە بنەماڵەی فەقیر بووین ئیمکانی ئەوە نەبوو کە بڕۆینە کلاس و هەر ئەوکاتە بوو کە بۆ یەکەمجار بۆ کار ڕۆیشتمە تاران و ئەوەڵین کارێک کە دایان پێم بە پاچ کەندن قیلەتاو سەر خیابان بوو. هیچکات ئەوەم بیرناچێت ئێوارە لەبەرئەوەی ئەوندە کارم کردبوو خوێن لە دەستم دەهات و ئەمە بوو بە دەسپێک بۆ ژیانی پڕ رەنج کە لە ساڵانی داهاتوو هەر زیاتر و زیاتر دەبوو. تکراری ئەمانە بوو بە هۆی ئەوە کە من گەورە بم و ژیانێکی پڕ تەجروبە تەجرووبە کەم". ...

July 30, 2021

"لەسەر سنووری بازەرگان بەینی ئێران و تورکیا خەریکی کار لە سەر فیلم بووین، ئێوارە بوو و خۆر خەریکبوو دەنیشت. سەربازێک لە سەر گۆیاری بوو لە دڵم گۆتم چەن خۆشە ئەو سەربازە کە دەتوانێ هەموو ئێوارەیەک خۆرەزەرد ببینێت. چەن چرکەیەک تماشایم کرد دۆستانم هەموو رۆیشتن و لە من دووربوونەوە، من هەر تمشای سەربازەکەم دەکرد بەڕێگەچوونی دیار بوو کە زۆر پەشێو و ناراحەتە و خەمی لێ دەباری. کە چی چاوی کەوت پێم بزەی پێکەنینێک هاتە سەر لێوی کە دیتم منیش بە پێکەنینێک و دەس تەکاندانێ وڵامیم دایەوە و ئەویش دەسی بۆم تەکان دا و دوایی هەنگاوەکانیم بینی کە توندتر و بەهێز بوو دیتم کە بە تەواوی ئەو بنیامە گۆڕا. ئەبێ بە سینەما بڵێم سپاس بۆ تۆ کە کارێکت کرد شادی و خەونەکانی مرۆڤان لە نزیکەوە ببینم و بۆ شوێنی جۆراوجۆر بڕۆم تا هەستی مرۆڤەکان بناسم". ...

July 6, 2021

(لێرە مەوەستە، ئەگینا سەرت بە بەرد دەشکێنن) "ئەمە یەکەم ڕستە بوو لە زەماوەنی پیرشالیاری هەورامان پێیان وتم و پڕ بە دڵ زیزی کردم، منێک کە دەمویست خزمەت بەو کۆمەڵگایە بکەم و ئەو مەراسیمە بە دەقێکی زانستیانە دایڕێژم، تاوتوێی بکەم و بە جیهانی بناسێنم، بەڵام لێرە بە هیچ شێوازێک نە پلەی زانستیم دەبینرا و نە مەبەستەکەشم! ئەو شتەی تەنیا لە من دەبینرا لەشم بوو وەکو ژنێک. ژنێک کە بە درێژایی مێژوو پڕ بوو لە هەڕەشە و گوڕەشە، پڕ بوو لە سەرکوتکردن و دەنگکوژران. لەوێ بۆ یەکەم جار ڕوانگەی خۆم بۆ ئەو مەسەلە گۆڕی و نەمویست کۆڵ بدەم. دەمزانی دەبێ کارێکی جیاواز بگرمەبەر، گەرچی دوور و درێژ بەڵام پێویست و بەرچاو! بۆیە هەستم کرد وەکو ژنێک دەبێت ئەزموونی خۆم بەبێ کەموکوڕی لەو بەشەدا باس بکەم. واتا ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەم هەڵبژارد، نەک تەنیا بۆ زەماوەنی پیرشالیار؛ بەڵکو بە گشتی بۆ ئوستوورەکانی کوردی کە بە هێژمۆنیایەکی ئایدیۆلۆژیک، وەکو بەڵگەیەک لە مێژووی کوردەواری، ژنیان لە ناو بردووە یان خستوویەتە پەراوێز". "لە ڕاستیدا ئەو شتەی تا ئێستا سەبارەت بە ئوستوورەکانی کوردی خراوەتە ئاراوە، ڕوانگەیەکی پیاومێحوەرانەی هەبووە و جێدەستی ژنان لە ناویدا خاڵییە. گەرچی لەم بوارەدا ئەوەشم لە بەرچاو گرتووە، ئەزموونی ژنی کورد جیاوازە و لە چوارڕێیەکی زوڵمدا، دەستدرێژی پێکراوە. ئێستا بۆ ماوەی حەوت ساڵە لەم بەشەدا چالاکی دەکەم، گەرچی لەم ماوەیەدا هێرشی زۆر کراوەتە سەرم و بەرنگارییان لەگەڵدا کردووم، ئەم بەرنگاریانەش زۆرتر لە لایەن پیاوان بووە، چونکە پێیانخۆش نەبووە هیچ جۆرە گۆڕانکارییەک لە دەسەڵاتیاندا بکرێت. بەڵام من خۆم نەدۆڕاندووە و ئێستاش بڕیارە لە ساڵی داهاتوو، یەکەم بەرهەمی تایبەتی خۆم کە پێکهاتووە چەندین خوێندنەوەی جیاواز لەم مەسەلەیە، لە قاڵبی کتێبێکدا بڵاویبکەمەوە. هیوادارم بۆ یەکەم هەنگاو بتوانم خزمەتێکی هەرچەن چکۆلەم، یەکەم بە ژنانی کورد و دوایی بە کتێبخانەی کوردیم کردبێت. بەو ئاواتەی لەمەو بەدوا، جێدەستی ژنانی‌ تریش لەم بەشەدا زیاتر ببینین". ...

May 29, 2021

"پازدە ساڵم بوو کە مێردم کرد، بە دڵی خۆم نەبوو و خۆشم نەبوو. هەر لە سەرەتای ژیانەوە کێشە و گیروگرفت دەستیپێکرد و ساڵێکی نەخایاند کە لەیەکتر جودا بووینەوە. لە کۆمەڵگەی ئێمە بە تایبەت لە گوندەکان بە شێوەیەکی زۆر خراپ بە ژنی موجەرەد تەماشا دەکەن، یانی وا بیر ئەکەن تاوانبارین بۆ ئەوەی کە ژیانمان شێواوە. زۆر سەختە لە ناو ئەمانە ژیان بەسەربردن و مەعەزەب دەبی. رۆژێک هەیە لە ژیانم کە هیچکات لە بیری ناکەم، داواکارێکم بۆ هاتبوو و منیش گوتم مێرد ناکەم و حەزم نییە لە ژیانی هاوبەشی. هەر ئەوکاتە دانەیەک لە خزمەکانمان هات و گوتی بۆ مێرد ناکەی نانی شوو و مێردەکەت زۆر بێمنەتترە لە نانی بابت. ئەو کاتە وەختبوو قەلبم دەربێت ئەوەندە ژیان لام ناحەز بوو. پێم سەیربوو باب بۆ نان دان بە منداڵی خۆی ئەبێ منەت لە سەری دابنێ. هەر لەو رۆژەوە بڕیارمدا کە لەسەر پێی خۆم راوەستم و دەستمکرد بە ئیشوکار، لە کەناری ئەوەش دەستمکرد بە دەرس خوێندن. کە کارەکەم دەستیپێکرد بۆ خۆم ژیانی تازەم دروستکرد. ئێستا من بە ئیفتخارەوە لەناو کومەڵگا ژیان بەسەر ئەبەم و ئەوەی کە دەستم لە گیرفانی خۆمدایە ئازادیشی پێمداوە". ...

May 24, 2021

"له زانکۆ بووم دایک و باوکم بەساڵاچووبوون، و چونکە منداڵەکانی دیکە یانی خۆیشک و براکانم هیچکامیان نەچوون بەخێویان بکەن، من مەجبوورکرام کە زانکۆ وێڵکەم و بڕۆمەوە بۆ گوند و لای دایک و بابم بمێنمەوە. هەر لەوکاتەوە بوومە گەورەی ماڵ و بوومە دایک و باب بۆ دایک و باوکم. بە جوتیاری ژیانم بە سەر برد، لەو کاتانەدا بە بۆنەی گرانی و دەرامەتی جوتیاری کەم بوو، دەستمکرد بە کرێکاری لە سەدی ئازاد. ئەوکاتە بەبۆنەی ئەوە کە کارم دەسکەوێت و بە عینوانی کچێک کێشەم بۆ ساز نەبێت، جلی کچانەم لەبەر دەرهێنا و جلی پیاوانەم لەبەرکرد و لەگەڵ پۆشینی ئەو جلە لە دنیای کچی خواحافیزیم کرد. لەوکاتەوە تا ئێستا بە ئەم شێوازە ژیانم بەسەربردووە. زۆرجار رەخنەم لێدەگیرێت کە بۆ بەم شێوازەوە دەگەڕێم بەڵام کەس بیری بە ئەوە نەکرد بۆ ئەم شێوازەم هەڵبژاردە". ...

March 29, 2021

"چەن ساڵ کارگاە و دوکانم بوو وە کارم کردە، بەڵام بە دوای گرانی جێگە بۆ پیشەکە و نەبوونی موشتەری زۆر، هاتم و ئەمبار ماڵی بابمم کردە کارگاە و لە کەناری وەسیلەکانی (کەلوپەلەکانی) ئەوان وەسیلەکانی خۆمم داناوە و وردە وردە وەسیلەکانم جفت و جور (ڕیکخست)کرد. من لە سنە کەسانێکم کە کارێکیان لە سەتحی ئێران یەکە، بەڵام لە هیچ لایەکەوە هیچ پشتگیرییەکمان لێناکرێت. بۆیە ئێستە فەقەت لە فکری ئەوەم کە لە دەرەوە موشتەری بۆ کارەکانم پەیدا کەم. لەبەرئەوەی کاری دەست زۆر سەختە و هونەرێکی تایبەتە حەیفە ئەم کارەی ئێمە پەرەی پێ نەدرێت. بەردەوام کە کار ئەکەم بۆ خۆم ئامۆزشیش ئەدەم و شاگردم هەیە و ئەوانیش خەریکن لە ئەم رێگەوە بژێوی ژیانیان ئەکەن". ...

March 16, 2021

"لای ئێمە ئەگەر برا لە کچ گەورەتر بێت، ئیتر قسە قسەی ئەوە و ئەبێت هەرچییەک برا ئەیڵێت بە گوێی بکەین. نەکریا دەرس بخوێنم بۆیە دوای چەن ساڵ کە لە ماڵا بووم چوومە دوکانێک لە مەحەلەکەمان و لای ئارایشگەری فێربووم. ئەوەڵی بنەماڵە موخالف بوون بەڵام دوایی کە زانییان جێگایەک کە فەقەت خاتوونەکان دێن هێشتیان. دوای چەن ساڵ شاگردی، بە فرۆشتنی جووتە گوارەکانم ئەم دوکانە بچووکەم داناوە. شوکر ئێستە وردە وردە خەرجی خۆم دەردێنم و زۆریش رازیم. هەر ئەوەی کە هەموو کات لە ماڵ نیت و دەتوانی ژیانی جۆراوجۆری خەڵک ببیستیت لە زمانی ژنەکان کە دێن بۆ ئارایشگا، زۆربەی کات لەگەڵیان پێئەکەنم و زۆربەی کاتیش لەگەڵیان ئەگیرم". ...

March 14, 2021

"چل ساڵ ئەبێت خەریکی ئەم کارەم، هەر ئەو کاتەی بابم مرد دەستمپێکرد بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە کۆمەک بکەم کە ئێحتیاجیان بوو. چەن کەسێکی کەم هەبوون کە ئەم کارەیان ئەکرد هەر کامیان لە گوندێک دەژیان، بەڵام ئێستە هەموویان مردوون و فەقەت من ماوم. گێڕانەوەی دەست و پێی شکیاو لە بابم فێر بووم، نەهاتووە پێش کە لەم چەند ساڵەی کاردەکەم خەتایەک لە من روو بدات و ببمە باعیس خەڵکی، ئەگەر نەمتوانیبێت هەر ئەو کاتە وتوومە پێیان و بۆ دکتۆر ناردوومن. ئەم ساڵانە هەموو کات درگای ماڵەکەم باز بووە و شەو و نیوە شەو خەڵک بۆ دەرمان هاتوونە لام. هیچکات بیرم لە پارە نەکردووەتەوە و فەقەت حەزم لە ئەوە بووە کە بە خەڵک کۆمەک بکەم، بۆیە ئێستەش حەز دەکەم مناڵەکانم فێربن و لە داهاتوو کە من نەمام بتوانن یارمەتیدەری خەڵک بن، بەڵام بەداخەوە حەزیان لێینیە. چەن ساڵە هاوسەرەکەم لەدەسداوە و تەنیام، بەڵام بە بۆنەی ئەم خزمەتە شوکر خەڵک دێنە لام و حورمەتم بۆ دادەنێن و تەنیا نابم، ئیتر لە ئەمە زیاتر چیم لە خوا گەرەک کە خەڵک لێم رازین". ...

March 12, 2021

"ئەوکاتەی ژیانم ناسی لەناو کۆمەڵگایەکی نیشتمانپەروەردا بووم، کەسانی دەووروبەرم باسی زمانی دایک، نیشتمانی سەربەخۆ، مافی مرۆڤ و ئازادییان دەکرد. تەواوی ئەو وشانە لەلای من زۆر قورس بوون و مانای هیچ یەک لەو وشانەم نەدەزانی تا ئەو کاتەی بۆ یەکەم جار بەشداریم لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی کوردەواری کرد. ئەو کاتەی کە سروودی مامۆستای مۆسیقای کوردی حەسەن زیرەکم بە زمانی لاوێتی خۆم دووپات دەکردەوە. ئەو کاتە بوو دەمارەکانم هەستیانکرد بێبەشم لە زمانی دایک لە نیشتمانی سەربەخۆ، لە مافی مرۆڤ و لە ئازادی تاکەکەسی. هەر لەو رۆژەوە بە هیوای بەدەستهێنانی ئەو ئاواتانەوە ژیانم خۆشویست. خۆشترین کاتی ژیانی منی کچە کورد ئەو کاتەیە کە گەل و نیشتمانەکەم ئازاد بێت". ...

March 9, 2021

"زەمانی قەدیمی ئێمە پڕبووین لە کار و کوێرەوەری بەڵام ئێستا بە تەواوەتی ژیان خۆشترە چە بۆ ژنان چە بۆ پیاوان. کاروباری ژیان رەحەتترە. برام شەهید بوو وە کوڕم کوژرا، ئەمانە زۆر بۆم سەخت بوو. لەوانەیە هەندێجار ناخۆشتربێ کاتێک کە مەرگ بە شێوازێکی ناحەز خۆی پیشان دەدات. بۆ من بە ناخۆشترین شێواز خۆی نیشانیدا کاتێک کوڕەکەم لە گەڵ یەکێک لە هاوڕێکانی بەیەکەوە گاڵتە و شۆخیان دەکرد و بەهۆی دەرچوونی تاپڕ گیانی لەدەستدا. کوڕەکەم خاوەنی ژن و منداڵە و دوو کوڕی هەیە، چونکە دەمانزانی ئەو هاوڕێیەی کوڕەکەم بێگوناحە و تاوانبار نییە بەخشیمان و هەر بەخۆشی لەگەڵ ئەو بنەماڵە هاتوچۆ دەکەین. برایەکەشم بە مین گیانی لەدەستدا. ئەوانە خەفەتی ژیانی من و بنەماڵەکەم بوون. بەس زەلیل و کەفتەکاری جێگە نەبین، چونکە سەختە بم بە ملی منداڵەکان و ئەزیەتیان بدەم. لەم ساڵانە زۆر بووەتەوە ئەو دایک و بابانەی کە کەفتەکاری جێگە ئەبن و چەند سەختیان لێ دەچێت کاتێک کە مناڵ بەخێویان دەکات". ...

March 2, 2021

"خۆشترین کاتی ژیانم ئەو کاتانەیە کە مۆسیقا گوێئەدەم و لەگەڵی کاری هونەری دەکەم، تەواوی هونەرەکان جێگەی ڕێزیان هەیە چونکە ژیانمان بە تەواوی دەگۆڕێت، بۆ من وا بوو بۆیە لە دوای ماوەیەک کاری تەراحی و کاریکاتۆر بەردەوام بووم و وێنەگریشم دەستپێکرد. ئەم ساڵانە زۆرترین کاتم بۆ وێنەگری داناوە چونکە خۆشترین کاتی بۆم خوڵقاندووە. ناخۆشترین کاتم ئەو کاتەیە کە بەعنوان مرۆڤێک وجودم هەبێت بەڵام بە سوود و بە کەڵک نەبم و ئومێدم بە ژیان نەبێت. لە ڕوانگەی منەوە ژیان فرسەتێکە بۆ ئینسان دەبێت زندگی کەین و هەرچەن کەیفیەتی ژیان باشتر ببێت باشترە، چونکە ئەو باش بوونەی هەموو جیهان دەگەرێتەوە. نابێت بێخەیاڵی ژیان بین و بڵێت ئەڕوات و گرینگی پێنەدەین. زۆر جار دەتوانی ژیان بە دڵی تۆ بێت و خۆمان داهاتووی خۆمان بسازنین. داهاتوو بۆم گرینگە چونکە دەزانم کاتێک گەیشتمە داهاتوو بیر بە ئێستەم دەکەم و هەر بۆ ئەمەش هەوڵدەدەم ئێستەم بە دروستی بڕواتە پێش و بە ئێستەم زیاتر بەها بدەم". ...