Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 85

July 17, 2020

"ئامانجەکانم زۆرن، بەڵام زۆربەی ئامانجەکانم پێویستی بەوەیە لە پێگەیەکی دیاریکراودابم بۆئەوەی بتوانم یارمەتی کەسانی دیکە بدەم و گۆڕانکارییەک دروستبکەم لە بواری ڕۆڵی ژنان لە کوردستان، بەڵام ژیان لە دهۆک لە زۆر ڕووەوە دەمبەستێتەوە، لەوانە، کلتور و ژینگەی داخراوی شارەکە. شارەکانی دیکەی وەک سلێمانی و هەولێر کراوەترن بۆ ئەو بابەتانە و ژن لەوێ ئازادترە لە هەڵبژاردنی ئەو شتانەی دەیەوێت بیانکات. منیش لە منداڵیدا وەکو هەر کچێکی دیکە زەختی خێزانم زۆر لەسەر بوو و زۆر ڕێگرم بوون. بۆ ئەوەی هاوکاربین لە چارەسەری ئەم کێشەیە، پێویستە دەسبەکاربین بۆ بڵاوکردنەوەی پەروەردە و پیشاندانی گرنگی بەدیهێنانی خەونەکانی نەوەکانمان بۆ کۆمەڵگا و بە تایبەتی بۆ دایکان و باوکانی منداڵان. بە تایبەتیش لەو بابەتانەی پەیوەندی بە پرسی ژنانەوە هەیە." "تەمەنم ٢٠ساڵبوو، کاتێک دەستم بە کارکردن کرد لەگەڵ ئەو کچە ئێزیدییانەی لە دەستی داعش هەڵهاتبوون. سەرەتا کە گوێبیستی چیرۆکەکانیان دەبووم زۆر قورس بوو لەلام، نەمدەتوانی باوەڕبکەم کە مرۆڤانێک هەن دەتوانن تا ئەو ڕادەیە ئازاری کەسانی دیکە بدەن. خۆم شایەتی ئەو حاڵەتانە بووم کە بەبەرچاوی خۆمەوە دەمبینی منداڵێک لە دایکی جیادەکرایەوە تەنها لەبەر ئەوەی ئەم منداڵە لە ئەنجامی دەستدرێژی سێکسی لەدایک بووە. کارێکی قورسە کە هەوڵبدەیت باوەڕ بە کەسانێک بهێنیت دوای ئەو هەموو کارەساتەی بەسەریاندا هاتووە کە شتەکان باشدەبن و ئاسایی دەبنەوە. لەدوای ئەزموونی خۆم، ئامانجم ئەوەیە زۆرترین ژن بهێنمە ناو ئەم پڕۆژەیەی بەڕێوەیدەبەم و یارمەتیان بدەم بۆ دروستکردنی متمانە بەخۆبوونیان و پیشانیان بدەم کە ئەوانیش چەندە بەتوانان." ...

Humans of Kurdistan - South 84

July 14, 2020

“ئەوسا تەسجیل و ڕادیۆ هەبوو، خەڵکیش زۆر بەکاری ئەهێنا. سەردەمی گەنجیم زۆر حەزم لە ئیشی چاککردنی پارچەکانیان بوو. بەڵام دوای هەڵکشانی تەمەنم وردە وردە تاقەتی ئەو ئیشەم نەما، لەبەرئەوەی ئیشێکی ورد بوو. لەدوای ئەوە دەستمکرد بە چاککردنی پارچەی شتی ئاسانتر لەوان، بەڵام هێشتا ئەو ئارەزووەم هەر ماوە. ساڵانی حەفتاکان بوو، ڕادیۆیەکم هەبوو زۆر دڵم پێخۆشبوو، کێشەیەکی تێکەوتبوو بردم بۆلای وەستایەکی عەرەب، وتی بە دینارونیوێک بۆت چاکئەکەمەوە، کاتێ گەشتمە ماڵەوە وەک خۆی لێهاتەوە، خێرا ڕۆشتمەوە ناو بازاڕ بۆلای وەستایەکی تر پێیوتم بە دینارێک چاکی ئەکەم، بەڵام پێم نەبوو. هەربۆیە بڕیارمدا خۆم فێری ئەو ئیشە بکەم وخۆم ڕادیۆکە چاکبکەمەوە، تا وایلێهات زۆر باش فێری ئیشەکە بووم و خەڵکی گەڕەک هەمووی شتی بۆ ئەهێنام بۆ ماڵەوە بۆم چاکئەکردنەوە.” ...

Humans of Kurdistan - North 0

July 13, 2020

"هەرکەس ئەمبینێت ڕاستەوخۆ سەرنجی دەچێتە سەرچاوم، زیاتر هۆکارەکەی ئەوەیە پێستم زۆر ئەسمەرە. خۆم خەڵکی خانەقینم، بەڵام چەند ساڵێکی زۆرە هاتوومەتە ئێرە و لەم چایخانەیە لەگەڵ هاوبەشەکەم کارەکەم. رۆژانە گەشتیار ڕوودەکەنە چایخانەکە، زۆر ئەپرسن چاوم عەدەسەیە یاخود سروشتییە، ڕۆژێکیان ژنێک هات هەمان پرسیاری لێکردم، پاش ماوەیەک گەڕایەوە و وتی لە سلێمانی زۆر گەڕاوم بۆ عەدەسەیەک لەو ڕەنگە بەڵام دەستم نەکەوتووە." ...

Humans of Kurdistan - South 82

July 10, 2020

"جیلی ئێمە سەردەمێکی خۆشی بەڕێنەکرد، بەردەوام ڕاکردن، خۆشاردنەوەو ترس. هەموو رۆژێک ئەگەری زیندانیکردن و لەسێدارەدانمان هەبوو، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکمدا لەناو شاردا کاری تەنزیمیمان دەکرد، بەڵام ئێستا زۆربەیان لە ژیاندا نەماون وهەندێکیان شەهید بوون، من ئەو سەردەمە سەر بە حیزبی پاسۆک بووم، گرنگ نەبوو سەر بە چ لایەنێکیت، گرنگ ئەوە بوو لە پێناو کورددا چالاکیت هەبێت دژ بە حکومەتی بەعسی ئەو کاتە. لە دوای ماوەیەکی زۆر وازم لە چالاکی حیزبی هێنا و خۆم سەرقاڵکرد بە ژیانی تایبەتی خۆمەوە، هەرچەندە لە ئێستادا زۆر شت هەیە کە چیتر گرنگ نییە بۆم، تاکە شت کە خەیاڵم لای بێت تەواو کردنی خوێندنی منداڵەکانمە بە سەرکەوتویی و ببینم داهاتوویەکی باشیان هەیە." ...

Humans of Kurdistan - South 81

June 30, 2020

"لە دوای تەواوکردنی کۆلێژی هونەر، یەکەم کارم دەست پێکرد، بە تەنگەژەی زۆردا تێپەڕیم، زۆربەی ئەوانەی لە دەوروبەرم بوون پێیان وا بوو توانام نییە و کۆڵ دەدەم، بەڵام من نەوەستام و بەردەوام بووم، چونکە ئامانجم ڕوون بوو. ئێستا خاوەنی پڕۆژەی سەربەخۆی خۆمم بە ناوی پڕۆژەی 'وێنە جووڵاوەکانی میسۆپۆتامیا'، پڕۆژەیەکی درێژخایەنە و بەشی یەکەمی بۆ ماوەی دوو ساڵ بەردەوام دەبێت کە تێیدا کار لەسەر کلتووری کوردی، بە تایبەت شێوازی تەلارسازی و جلوبەرگ و خشڵ و خواردن و سەما و گۆرانی و چیرۆکی نەنووسراوە دەکەین. کارکردنمان لە چوارچێوەی جوگرافیای ئەو ناوچەیە دەبێت کە پێی دەوترێت کوردستانی گەورە و هەر لە کۆنەوە چەندین نەتەوە و ئایین و زمانی جیاواز تێیدا ژیاوە، بۆیە گرنگە کۆکراوەیەکی کەلتووریمان هەبێت بۆ ڕێگریکردن لە لەناوچوون و زانیاری بە ئاسانی بەردەست بێت بۆ هەموو ئەو دامودەزگا و کەسانەی پێویستیان پێیەتی." ...

Humans of Kurdistan - South 80

June 27, 2020

"لە سەردەمی لاوێتیمدا بیرمە ڕۆژانە لە کەرکوک لە خەڵک دەدرا و سوکایەتی پێ دەکرا، هەر چەندە من کاری سیاسیم نەکردووە، بەڵام منیش بەبێ لێدان دەرنەچووم: جارێک لە ساڵانی جەنگی نێوان ئێران و عێراق لەگەڵ هاوڕێیەکدا خۆمان لەسەر شۆفێری ڕادەهێنا، ئۆتۆمبیلێک بە خێرایی بەلاماندا تێپەڕی و منیش بە دەست ئیشارەتم بۆ کرد، زیاتر وەک جوێن دەردەکەوت، گەڕایەوە و لەبەر دەمماندا وەستا و دابەزین بە شەق تێمانکەوتن، دواتر ئیمەیان برد بۆ 'ئیستخبارات'، لەوێ زمانمان ئێمەی کڕیەوە، وتم: 'ئێمە دەچین خوێن دەدەین، برایەکی ئەم کوڕە لە پێشی جەبهە بریندار بووە'، ئیتر باش بوو بەو قسەیە لێی دەرچووین. ئەو کاتانەی کە دەنگۆی ڕاپەڕین هەبوو لە کەرکوک نەیاندەهێشت کەس بێتە دەرەوە و زۆر جاریش بەبێ هیچ شتێک لە ماڵاندا خەڵکیان دەگرت، بە تایبەت کوردەکان. لە ساڵی 1991 کاتێک ئاوارەکانی کەرکوک هاتنە پێنجوێن، منیش یەکێک بووم لەوان و مامەوە، نزیکەی 30 ساڵە بەردەوام لە پێنجوێنم و تەمەنێکم لەم دوکانەدا بەسەر بردووە." ...

Humans of Kurdistan - South 79

June 25, 2020

"هەر لە تەمەنێکی منداڵییەوە لە خوێندن دابڕام، بە هۆی زروف و تەمەنەوە نەمتوانی بەردەوام بم. کاتێک بە لای خوێندنگەیەکدا تێپەر دەبم، بیری ژیانە ناخۆشەکەی منداڵیم دەکەم و هەست دەکەم شتێکم تیا بەجێ هێشتووە کە هەرگیز ناتوانم بە دەستی بهێنمەوە. لە ژیاندا هەندێک جار تووشی جۆرە دەردێک دەبیت هەرچی تروسکایی خۆشی هەیە لە دڵتدا نامێنێت، گەر دەستکەوتیشت زۆر بێت هێشتا دڵت پێیان خۆش نییە. هەندێک جار هەست دەکەم لە ناوەوە کەسێکی زۆر لەسەرخۆ و ئارامم، بەڵام بە ڕووکەش وا نیم، زۆر توڕەم...

Humans of Kurdistan - South 78

June 24, 2020

"لە ساڵی 1991 لەگەڵ خێزانەکەمدا گەڕاوینەتەوە پێنجوێن، بەشێک لە خەڵکی باشووری کوردستان ساڵانی نەوەدەکان بۆ بژێوی ژیانیان ڕوویان دەکردە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، منیش وەک ئەو خەڵکە لە تەمەنێکی منداڵیدا ڕووم کردە وڵاتی ئێران، لە کورەی خشتبڕین، فەڕشچنین، کشتوکاڵ و ئاژەڵداری کارم کردووە. یەکێک لەو کارانەی حەزم لێ کردووە ئاژەڵداری بووە، چونکە تۆ خزمەتی بێ زمانێک دەکەیت و ئەویش لە بەرامبەردا خزمەتی تۆ دەکات. لەوەتەی من هەم بەردەوام کارم کردووە، ئێستا بوومەتە وەستای گەچکاری. منیش وەک کرێکار و وەستاکانی تر، ئەگەر ڕۆژێک کار نەکەم لە لایەنی داراییەوە پێمەوە دیارە، ئەگەر چاوم لەسەر لایەنی داراییەکەشی نەبێت، من هەر بە کارکردن ئاسوودە دەبم و حەزم لە کارکردنە." ...

Humans of Kurdistan - South 77

June 22, 2020

"دنیا بە لایەک و دایکم بە لایەکی تر؛ نەخۆشیی شێرپەنجەی هەیە، چاکبوونی ئەو بۆ من هەموو شتێکە، گوێ نادەم بە هیچ شتێکی تری ئەم دنیایە، لە زۆر لایەنەوە شکستم هێنا بەڵام بۆ من هیچ مانایەکیان نییە. ئەو ڕۆژە دایکم لە مردنێک گەڕایەوە - لە نەخۆشخانە پێیان وتم دایکت دۆخی هیچ باش نییە، دکتۆر ئیزنی داوین. چووم بۆ نەخۆشخانە، بەڵام نەیانکردمە ژوورەوە، لەگەڵ پۆلیسی بەردەم دەرگاکە زۆر هەوڵم دا، بێ سوود بوو. کار گەیشتە ئەوەی بەسەر دیواری نەخۆشخانەکە خۆم ئاودیو کرد، بەڵام پێیانزانی. پۆلیسێک ویستی بمگرێت، پۆلیسەکەم دا بە ئەرزا و بەردەوام بووم لە ڕاکردن بۆ ناو نەخۆشخانەکە و خۆم کرد بە ڕاڕەوەکەدا...

Humans of Kurdistan - South 76

June 20, 2020

"زۆر دەمێکە خولیای کارکردنم هەیە لە بواری شوێنەوارناسی و مێژوونووسیدا، ئەوەبوو لە ساڵی 2004، لە دوای پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق و دامەزرانی من لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و باشتربوونی باری دارایم، دەستم کرد بە بڵاوکردنەوەی گۆڤاری شمشارە - شمشارە گردێکی شوێنەواریی گرنگە لە نزیک ڕانیە و ناوی گۆڤارەکەش لەوەوە هاتووە - کە لە 3 لاپەڕە پێک دەهات لە سەرەتادا و وردە وردە گەورە بوو تا بوو بە زیاتر لە 50 لاپەڕە و زۆربەی هەرە زۆری بابەتەکانی ناو گۆڤارەکە خۆم دەمنووسی. یەکێکی تر لە خولیاکانم کۆکردنەوەی دەستنووسی مێژووییە و ئاواتی منیش ئەوەیە کە مۆزەخانەیەک بکەمەوە تا هەموو ئەو دەستنووسانەی هەمە، کە ژمارەیان نزیکی 500 دانەیە و دەستنووسی تریش لەو مۆزەخانەیەدا پێشان بدەم. دەستنووسم هەیە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 350 ساڵ بەر لە ئێستا!" "جگە لە شمشارە، دوو بەرهەمی کتێبیشم هەیە بە ناوی «شین و شینگێڕی» و «سێ باڵەکەی بزوتنەوەی حەقە». شین و شینگێڕی کەلتوورێک بووە لە کوردەواریدا کە زۆربەی شاعیرەکانیش لە شیعرەکانیاندا ئاماژەیان پێ کردووە، شین و شینگێڕی شێوازی لەخۆدان و دەربڕینی هەستی ناخۆشی خەڵکی هۆزە جیاوازەکان بووە بۆ مردووەکانیان، کە ئەمەش لە هۆزێکەوە بۆ هۆزێکی تر جیاواز بووە و من هاتووم شێوازە جیاوازەکانی شین و شینگێڕی ئەم دەڤەرەم لە دووتوێی کتێبێکدا کۆ کردۆتەوە. حەقە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی چینایەتی بووە کە لە سەر دەستی شێخ عبدلکریمی شەدەلە لە کۆتایی سییەکانی سەدەی ڕابردوو لە گوندی شەدەڵەی سەر بە ناحیەی سورداشی قەزای دوکان سەری هەڵداوە، ئەم بزووتنەوەیە لە هەناوی تەریقەتی نەقشبەندی سەری هەڵداوە کە نوێژ و ڕۆژوویان واز لێ هێناوە، ئیتر زۆر ڕەخنەیان لێ گیرا کە ئێوە سۆفین بۆ نوێژ و ڕۆژوو ناکەن، بەڵام ئەوان لەژێر ڕۆشنایی ئایەتی وَاعْبُدْ رَبَّكَ حَتَّىٰ يَأْتِيَكَ الْيَقِينُ (99)، نوێژ و ڕۆژوویان نەدەکرد، ئیتر دوای مردنی شێخەکەیان ئەو بزووتنەوەیە بوو بە سێ باڵ و من لە کتێبەکەدا باسی باڵەکانم کردووە و لە یەکێک لە باڵەکاندا چا و جگەرە و منداڵبوون حەرام بووە و ئێستا تەنیا یەک ژن ماوە لەو باڵە و پێی دەڵێن «تاتە حەلاو»." ...

Humans of Kurdistan - South 75

June 17, 2020

"کوڕێکم هەیە لە پارکی هەواری شار منداڵ فێری سکێتبۆرد ئەکات و هەندێک ڕۆژیش کە زۆر گەرمە ماتۆڕێک بەکار دەهێنێت بۆ هاتوچۆکردن. دوو کووڵ-بۆکسم بۆ کڕی، ئاوی سارد و شەربەت ئەفرۆشێت، هەستم ئەکرد دڵی زۆر بە ئیشەکەی خۆشە، منیش زۆرم پێ خۆش بوو، ڕۆژێکیان کاتی گەڕانەوەی لە ئیش پەیوەندی پێوە کردم و وتی، 'باوکە وا ئەگەمە ماڵەوە'، دوای نیو کاتژمێر هەر دەنگی نەبوو تێلم بۆ کرد، داخرابوو! زانیم شتێک بووە، هاوڕێیەکی تێلی بۆ کردم وتی کوڕەکەت سەیارە لێی داوە و وا لە نەخۆشخانەیە، یەکسەر چووم بۆ نەخۆشخانەکە، بینیم کوڕەکەم بێهۆشە و هەموو گیانی لە گەچدایە. من ناڵێم ئەو دیمەنە چەند بە ئازارە، لەبەر ئەوەی قورسە هەموو کەس هەستی پێ بکات. ئەم چەند ڕۆژە هەموو خەیاڵم لای ئەوەیە کوڕەکەم ببینم لەسەر پێی خۆی، وەک جاران." ...

Humans of Kurdistan - South 74

June 16, 2020

"لە منداڵییەوە لە بەردەستی باوکمدا فێری کاری تەنەکەچیەتی بووم، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر خولیای هونەر بووم، لە چالاکیی هونەریی قوتابخانەکان بەشداریم دەکرد، ئارەزووی وێنەکێشان و کاری دەستڕەنگینیم هەبوو، بەڵام من بە هۆی کار و بژێوی ژیانەوە نەمتوانی بەردەوام بم. لە کاتێکدا ویستم بڕۆمە پەیمانگەی هونەرە جوانەکان ماڵەوەمان ڕێگربوون دەیانوت: 'تۆ دەبێت هەر بخوێنیت و شتێکی باش وەرت بگرێت'. چەندین کاری شانۆییم کردووە و یەکێک بووم لەوانەی کە ڕۆڵێکی جوانم دەگێرا لەگەڵ هاوڕێکانمدا، گرووپێکی شانۆییشمان دامەزراندووە، بەڵام ئێمە تەنها دەستخۆشی و چەپڵەمان بۆ دەهات کە ئەوەش ناتگەیەنێت بە هیچ. ئێمە لە هەندێک کاردا لە گیرفانی خۆمان پێداویستیی شانۆییەکانمان دابین دەکرد. ئێستا من وازم لە کاری شانۆیی هێناوە و کاری خۆمم هەیە: کافتریایەکم داناوە و لە ڕێی ئەوەوە دەتوانم داهاتێکم دەست بکەوێت و ژیانی خۆمی پێ بەڕێ بکەم، ئەمەش واتای ئەوە نییە هونەر لە مندا مردبێت، بەڵام لەو بڕوایەدا نیم ڕۆژێک بگەڕێمەوە سەر تەختەی شانۆ." ...