Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

January 1, 2021

"کە منداڵبووم هیچ خوێندنگەیەک نەبوو لە گوندەکەمان. کاتێک بووم بە 16 ساڵ چووم بۆ حوجرە بۆ خوێندنی قورئانی پیرۆز، لەوێ بۆ یەکەمجار فێری نووسین و خوێندنەوە بووم، بەڵام نەمتوانی زۆر باش بم تێیدا چونکە تەمەنێکم کردبوو. ڕۆژێک لافاوێک ڕوویکردە گوندەکەمان (هەرەم شێخۆ)، بەرد و خۆڵی ئەو ناوەی هەموو لەگەڵ خۆی برد بەهۆی بەهێزییەوە و بارانێکی زۆری بەردەوام، هەمووی لە دۆڵەکەدا کۆبووەوە. دەستمکرد بە دەرهێنانی ئەو بەردانە لە دۆڵەکە و لەو بەرد و خۆڵەی لە دۆڵەکەدا کۆبووبوەوە دەستمکرد بە دروستکردنی خانوو. دوای چەند ساڵێک هاوسەرگیریم کرد و منداڵمان بوو، کاتێک منداڵەکانمان گەورە بوون، چووین لە شار بژین لەبەر خوێندنی منداڵەکانم بۆ ئەوەی وەک من لە خوێندن دانەبڕێن. ئەو کاتەی کە کاری دروستکردنی خانووم دەکرد بە پاسکیل هاتووچۆم دەکرد، ئێستا 60 ساڵ تێپەڕیووە بەسەر ئەو کاتەدا و بووم بە 84 ساڵ، بەڵام هەر پاسکیل لێدەخوڕم و بەلای منەوە زۆر گرنگە. ئێستاش تەندروستیم زۆر باشە و هەموو ڕۆژێک دەڕۆم بۆ پارک و لەگەڵ هاوڕێکانم دەدانیشم و بەیەکەوە کات بەسەردەبەین". ...

December 30, 2020

"هەموو کەسێک حەز و ئارەزوویەکی هەیە، من حەز و ئارەزووم بۆ کاری تەختە و دیکۆراتی تەختە هەبوو. 22 ساڵ لەمەوبەر دەستمکرد بە دروستکردنی ئامێری میوزیکی کەمان، عود و ساز بە بچووکی و هەروەها سەیارە و هەندێک یاری دیکەی منداڵان، تەنها بە بەکارهێنانی چەند ئامێرێکی سەرەتایی. گسکێم دەکڕی، دەمبڕی و هەیکەلی ئەو شکڵەم دروستدەکرد کە دەمویست و دواتر وردەکاریم تێدا دەکرد. هەموو گسێک کە دەمکڕی بەشی نزیکەی 13 ئامێری عودی بچووکی دەکرد، هەندێک جاریش مرۆڤم دروستدەکرد و چەند جوڵەیەکی کەمیشم بۆ دەست و قاچی دادەنا. دوای ئەوە چووم بۆ خزمەتی سەربازی و دوای دوو ساڵ کە گەڕامەوە لە مەحەلێکی دروستکردنی مۆبیلیات کارمکرد بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بە تواناکانم بدەم و لە هەمان کاتیشدا داهاتێک بۆ خۆم پەیدا بکەم. بەباشی فێری کارەکە بووم، بەڵام بەهۆی خراپی باری داراییمانەوە ناچاربووم سەفەر بکەم بۆ لوبنان و لەوێ کار بکەم، نزیکەی 7 ساڵ لەوێ مامەوە پاشان چووم بۆ تورکیا و لەوێش کارمکرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبووم و سەفەرم کرد بۆ عێراق و لەوێش بۆ ماوەی ساڵێک کاری دارتاشیم کرد، دواتر بڕیارمدا بگەڕێمەوە بۆ شارەکەی خۆم". "کۆمەڵێک ئامێرم کڕی و دەستمکرد بە کاری خۆم بەڵام بەهۆی بارودۆخی جەنگەوە کارەکەم درێژەی نەخایاند و ناچاربووم هەموو ئامێرەکانم بفرۆشم بۆ ئەوەی بژێوی خێزانەکەم دابین بکەم. لە ئێستادا کار بۆ هاوڕێیەکم دەکەم وەک پاداشتێک ئەو کارەی پێدام چونکە من فێری کارەکەم کردووە. جارێکیان چووم بۆ گوندێک و تراکتۆرێکم بینی و بڕیارمدا لە تەختە دروستیبکەم. گەڕامەوە ماڵەوە و دەستمکرد بە کارکردن لەسەری، لە سەرەتادا تۆزێک قورس بوو، دوای چەند هەوڵێک دروستمکرد و زۆرم بەدڵ بوو. جارێکیان منداڵەکەم داوای یارییەکی لێکردم بۆی دروستبکەم، ڕۆژێکی تەواو خەریکی بووم و زۆرم بەدڵ بوو نەمدەویست کەس بیبات، کاتێک کوڕەکەم بینی وتی یاری پێناکات و هەڵیدەگرێت تاوەکو ئەوکاتەی گەورە دەبێت و لە ماڵەکەیدا دایدەنێت وەک دیارییەک لە باوکییەوە و شانازی پێوەدەکات". ...

December 29, 2020

"تەمەنم 12 ساڵە، بەهۆی ئەوەی باوکم ئابووری و بازرگانی خوێندبوو و زۆر باشیش بوو لە ژمێریاریدا، بە منداڵی زۆربەی کاتەکانم لەگەڵ ئەو بەسەردەبرد و سەیرمدەکرد کە کار دەکات. باوکم هەستیکرد کە حەزم لە بیرکاری و حساباتە، بۆیە ساڵی 2018 باوکم ناردمی بۆ پەیمانگای (IELTS) تایبەت بە زمان و بیرکاری زەهنی. کێبڕکێ کەوتە نێوانمان بۆ ئەوەی بزانین کاممان خێراتر شتەکان شیکار دەکات، لەسەرەتادا باوکم خێراتربوو، بەڵام دواتر من خێراتر شیکارم دەکردن. دوای دوو ساڵ ڕاهێنان، بەشداریم کرد لە پاڵەوانێتییەکی عەرەبی بۆ بیرکاری زەهنی کە لە مصر بەڕێوەدەچوو، دەبوایە بچوومایە بۆ ئەوێ بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەڕێگەی ئۆنلاین بەشداریمکرد. پاڵەوانێتییەکە بە بەشداری 46 گروپ لە هەموو وڵاتە عەرەبییەکان و یابان و ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، براوە بووم دوای ئەوەی توانیم 100 هاوکێشە شیکار بکەم لەسەر (ئاباکس) لە کەمتر لە پێنج دەقیقە. دوای ئەوە ژیانم گۆڕا و دەمەوێت بەشداری بکەم لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان. بە دڵنیاییەوە فەزڵی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ باوکم، هەروەها مامۆستاکەم (روضە) و پەیمانگاکەشم". ...

December 27, 2020

"ساڵی 2014 خوێندکاری زانکۆ بووم لە قۆناغی دووەم، خێزانەکەم سەفەریان کرد بۆ ئەڵمانیا بەهۆی دۆخی ئابووری و ئەو جەنگەی لە وڵاتەکەدا هەبوو، بەڵام من لێرە مامەوە و نەمدەویست سەفەر بکەم تاوەکو زانکۆ تەواو دەکەم، باوکیشم بڕیاریدا لەگەڵ مندا بمێنێتەوە تاوەکو تەخەروج دەکەم و بەیەکەوە بڕۆین. زانکۆم تەواوکرد و قەدەر وابوو کوڕێک لە حەسەکەوە هاتە داوام و منیش هاوسەرگیریم لەگەڵ کرد، دوای ئەوە بیرۆکەی سەفەرکردنم بۆ دەرەوەی وڵات هەڵوەشایەوە، بۆیە باوکم بڕیاریدا بچێت بۆلای خێزانەکەمان و خۆی ئامادەکرد بڕوات بۆ هەولێر بۆ تەواوکردنی معامەلاتەکانی. تاوەکو سەر سنوور لەگەڵی ڕۆیشتم و ماڵئاواییم لێکرد، چونکە دڵنیا بووم تا چەند ساڵێکیتر نایبینمەوە. باوکم ماوەیەکی زۆر لە هەولێر مایەوە و معامەلاتەکەی دواکەوت و داواکارییەکەشی قبوڵ نەکرا، بۆیە بڕیاریدا بە ڕێگەی قاچاخ بڕوات. پەیوەندی پێوەکردم و پێی وتم ئەمشەو لە سنووری عێراق-تورکیا دەپەڕێتەوە لەگەڵ گروپێکی هەشت کەسی، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون چونکە ناوچەکە زۆر شاخاوی و بەرز بوو. دواتر پێی وتم کە دەگەڕێتەوە سوریا و سەفەر ناکات بە قاچاخ". "ڕۆژی دواتر قسەم لەگەڵ کرد و چاوەڕێم دەکرد پێم بڵێت کەی دەگاتەوە سوریا بەڵام پێی وتم ڕێگەیەکی ئاسانی دۆزیوەتەوە و عەسر دەگات، وتی دەریایەکی بچووکە لەوە دەپەڕینەوە و دەگەین. بوو بە عەسر و چاوەڕێ بووم پەیوەندیم پێوەبکات و بڵێت گەیشتووم بە سەلامەتی، بەڵام هەموو ڕۆژەکە تێپەڕی و پەیوەندی نەکرد، چەند ڕۆژێکی تریش تێپەڕی و هیچ هەواڵێکی نەبوو، نە من نە خێزانەکەم نەماندەزانی چیبووە. زۆر ترساین کە باوکم گیرابێت کاتێک لە سنوور پەڕیونەتەوە، لە هەموو شوێنێک بەدوایدا گەڕاین. هەموو خاڵەکانی پشکنین و سنوورەکانمان ئاگادار کردەوە، تەنانەت نەخۆشخانەکانی عێراق و تورکیاش بەڵام سوودی نەبوو. شەش مانگ تێپەڕبوو و باوکم هێشتا دیارنییە و هیچ کەس هەواڵی نازانێت، تا ئەو کاتەی پورم هات پێی وتم کە باوکم لە دەریاکەدا خنکاوە و تەنیا یەک کەس لە گروپەکە ڕزگاریبووە، بەڵام من بڕوام نەکرد و هەوڵمدا بگەم بەو کەسە، پێیگەیشتم و قسەم لەگەڵ کرد، وتی قاچاخچییەکان هەڵیان خەڵەتاندوون و دەریاکە زۆر گەورە و قوڵ بووە بە پێچەوانەی ئەوەی ئەوان پێیان وتوون". "کاتێک چوونەتە دەریاکە شەپۆل لێیداون و هیچ کەس لە گروپەکە مەلەی نەدەزانی بێجگە لە ئەم، تاکە کەس بوو کە توانیوێتی بگاتەوە کەناری دەریاکە و بینیوێتی کە هەموو گروپەکە هاواریان کردووە و دەخنکێن لە ئاوەکەدا، ئەمیش لەهۆش خۆی چووە و نازانێت دواتر چی ڕوویداوە.بەدرێژایی ئەم ماوەیە لاشەکانیان لە دەریاکەدا مابووەوە و ماسی جەستیانی خواردبوو، دوای شەش مانگ شوێنەکەیان زانرا و لاشەکانیان دەرهێنا. لە ڕێگەی ئەو وەرەقانەی کە پێیان بوو، دڵنیابوونەوە ئەمە ئەو گروپە هەشت کەسییەیە. دوای دڵنیابوونەوە خێمەیەکمان بۆ هەڵدا لە قامیشلۆ، چاوەڕێی وەرگرتنەوەی لاشەکەی بووین، کاتێک کە لاشەکەی گەیشت دەستمکرد بە گریان و باوەشم پیاکرد، سەیری دەموچاویم کرد بۆ دواین جار. بەهۆی ئەو جەنگ و بارودۆخەی تێیکەوتووین باوکمم لەدەستدا ، ئەگەر وانەبووایە ناچار نەدەبووین ئەم سەرکێشییانە بکەین". ...

December 24, 2020

"لە حەفتاکاندا لە گوندێکی نزیک شاری عامودا لەدایکبووم، هەر لەوێ گەورە بووم تاوەکو چوومە خوێندنی سەرەتایی و گەیشتمە قۆناغی سێیەم، لە خوێندنگەکەمان هیچ کچێکی تێدا نەبوو جگە لە من و کچی خاڵم، چونکە پێیان وابوو خوێندن تەنها بۆ کوڕە، عەیب بوو بۆ کچان بخوێنن بەهۆی عادات و تەقالیدی گوندەکەمان لەو کاتەدا، زۆربەی خێزانەکان کچەکانیان نەدەنارد بۆ خوێندن. بۆیە باوکم بڕیاریدا بچین لە حەسەکە بژین، بۆ ئەوەی ئێمە دوور لەو عادات و تەقالیدە خوێندنەکەمان تەواو بکەین. کاتێک لە حەسەکە بووین بەهۆی ئەوەی زمانی عەرەبیم باش نەبوو، تۆزێک قورسبوو بۆ من گفتوگۆ لەگەڵ دەوروبەرەکەم بکەم، چونکە من لە گوند بووم و زۆر بەکەمی بە عەرەبی قسەدەکرێت لەوێ. ئەمە بووە هۆی ئەوەی زیاتر هەوڵبدەم لە خوێندن، زۆر هەوڵمدا و خۆم ماندوو دەکرد و لە یەکەمەکانی خوێندنگە بووم، کە گەیشتمە قۆناغی ئامادەیی خۆشەویستی نووسین و کورتە چیرۆک دروستبوو لام، بەڵام دەمشاردەوە و بە کەسم نەدەوت بێجگە لە باوکم، چونکە ئەوەندە باش نەبووم تیایدا. کاتێک نزیکی تاقیکردنەوەکان دەبووەوە سەردانی گوندەکەم دەکرد بۆ سەعیکردن چونکە بێدەنگ بوو و ژینگەکەی گونجاو بوو بۆ سەعیکردن". "لەو ماوەیەدا هەر جارێک دەچوومە دەرەوە بۆ سەعیکردن لەسەر ڕێگای گوندەکە ئافرەتێکی بەتەمەن دەهات بۆلام کە هەر خەڵکی گوندەکە بوو، پێیدەگوتم کە بەردەوام بم لە سەعیکردن و باسی کێشەکانی خۆی بۆ دەکردم کە چۆن هاوسەر و خێزانی هاوسەرەکەی فشاری دەخەنە سەر بەهۆی ئەوەی منداڵی نەدەبوو و چەندین هۆکاری دیکە. بەم شێوەیە بووین بە هاوڕێ، بەڵام دوای ماوەیەک پێیان ڕاگەیاندم بەهۆی ئەو هەموو کێشەیەوە خۆی کوشتووە. زۆر کاریگەر بووم بەم ڕووداوە و هۆکارێکی بەهێز بوو بۆ ئەوەی خۆم دەربخەم و بڵێم منیش هەم. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی چیرۆکێک لەسەر ئەو ئافرەتە و ئەو نەهامەتییانەی پێیدا تێپەڕیووە بنووسم، بەڵام بڵاومنەکردەوە. خوێندنی ئامادەییم تەواوکرد و نمرەیەکی باشم هێنا کە لە زانکۆ وەردەگیرام و دەمتوانی سەفەر بکەم بۆ پایتەخت، بەڵام نەچووم چونکە باپیرم ڕازی نەبوو بەوەی کچێک بەتەنیا سەفەر بکات بۆ ناوچەیەکی دوور، منیش کەسێکی سەرکێش نەبووم و قبوڵمکرد. چوومە بەشی ئامادەکاری مامۆستا لە پەیمانگایەک لە حەسەکە، تەواومکرد و لە یەکەمەکان بووم." "لە خوێندنگەیەکی نزیک ماڵی خۆمان دامەزرام، هاوپۆلەکانم لەو کاتەدا ئیرەییان پێدەبردم، بەڵام من بەدڵم نەبوو دەمویست لە گوندێکی دوور کار بکەم، بۆ ئەوەی ناوچەی زیاتر ببینم، خەڵکی زیاتر بناسم و پەرە بە نووسینەکانم بدەم. بە نهێنی بەردەوامبووم لە نووسینی خەیاڵ و چیرۆکەکانم بەڵام دەمشاردەوە لە کۆمەڵگە لە ترسی ئەوەی قبوڵی نەکەن ئافرەتێک نووسەر بێت. دواتر هاوسەرگیرم کرد، و هاوسەرەکەم ڕازیبوو بەوەی کە بنووسم. زۆر پشتگیری دەکردم و هەمیشە هانی دەدام کە لە ڕۆژنامەکاندا نووسینەکانم بڵاوبکەمەوە، هاوسەرەکەم دووەم کەس بوو کە پشتگیری لێدەکردم دوای باوکم، لەو کاتە خەیاڵەکانم دەنووسی بڵاومدەکردەوە. لە ڕابردوودا نووسینەکانم زیاتر خەیاڵی بوون، بەڵام بۆم دەرکەوت کە لە نووسینی شتە واقعییەکاندا باشم بۆیە دەستمکرد بە نووسین لەسەر قامیشلۆ، حەسەکە، بارودۆخی ژیان، ئەو جەنگەی لە ئارادا بوو، کۆچبەر، کێشەکانی ئافرەت و خەڵکی هەژار، سێ کۆمەڵەی شیعری و کۆمەڵە چیرۆکێکم بڵاوکردەوە لەسەری و ڕۆمانێکیش کە تاوەکو ئێستا بەردەوامم لە نووسینی. دەمەوێت بە هەموو کچێک بڵێم، ئەوە بکەن کە حەزتان لێیە و مەترسن لە دەرخستنی تواناکانتان و ئامانجەکانتان، زەمەنی ئێستا زۆر باشترە لە زەمەنی ئێمە." ...

December 22, 2020

"بەهۆی ئەو حەزەی بۆ چاککردنەوەی ڕادیۆ و ئامێرە ئەلکترۆنییەکان هەمبوو، وازم لە خوێندن هێنا. باوکم دەرمانخانەی کشتوکاڵیی هەبوو و لەگەڵ ئەو دەهاتم بۆ دوکان، بەڵام لەناو دوکانەکە نەدەمامەوە و بەهۆی حەزی زۆرم بۆ کاری ئەلکترۆنی، دەچوومە ئەو دوکانانەی تەلەفزیۆنیان چاکدەکردەوە و پرسیاری زۆرم لێدەکردن، ئەمەش یارمەتیدام و زۆر شتیان لێوە فێربووم. لە سەرەتادا کە دەستمپێکرد هەر شکستم دەهێنا و نەمدەتوانی کەلوپەلەکان چاک بکەمەوە، تاوەکو لە کۆتاییدا سەرکەوتووبووم و بە شێوەیەکی باش ئەو پیشەیە فێربووم. ئەوکاتەی دەستمپێکرد ئامێری وەرگرتنی کەناڵی ناوخۆیی زۆر کەمبوو و ئەوەشی کە هەبوو زۆر گرانبوو، بۆیە ئامێرێکم دروستکرد بۆ گەڕان بە دوای کەناڵە کوردییەکان، ئەوکاتە کەناڵێک هەبوو بەناوی مێد تیڤی و دەستمکرد بە پەخشکردنی بۆ خەڵکی گوندەکە و ئەمەش زۆر دڵخۆشیکردن. ئەمە یەکەم دەستکەوتم بوو. دوای تێپەڕێنی تەمەنم، ناتوانم وەک جاران کار بکەم لەبەر ئەوەی کاریگەری لەسەر بینینم هەبووە. هەلی کاری زۆرم بۆ هاتووە لە وڵاتە ئەوروپییەکانەوە بەڵام من خاکەکەم جێناهێڵم و لێرە دەمێنمەوە". ...

December 21, 2020

"لە منداڵییەوە حەزم لە وێنەگرتن بوو و لە سەرەتادا بە مۆبایل وێنەم دەگرت، بەڵام دواتر بەهۆی کارکردن لە کەناڵێکی تەلەفزیۆنییەوە توانیم پارە کۆبکەمەوە و کامێرایەک بکڕم. کاری ڤیدیۆیی بۆ کەناڵی عامودا دەکەم، بەڵام خۆم زیاتر حەزم لە وێنەی فۆتۆگرافییە. حەز ئەکەم پۆرترەیتی خەڵک بگرم و وێنەی ئەو کەسە بەتەمەنانە بگرم کە ئەزموونیان هەیە. زۆربەی کاتەکان پێش وێنەگرتن دادەنیشم و گوێ لە چیرۆکەکانیان دەگرم ئەمەش وا دەکات ببنە هاوڕێی نزیکم. هەموو وێنەیەک کە دەیگرم چیرۆکەکانی لە یادەوەرییمدا دەمێننەوە و زۆربەی کاتەکانیش کە وێنەکان دەگرم بۆیان چاپ دەکەم و بە دیاری پێشکەشیان دەکەم. ئەمەش وایان لێدەکەت خۆشیان بوێم و شانازی بەمەوە دەکەم. خەونم ئەوەیە هەموو پێداویستییەکانی وێنەگرتنم هەبێت و دوکانێک دابنێم و کاری فۆتۆگرافی بکەم لە بۆنەکاندا. بەڵام لە ئێستا حەزدەکەم وێنەکانم لە پێشانگایاکدا وەک یەکەم هەنگاو نمایش بکەم". ...

December 20, 2020

"تەمەنی منداڵیم لە شار بەسەربردووە، بەڵام حەزم لە ژیانی ناو شار نەبوو و هیچ کارێکیشم نەبوو لەوێ، بۆیە گەڕامەوە گوندەکەمان و وەک هەر کەسێکی دیکەی گوندەکە لە زەوییەکدا مەڕ و بزنم بەخێودەکرد. بەهۆی ئەو تایبەتمەندییانەی ئەسپ هەیەتی دوای ماوەیەک بەخێوکردنی ئەسپ سەرنجی ڕاکێشام، کێڵگەیەکی بەخێوکردنی ئەسپم دانا و هەروەها ئاسکیش بەخێودەکەم. جگە لەوەی کە سەوزەش دەچێنم. چوار لە ئەسپەکانم بۆ پێشبڕکێی ئەسپسواری بەکاردەهێنم و یەکێک لە ئەسپەکانم لە پێشبڕکێیەکدا لەسەر ئاستی هەرێمی جزیرە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا. ئەو ئەسپەی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا بەهۆی جوانیی و بەهێزیی و لێهاتوییەکەی ناوم لێنابوو هەڵۆی فێڵباز. بەڵام بەداخەوە بەهۆی نەخۆشییەوە تۆپی و ئەمەش زۆر دڵتەنگی کردم. ئێستا ئەسپێکی تازەم کڕیوە و ناوم لێناوە گەردەلوول و بەشداری پێشبڕکێکانی پێدەکەم. زۆر گرنگی بە ئەسپەکانم دەدەم و وەک منداڵەکانی خۆم خۆشمدەوێن". ...

December 18, 2020

"ئێمە خەڵکی ماردینین، 10 ساڵ لەمەوبەر بەهۆی ئەوەی باری ئابووری سووریا جێگیربوو و هاتوچۆکردنیش لە تورکیاوە بۆ سووریا ئاسانبوو، بۆ دەستکەوتنی کار هاتینە قامیشلۆ. بەڵام بەداخەوە لەگەڵ هاتنی ئێمە جەنگ دەستیپێکرد. زۆر بیری خاکەکەمان دەکەین، بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنی و داخرانی سنوورەکانەوە ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ ماردین و سەردانی کەسوکارمان بکەین. ئێمە دوو خووشک و سێ براین، زۆر حەزم لە خوێندن بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی پێویستبوو کار بکەم، لە پۆلی حەوت من و برایەکم وازمانهێنا. دایک و باوکم بەتەمەنبوون و نەیاندەتوانی کاربکەن. لە زۆر بواردا کارمکردووە بەڵام لە هیچیاندا سەرکەوتوو نەبووم تاوەکو ئەوکاتەی لەگەڵ برا بچووکەکەم عەرەبانەیەکمان کڕی و کۆکتێلمان دەفرۆشت، سوپاس بۆ خوا لەمەدا سەرکەوتووبووین. ژیانمان وەکو منداڵەکانی دیکە بەسەرنەبردووە، ئەگەر من و براکەم کار نەکەین ناتوانین بژێوی خێزانەکەمان دابین بکەین، ئەوکاتە دەبێت هاوکاری لە خەڵک وەربگرین." ...

December 17, 2020

"تەمەنم 100 ساڵە، لە تەمەنی 18 ساڵیدا هاوسەرگیریم کرد، چەند منداڵێکم بوو هەر یەکەیان ڕۆیشتن بەڕێگەی خۆیاندا، 23 ساڵ لەمەو پێش بینینم لەدەستدا وە ساڵێک دوای ئەوە مێردەکەم کۆچی دوایی کرد. بەڵام من لە ڕێگەی دڵم ژیان دەبینم و هەست بە جوانییەکانی دەکەم، بەڵام دڵم گەیشتە قۆناغێک ئازاری زۆری چەشت بەهۆی لەدەستدانی چەند کوڕێکم لە جەنگی سوریادا. کوڕێکم شەهید بوو، کوڕەکەشی کە بەناوی ئەوەوە ناوماننا، بەڵام ئەویش شەهید بوو. لەدوای لەدەستدانیان خۆشیم لە ژیان نەما وە هەستی بیستن و بینینم لەدەستدا، لە خەفەتدا دەژیم تا ئەو ڕۆژەی قەدەرم یەت." ...

December 14, 2020

"جارێکیان چووم بۆ ماڵی باپیرم بۆ گوندەکەمان و بینیم لەگەڵ یەکێك دانیشتووە، ناوی جەنگۆ بوو، لەگەڵیان دانیشتم و ئەوان بە زمانێک قسەیان دەکرد کە من لێیتێنەدەگەیشتم، پرسیارم لە باپیرم کرد ئەوە چ زمانێکە؟ وتی زمانی چۆلەکە (جۆرە زمانێکی زۆر دێرینە). داوامکرد فێرمبکات و ڕۆژانە سەردانی باپیرمم دەکرد، بنەڕەتەکان و یاساکانی ئەم زمانەی فێرکردم، وردە وردە فێری زمانەکە بووم. هەندێک مەڕمان هەبوو من شوانیم دەکردن، هەموو ڕۆژێک جەنگۆم دەبینی و بەو زمانە قسەم لەگەڵ دەکرد. باپیرم چوو بۆ ماڵی مامم بژی و جەنگۆش چووە ناوشار، هیچ کەسێک نەما بە زمانی چۆلەکە قسەی لەگەڵ بکەم. دواتر بەدوای کاردا دەگەڕام و یەکێکم ناسی کە گەنجێکی دەویست یارمەتیبدات لە کشتوکاڵکردندا." "ڕۆژەکانمان بەکار دەبردەسەر و نەدەگەڕاینەوە ماڵەوە، هەرچەند نزیکەی 45 ساڵ لەمن گەورەتر بوو، بەڵام بیرکردنەوەمان وەک یەکبوو و زۆرم خۆشدەویست، کتێبی کوردی دەخوێندەوە و بۆی رووندەکردمەوە و فێریدەکردم. بۆم دەرکەوت ئەویش زمانی چۆلەکە دەزانێت، لێم پرسی لە کوێوە فێربووە، پێی گوتم کە ساڵانێکی زۆر لەمەوپێش باپیرم فێریکردووە. ماڵمان چوو بۆ شار و لەوێ کەسم نەدەناسی ئەو نەبێت، خەڵکی بیروڕای ئێمەی پێقبوڵ نەدەکرا، بۆیە کاتێک یەکێک لەگەڵمان دادەنیشت و ڕەخنەی لێدەگرتین، بەزمانی چۆلەکە قسەمان دەکرد بۆ ئەوەی لێمان تێنەگەن. دوو ساڵ لەمەوپێش ئەو کۆچی دوایی کرد، زۆر دڵتەنگی کردم و دڵنیام هەرگیز کەسێکی وەک ئەو نادۆزمەوە. ئێستا کەس نەماوە بەو زمانە قسەی لەگەڵ بکەم، بەڵام کاتێک هاوسەرگیرم کرد منداڵەکانم فێردەکەم." ...

December 12, 2020

"تازە گەیشتبوومەوە ماڵەوە و دەستمکرد بە خواردنی نانی نیوەڕۆ، لەناکاو گوێم لە دەنگی تەقینەوەیەک بوو، هاوڕێیەکم هەبوو ناوی عامر بوو، زۆربەی کاتەکانمان بەیەکەوە بەسەر دەبرد، چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد لەدەستی بدەم و یەکێک بێت لە قوربانییەکانی ناو تەقینەوەکە. کاتێک گوێم لە تەقینەوەکە بوو بەپەلە ڕامکرد بەرەو شوێنی تەقینەوەکە. ناوچەکە وێران ببوو و ئاگرێکی گەورە کەوتبووەوە، لاشەی زۆرم گواستەوە بەڵام بەهۆی زۆری سوتاوییەکانیانەوە نەمتوانی بیانناسمەوە، لە نەخۆشخانە عامری هاوڕێم ناسییەوە، تەندروستی زۆر خراپبوو و هاواری دەکرد، لە قامیشلۆوە گواستیانەوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەولێر بەو هیوایەی چاکبێتەوە، بەڵام جەستەی عامر بەرگەی ئەو هەموو سوتاوییەی نەگرت. کاتێک پێیان ڕاگەیاندم کۆچی دوایی کردووە ژیانم بە تەواوی گۆڕا، هەمیشە ئامۆژگاری دەکردم نوێژ بکەم، بەڵام بەردەوام خۆم لەو بابەتە دەدزییەوە. کاتێکیش کۆچی دوایی کرد وەک پەیمانێک بۆ ئەو دەستمکرد بە نوێژکردن. دوکانێکی نێرگەلەم کردەوە کە پێشتر بەنیازبووم ناوی بنێم جودی، بەڵام بڕیارمدا ناوی بنێم عامر، بۆ ئەوەی ناوەکەی هەمیشە لەبەرچاوم بێت." ...