Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 73

June 15, 2020

"لەگەڵ کچێکدا قسەمان دەکرد و پێی وتم حەزەکەم بتبینم، منیش ڕازی بووم، وتی وەرە بۆ نەخۆشخانەی وڵووبە. بۆ ڕۆژی دواتر، بە هاوڕێیەکم وت لەگەڵم وەرە ئەچین بۆ نەخۆشخانەی وڵووبە بەڵام پێم نەوت بۆچی ئەچم، بەس حەزم کرد کەسێکم لەگەڵدا بێت، کە گەیشتمە ئەوێ پێی وتم، 'کوای، چیت لەبەرە؟' منیش پێم کە وت چاکەتوپانتۆڵم لەبەرە - تەبعەن جسمی من ئەسڵەن چاکەتوپانتۆڵی بۆ نابێت، کە چوومە نەخۆشخانەکە یەک شیڕەشیڕ و هاوارێک بوو، بڕۆ مەوەستە و وەرە سەرەی تۆیە...

Humans of Kurdistan - South 72

June 14, 2020

"17 ساڵە دەستم کردووە بە کاری دروومان. سەرەتا لە بەردەستی پورزایەکمدا فێری ئەم کارە بووم، جلم بۆ ناسیاوەکانم دەدرووی. مەکسیم دەدرووی لە بری قۆل بنێم بە شانەوە، دەمدا لە ملی. هەر بەردەوام بووم، هەتا گەشتم بە ئێستا. جارێک ژنێکی بەتەمەن چاکەتێکی شلیلەی بۆهێنام، شانەکەی شۆڕ بوو، قۆڵەکانم لێ کردەوە و چاکم کرد، لەو کاتەدا ئیشێکم بۆ دروست بوو و دەستم لێ هەڵگرت، دواتر گەڕامەوە قۆڵێکیانم نەدۆزیەوە...

Humans of Kurdistan - South 71

June 13, 2020

"لە ساڵانی 88 بۆ 89 تەکسیم پێ بوو، بەڵام کۆڕەوەکە هات بە سەرا و من تەکسییەکەم فرۆشت. کاتێک گەڕاینەوە شار نەمتوانی تەکسییەکە بکڕمەوە. لە ساڵی 1996 ئەم دوکانەم دانا، ئەو کاتە جلی کۆنە و شتی ماڵانمان دەکڕی و دەمانفرۆشتەوە، وردە وردە خۆمان قوماشمان دەکڕی و خۆشمان جلوبەرگمان لێ دروست دەکرد و بە حازری دەمانفرۆشتەوە. لەو ساڵەوە من هەر لەم گوزەرە ئیش دەکەم. ڕۆژانە کە دێمە سەر کارەکەم، تەنیا خەیاڵم لای یەک شتە، ئەویش دابینکردنی کرێی خانووەکەمە پێش ئەوەی بگاتە سەری مانگ، لەبەر ئەوەی کرێچیم...

Humans of Kurdistan - South 70

June 9, 2020

"پێش ئەوەی حکومەتی هەرێم بڕیاری ناردنەدەرەوی نەوت بدات، من لە ناو بازاڕ جگەرەم ئەفرۆشت و پارەیەکی زۆرم خستبووە ناو ئیشەکەمەوە، بەڵام هەر بە بڵاوکردنەوی هەواڵی ناردنی نەوتەکە، بازاڕ بە شێوەیەکی زۆر خێرا شکا و منیش زەرەرێکی زۆرم لێكەوت لەو کاتەدا، 13000 دیناری ئەو سەردەمە زەرەرم کرد، زۆر زۆر بوو بۆ ئەو کاتە، پارەم هیچ پێنەما، پاشان لە بێ پارەییدا وازم لەوە هێنا، دەستم کرد بە سەماوەر و زۆپا چاککردن، تا ئیستاش نەمتوانیوە قەرەبووی ئەو زەرەرە بکەمەوە، بەڵام قەد ئەو هەستەم لای خۆم دروست نەکردووە بێتاقەت بم، ئیتر ئەوە ژیانە...

Humans of Kurdistan - South 69

June 8, 2020

"دەرچووی پەیمانگەی تەکنەلۆجی بەغدام، بەشی کارەبا. کاتێک دامەزرام ناوم لە هەولێر هاتەوە بەڵام خۆم نەقڵ کرد بۆ سلێمانی و بۆ ماوەی 2 ساڵ دەوامم کرد. ڕۆژێکیان دوای دەوام چووم بۆ لای مزگەوتی گەورەی سلێمانی، ئەو کاتە شەڕی ئێران و عێراق بوو، جەیشی شەعبییان ئەگرت، نەمزانی، منیان گرت وتیان 'چی ئەکەی؟' پێم وتن من فەرمانبەرم، ئەوەتا ناسنامەکەشم، وتیان 'سەرکەوە!' پاسێکی دوودەرگاییان وەستاندبوو، لە دەرگای پێشەوە سەرکەوتم، لە دەرگاکەی دواوە دابەزیم و ڕامکرد بێ ئەوەی ئاوڕ بدەمەوە دواوە. تا دوو ڕۆژ نەموێرا تەنانەت بچمە ماڵیشەوە، نەمدەزانی چی بکەم، چووم تەکسییەکم کڕی و تا ساڵی 1990 لە دوای ئەوە هاتمە ئەم بازاڕە و دەستم کرد بە ئیشێکی تر: چاککردنەوەی جیهازی کارەبایی. لەبەر ئەوەی خۆم بەشی کارەبام تەواو کردبوو حەزم لەم ئیشە بوو، وا ئەبێ بە 21 ساڵ هەر خەریکی ئەم ئیشەم." ...

Humans of Kurdistan - South 68

June 6, 2020

"لە ساڵی 50کان کە سەردەمی مەلەکی بوو لە زۆرێک لە گەڕەکەکان سەمەنییان دروست ئەکرد و بە سەر خەڵکدا ئەیان بەخشییەوە - سەمەنی جۆرێک شیرینی تایبەت بوو شێوەی کەمێک لە محەلەبی ئەچوو - کاتێک حازر ئەکرا، بە مەنجەڵ بەسەر ماڵەکاندا ئەگەڕان و یەک یەک سەمەنێکیان بۆ ئەخستنە قاپی بچووکەوە، کە ئەو کاتە قاپەکان هەمووی مس بوون، ببوو بە بۆنەیەک و هەموو ساڵیک دووبارەیان ئەکردەوە، بەڵام لە ئێستادا نەماوە، لەگەڵ دروستکردنی چیخی سەربانەکان - کە ئێستا ستارەی پێ ئەڵێن - هەروەها پەرژین بۆ ماڵەکان، خەڵکی شارەکە کۆمەڵێ یاد و نەریتی لە دەست دا، چیتر خێزانەکان وەک جاران تێکەڵاوییان نەما." ...

Humans of Kurdistan - South 67

June 3, 2020

"وا دەبێ بە 2 ساڵ ئیشەکەی من دانیشتنە لەسەر ئەم کورسییە و بڕینی بلیت بۆ ئە کەسانەی سەردانی ئەم سەیرانگەیە دەکەن، وا هەست مەکە ئیشەکەم زۆر خۆش و ئاسانە، هەموو ڕۆژەکانم وەک یەکە و دووبارەیە، زۆر هەست بە مەلەلی ئەکەم لێرە، بەڵام مەجبووریشم بیکەم، زۆر کەس هەیە کە دێتە ئێرە پارەکەت بۆ فڕێ ئەدا و هەندێ کات بلیتەکەت هەر لێ وەرناگرێت، هەست بەوە ناکات من تەنیا کارمەندێکم، وا ئەزانێ پارەی چوونەژوورەوەکەی ئەچێتە گیرفانی منەوە." ...

Humans of Kurdistan - South 66

June 2, 2020

"سەرچنار بۆ زۆرێکی وەک من پڕیەتی لە یادگاری، گەنجێتیمان لە چەند شوێنێکی شاردا بەسەر ئەبرد، سەرچنار یەکێک بوو لەو شوێنانە. هەر بۆیە ئیستاش لە خەیاڵماندا دەرناچێت، بۆ من خۆشییەک و جوانییەکی تایبەتی هەیە، ئەمڕۆش بە خۆشی کاکە میکالی کوڕم کە تەمەنی بوو بە یەک ساڵ بڕیارم دا بێینە سەرچنار و یادی لەدایکبوونی کوڕەکەم لە سەرچنار بکەینەوە. ئاهەنگێکی بچووک و خۆش دروست بکەین بۆی. بیرمە جارێکیان منداڵەکانم هێنا بۆ ئێرە و لە ڕێگا کۆمەڵێک میوەمان کڕی، چووم میوەکانم هەر بەو ئاوە بۆ شۆردنەوە، بەس نەمزانی ئاوەکە ئەوندە پاک نییە، نەگەشتینە ماڵەوە هەمومان گێژ ببووین و توشی ڕشانەوە بووین." ...

Humans of Kurdistan - South 65

June 1, 2020

"من ئێستا هاتوومەتە دەرەوە، زۆر زۆر زۆر دڵم خۆشە، ئەمەوێت نان بدەم بە ماسییەکان و بچم یاری بکەم، ئینجا نان بخۆین و بڕۆینەوە ماڵەوە، ئینجا زۆر زۆر حەزم لە دەرەوەیە، بە هۆی کەرەنتینە بێتاقەت بووم لە ماڵەوە، لە ماڵەوەش نە کارەبا هەیە تۆزێ پلەیستەیشن بکەم نە ئایپادیش شەحن وەردەگرێ، زۆر زۆر بێتاقەتم، حەزئەکەم بچمە دەرەوە شتی خۆش ببینم." ...

Humans of Kurdistan - South 64

May 29, 2020

"من شۆفێری عەسکەری بووم لە بەشی تەندروستی، شۆفێری دوو دکتۆر بووم، کرۆنایەکی مۆدێل 85م پێ بوو، تەرخان کرابووم بۆ کڕینی شتومەکی سەربازی. ئەو کاتە زۆربەی پارچەکان ڕۆمانی و ئەڵمانی و فەرەنسی بوون، زۆر زۆر باش بوون، بە هیچ شێوەیەک پارچەی چینی نەبوو لەم وڵاتەدا. کاتێک ئەچووین شتمان ئەکڕی، منیش چاوم کرایەوە، سەرنجم چووبووە سەر کۆمەڵێ فەرشی ئەوکات کە زۆر جوان بوون. لە ساڵی 1991 کاتێک حەسار خرایە سەر عێراق، من دەستم کرد بەم ئیشە. بازاڕێک هەبوو پێیان ئەوت بازاڕی مرێدی، وردە وردە فەرشم ئەهێنا و لای خۆمان ئەمفرۆشتەوە، تا وام لێ هات شارەزاییەکی زۆر باشم لە فەرشدا پەیدا کرد، ئیستا زۆربەی فەرشەکانی جیهان ئەناسمەوە، لە ڕووی باشی و خراپییانەوە." ...

Humans of Kurdistan - South 63

May 26, 2020

"خێزانم زۆر ژنێکی خانومان و دەستڕەنگینە. خواردنی دەستیشی زۆر خۆشە، بەس یەک کێشەی هەیە؛ قەلی کوردی بە دڵ و بە گیان ئەکڕم، نایخوا! زۆرم ‌حەز لێیە خواردنی چاک بخۆم، بەیانیان لە ناو بازاڕ 2-3 شیش جگەر یان گۆشت ئەخۆم، نیوەڕۆیانیش، هەرچی بخۆم بە یەکێکدا ئەینێرمەوە بۆ ژنەکەم، ئێوارانیش مەنجەڵی گەورە گەورە چێشت لێ ئەنێت، مناڵەکان هەمووی گەورە بوون و چونەتە ماڵی خۆیان، بەڵام تا ئێستاش کە نان لێ ئەنێین، بەشی ئەوانیش لێ ئەنێین. ئێواران دێن و هەر کەسە و بەشی خۆی ئەبات و ئەڕواتەوە ماڵی خۆی." ...

Humans of Kurdistan - South 62

May 22, 2020

"گوێگرتن لە گۆرانی خۆشترین شتی ژیانم بوو، بە تایبەتی گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک، بە جۆرێک عاشقی ئەو گۆرانیبێژە ببووم، بەردەوام دەگەڕام لە تەسجیلاتەکان هەر گۆرانییەکی تازەی حەسەن زیرەک هەبوایا دەمکڕی و گوێم لێ دەگرت. جارێکیان وتیان حەسەن زیرەک لێرەیە و وا لە سینەمایە، ساڵی 1966 بوو، منیش بەپەلە خۆم گەیاندە سینەماکە، لە دورەوە حەسەنم بینی بەڵام نەمتوانی لە نزیکەوە بیبینم و قسەی لەگەڵدا بکەم. ڕۆژانە بە بێ گوێگرتن لە گۆرانی هیچم پێ ناکرێ، لە هەر شوێنێکیش بم ئەبێ تەسجیلێکی لێ بێت. ئەم شوێنە بچکۆلەیەم هەیە ئیشی تیا دەکەم، بەس وا ئەبێ بە 10 ڕۆژ تەنیا توانیوومە دانیشـم و تەسجیلەکەم ئیش پێبکەم و گوێ لە گۆرانی بگرم، یەک دینارم پەیدا نەکردووە." ...