Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

December 9, 2020

"ساڵی 2012 کۆلێژی ڕاگەیاندنم تەواو کرد و بڕیارمدا هەر لەو بوارەدا کار بکەم. یەکێک لەو شتە سەیرانەی بەسەرمدا هاتووە، ساڵی 2018 کاتێک چووم بۆ مەنبەج بۆ ئەوەی هەواڵەکان بگوازمەوە و تەسویری هێزەکان بکەین لەسەر سنوور، چوار هاوڕێم لەگەڵم هاتن و من دەلیلەکەیان بووم. چووینە بەرەکانی پێشەوە کە هێڵی جیاکەرەوە بوو لە نێوان جەیشی ئازاد و هێزی QSD. بەرەو گوندێک ڕۆیشتین کە لەژێر دەستی جەیشی ئازاددا بوو، خاڵێکی پشکنین هەبوو پێش گوندەکە، وەستاین و من دابەزیم بۆ ئەوەی پرسیاری ناونیشانی ڕێگەکەیان لێبکەم. زۆر ئەترسام چونکە یەکێک لە هاوڕێکانم جلی سەربازی QSD لەبەردا بوو، ئەگەر پێیان بزانیایە دەستگیریان دەکردین. پێم وتن ئێمە کەسی مەدەنین و ڕێگاکەمان لێ ون بووە، چوون سەیارەکە تەفتیش بکەن، کاتێک هاوڕێکەمیان بینی ڕووی چەکەکانیان تێکردن و دایانبەزاندن و دەستگیریان کردن." "دڵنیا بووم لەوەی هیچ ڕێگایەک نیە بۆ دەرباز بوون لە دیلی ئەگەر یەکێک خێزانەکانمان ئاگادار نەکاتەوە. هێزم یایە بەرخۆم و ڕامکرد بەرەو ناو دارەکان کاتێک سەرقاڵی هاوڕێکانم بوون، کە پێیان زانیم دەستیان کرد بە تەقە کردن لێم بەڵام نەوەستام، گەیشتمە ڕووبارێک و پەڕیمەوە، گەیشتمە ناوچەی ژێر دەستی هێزەکانی QSD و خۆم ڕادەستی ئەوان کرد و ئیتر پارێزراو بووم، بەڵام هەستم بە تاوان دەکرد بۆ هەموو ئەو شتانەی روویداوە چونکە من بەرپرسیار بووم لە هاوڕێکانم، زۆر شتی خراپ دەهات بە مێشکمدا کە لەوانەیە بەسەریاندا بێنن، و ئەگەر شتێکیشیان لێبێت ناتوانم لە خۆم خۆش ببم. دوای 8 مانگ و نیو، هەر دوو هێزەکە ڕیککەوتن لەسەر دیل بە دیل، زۆر دڵمخۆش بوو چونکە هاوڕێکانیشم لەنێو ئەو دیلانەدا بوون و گەڕانەوە ماڵەکانیان بە سەلامەتی." ...

December 8, 2020

"وەک هەموو کەسێکی تر ژیانێک ئاسایی دەژیاین، بەڵام ئەو قەیرانەی هات بەسەر شارەکەدا بووە هۆی گۆڕینی دۆخی شارەکە، ڕۆژ بە ڕۆژ ژیان خراپتر دەبوو. من لە ناوچەی جەندریس لە عەفرین گەورە بووم، و کاری کشتوکاڵیم دەکرد، زەوی و داری زەیتونمان هەبوو. بەڵام منیش وەک ئەو خەڵکە هەموو شتێکم بەجێهێشت و کۆچم کرد بەرەو کۆبانێ بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە، جاران لە ژیانێک سادەمان هەبوو بەڵام ئێستا ژیان ئازار و دەردەسەری، هەرچەند ئێستا سەلامەتین بەڵام ناگات بەو وەزعەی پێشتر تێیدا دەژیاین لە عەفرین. جوانترین کاتی ژیان ماوەی پێش هاوسەرگیرییە چونکە ئازادیت، بەڵام دوای هاوسەرگیری کێشەکانی ژیان زیاد دەکات، منداڵەکانم بەجێهێشت و ئێستا بەتەنیا دەژیم، هەر یەکەیان چووە بەلای ژیانی خۆیەوە." ...

December 7, 2020

"لە دایکمەوە فێری چارەسەری سوتاوی بووم، یەکەم حاڵەت کە چارەسەرم کرد بۆ خوشکەزاکەم بوو، کە ڕۆژێک زۆر بەپەلە هات و لەو کاتەدا دایکم لە ماڵ نەبوو، بۆیە بە ناچاری خۆم چارەسەرم کرد هەرچەندە برینەکەی زۆر سەخت بوو. هەوڵمداوە هەندێک لە نەوەکانم و کەسە نزیکەکانم فێربکەم چۆن چارەسەری سوتاوی بکەن. بەڵام جورئەتی ئەوەیان نەبووە. زۆربەی کاتەکان کاتێک پێستە سوتاوەکە لێدەکەمەوە، کەسە سوتاوەکە ئازاری زۆر پێدەگات، بۆیە کارێکی ئاسان نیە هەموو کەسێک بیکات. تەنانەت مێردەکەشم لە کارەکە دەزانێت، بەڵام بەرگەی ئەو حاڵەتانە ناگرێت و ناتوانێت بیکات. من لەبەرامبەر ئەم کارانە هیچ پارەیەک وەرناگرم. تەنانەت زۆربەی کاتەکانیش دەرمانیان بۆ ئامادە دەکەم و بەخۆڕایی ئەیاندەمێ. خۆشترین هەستە بۆ من کاتێک کەسێک دەگەڕێتەوە بۆلام دوای ئەوەی چاکبووەتەوە." ...

December 3, 2020

"هەر کە منداڵ بووم وازم لە خوێندن هێنا بەهۆی ئەو حەزەی هەمبوو بۆ بەخێوکردنی باڵندە، کە دەچووم بۆ خوێندن لە ڕێگاوە دەچووم بۆ ئەو دوکانانەی کۆتریان دەفرۆشت بۆ ئەوەی سەیریان بکەم. 24 ساڵ لەمەوبەر شار بەجێهێشت و چووم بۆ گوند بۆ ئەوەی ژیانم تەرخان بکەم بۆ بەخێوکردنی باڵندە، چونکە لە شار نەمدەتوانی ئەو کارە بکەم. بەهۆی ئەو حەزەمەوە ڕەخنەم زۆر لێدەگیرا بە تایبەتی لەلایەن خێزانەکەمەوە بەڵام هەر بەردەوام بووم. لە ئێستادا کچە بچووکەکانم لەگەڵمدا خزمەتی باڵندەکان دەکەن. باڵندەکان لە باشووری کوردستان، عێراق، لوبان و ئەوروپاوە هەناردە دەکەم، کاتێک گەشە دەکەن و زۆر دەبن لە رۆژئاوا دەیانفرۆشم. نزیکەی 50 جۆر باڵندەم هەیە وەک کۆتر، تاوس، نەعامە، و مریشک...

November 30, 2020

"لە چەند بوارێکدا کارم کردووە وەک دروستکردنی دەرگای ئەلەمنیۆم، ئاسنگەری، و ئێستا سیرامیک دەفرۆشم. کارەکەم زۆر مەترسیدارە کاتێک لە هەرێمی جزیرەوە دەچم بۆ هەرێمی فورات لە ترسی هێرشی فرۆکەکانی تورکیا. ناخۆشترین ڕۆژەکانم ئەو ڕۆژانەن کە لە کار دەڕۆمەوە و دەبینم دایکم یان باوکم نەخۆشە. و لەم جەنگەشدا هاوڕێم لەدەست داوە لەگەڵ کوڕە مامێکیشم. بەڵام بە ئازارترین هەواڵ کە تووشی شۆکی کردم، لەدەستدانی ئەو خۆشەویستییە یەک لایەنە بوو کە ماوەی پێنج ساڵی خایاند، پێیان ڕاگەیاندم ئەو کەسەی خۆشمدەوێت ڕۆیشتووە و شووی کردووە، بەتەنیا مامەوە و خەفەتی ئەو ڕۆژانەم هەر لە دڵدایە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بەردەوامم لە ژیان بەو هیوایەی داهاتوو شتێکی جوانی بۆ هەڵگرتبم." ...

November 29, 2020

"دوای ئەوەی لە قۆناغی نۆیەم وازم لە خوێندن هێنا دەستمکرد بە کاری دەلاکی، بەڵام لەبەر ئەوەی پارەم لە هاوڕێکانم و خەڵکی هەژار وەرنەدەگرت، باوکم داوای لێکردم کە واز لەو کارە بێنم چونکە زۆربەی کات بە خۆڕایی کارم دەکرد. دوای چەند ساڵێک دەستمکرد بە کاری چاککردنەوەی مەکینەی دروومان. خۆمم فێری ئەم کارە کرد و زۆر بە خێرایش فێربووم، لەبەر ئەوەی خایەتیم ئەکرد بە چوار ساڵ پێش ئەوەی دەستبکەم بەم کارە، هەر کاتێک مەکینەکانم کێشەی هەبوایە خۆم چاکمدەکردەوە. ڕۆژ بە ڕۆژ باشتر بووم لە کارەکەمدا، ئێستا کەم کەس لەم بوارەدا ئیش دەکات لە قامیشلۆ، لەبەر ئەوەی ئەم مەکینانە کەم بوونەتەوە و کەس بەکاریان ناهێنێت، ئێستا مەکینەی پێشکەوتوو هەیە لە کارگە گەورەکان بەکاردەهێنرێن. ئەمانە تەنها لە ماڵدا بەکاردەهێنرێن چونکە ئیشکردنیان خاوە. زۆر جاریش کە خەڵک مەکینەکەی ئەهێنێت بۆیان چاک بکەمەوە پارەیان پێ نییە بۆیە پارەیان لێ وەرناگرم. بەڵام منداڵەکانم فێری ئەم کارەی من نەبوون خەریکی خوێندن و حەزیان لە زانستە." ...

November 25, 2020

"هەر لە منداڵییەوە بەهرەی وێنەکێشانم هەبووە، کاتێک چوومە قوتابخانە لە پۆلدا لەسەر مێزەکان وێنەم دەکێشا وە لە ماڵەوەش لەسەر کتێبەکان. زۆرم حەز لە وانەی وێنە بوو، بەهرەکەم تێیدا پیشان دەدا و مامۆستاکەم هەمیشە دەستخۆشی لێدەکردم. تەنانەت داواین لێکردم چەند لەوحەیەک دروست بکەم بۆ ئەوەی هەڵیبواسن لە مەعرەزی خوێندنگەکەمان، ئەم جیاوازییەم لە خوێندکارەکانی تر وای لێکردم زیاتر پەرە بە خۆم بەم. لەسەرەتادا تەنها بۆ حەز ڕەسمم دەکرد هیچ پلانێکم نەبوو بۆ داهاتوو کە ببم بە وێنەکێشێکی شارەزا یان وێنەکێشێکی بەناوبانگ و ئەم هونەرە ببێت بە بەشێک لە ژیانم. بەڵام کاتێک بووم بە 14 ساڵ ڕۆژێک بە سوتفە ڤیدیۆی دروستکردنی یاریم ئەلەکترۆنیم بینی، کە چۆن کارەکتەرەکان دروست دەکەن و دواتر وردەکاری زیاتری بۆ ئەکەن و پاشان دەیجوڵێنن، زۆرم حەز لێبوو. لێرەوە ژیانم گۆڕا، ئامانجێکمدا بە بەهرەکەم و بڕیارمدا ببم بە دیزاینەری کارەکتەری یاری ئەلەکترۆنی و زۆر بە وردی دروستیان بکەن، تەنانەت بیرم لەوەش کردۆتەوە ڕۆژێک فیلم کارتۆنێکی زۆر کورت دروستبکەم." ...

November 18, 2020

"نۆ منداڵم هەیە، 3 کوڕ و ٦ کچ. چیرۆکی خۆشەویستی من و هاوسەرەکەم دەگەڕێتەوە بۆ پێش زەواج، ئەو کاتەی گەنج بووین و یەکمان زۆر خۆشەویست، بێ هیوای نەکردم و ژیانی هاوسەرگیریمان پێکهێنا، تا ئێستاش ئەو خۆشەویستییە هەیە لە نێوانماندا، تا ئێستا ئیزعاجی نەکردووم و منیش بەهەمان شێوە ئیزعاجم نەکردووە، هەموو کاتێک کە لێم دوورە هەست بەدووری ئەو ئەکەم. هەموو ئاستەنگییەکانی ژیان بەیەکەوە تێئەپەڕێنین. هیچ شتێک ناتوانێت دڵێک بۆستێنێت لە گەیشتن بەو شتەی خۆشیدەوێت. بەڵام ئەم جەنگەی لە سوریادا ڕوودەدات خۆشی و خەندەی لە دڵی کەسدا نەهێشتووە، هیچ پێکەنینێک نابینیت لەسەر لێوی خەڵک." ...

November 17, 2020

"من و خێزانەکەم سەفەرمان کرد بۆ دیمەشقی پایتەخت، بۆ ئەوەی لەوێ بخوێنم، لەوێ ئەدەبی ئینگلیزیم دەخوێند، باری داراییمان زۆر باش نەبوو، لەگەڵ خوێندنەکەمدا کارم دەکرد و زۆر هیلاک دەبووم،سەرەڕای ئەوەی خێزانەکم لەگەڵ ئەوەدا نەبوون کار بکەم چەند جارێک لە خوێندن وەستام بۆ ئەوەی بتوانم داهاتێک بۆ خۆم کۆبکەمەوە و مەسرەفی خوێندنەکەم بکەم. لەگەڵ ئەوەی دوای خوێندن دەچووم بۆ کار، چەندین جار توشی توانج و بێزارکردن بوومەتەوە کە بۆتە هۆی ئەوەی کارەکەم بەجێبێڵم و بچـم لە شوێنێکی تر کاربکەم. بەدەر لەوەش جەنگ هەبوو لە نێوان ئیسلامییە توندڕەوەکان و سوپای سوریا، بەوهۆیەوە ڕۆیشتن بۆ زانکۆ زۆر مەترسیدار بوو لەبەر ئەوەی بۆمبباران بوو. لەو کاتەدا بیرم دەکردەوە بڕۆم بۆ زانکۆ و نەگەڕێمەوە لەبەر مەترسیداری ڕێگاکە، چونکە خێزانەکەم زۆر خەمی منیان بوو و دایمەن قەلەق بوون." ...

November 17, 2020

"بیرمە کە تەمەنم 21 ساڵان بوو، چاکە لەناو خەڵکدا زۆر بوو لەچاو ئێستادا، کاتێک جەنازەیەک بە جادەیەکدا تێدەپەڕی، خەڵکی لەگەڵ خێزانی مردووەکەدا دەڕۆیشتن و یارمەتییان دەدان لە هەڵگرتنی جەنازەکە وەک خێرێک و چاکەیەک بەرامبەر خێزانی مردووەکە. زۆر بەو حاڵەتە کاریگەر بووم ئیتر منیش لەگەڵ جەنازەکاندا دەڕۆیشتم تا دەیانناشت، تەنانەت لە هەڵکەندنی گۆڕەکەش یارمەتیم دەدان، هەتا وای لێهات لەناو هەموو خەڵکی ناوچەکەدا بە گۆڕهەڵکەن ناسرام. هەر کەسێک مردوویەکی دەبوو یەکسەر منی بە بیردا دەهات کە تەنها من ئەم کارەم وەک خێر دەکرد بە خۆبەخشی، بانگیان دەکردم بۆ هەڵکەندی گۆڕەکان و ئامادەکردنیان. باش دەزانم لە دەستدانی کەسێکی ئازیزت چ هەستێکی هەیە، ، بۆیە پێیان دەڵێم ئێوە شتەکانی تر بکەن و گۆڕ هەڵکەندن و ئامادەکردنی بۆ من بەجێبێڵن بەتانیا. نکۆڵی لەوە ناکەم گۆڕهەڵکەندن زۆر قورسە. کە بووم بە 50 ساڵ پێویستم بە نەشتەرگەری بوو لە دەستمدا چونکە دەمارەکانم زیانیان پێگەیشتبوو بەهۆی هەڵکەندنی گۆڕەوە. بەڵام ئەمە نەیوەستانم چەند کەسێکم گرت کارم بۆ بکەن. دوای 8 ساڵ توانیم کۆمەک کۆبکەمەوە و جیهازی پێشکەوتوو بکڕم بۆ گۆڕ هەڵکەندن. خۆشترین شت لە ژیانمدا کاتێک دەخەوم زەمیرم مورتاحە، دڵنیام خەڵک دوعای خێرم بۆ دەکەن لەسەر کارەکانم." ...

November 15, 2020

"لە ساڵی 2019 هێزەکانی تورکیا دەستیان کرد بە هاتنە ناوەوە بۆ شارەکەمان و دەستیان کرد بە قەسف کردنی شارەکە لەلایەن هێزی ئاسمانی و وشکانی، ناچار بووین شارەکە بەجێبێڵین بۆ پاراستنی خێزانەکەم. نزیکی پێنج کیلۆمەتر لە شار دوورکەوتینەوە، هەر شەوەی لە شوێنێک دەماینەوە لە دەرەوە، بە گریانەوە دەڕۆیشتین بێ ئەوەی بزانین بۆ کوێ دەڕۆین. چەند ڕۆژێک دواتر چووین بۆ حەسەکە لە خوێندنگەیەک ماینەوە بۆ چەند ڕۆژێک، وە مەشهەدێک کە هەرگیز لەبیری ناکەم، قافڵەکەمان لەلایەن فڕۆکەکانی هێزەکانی تورکیاوە بۆمبباران کرا، هەموو شتێک لەبەردەممان تاریک بوو، جەستەی خەڵکەکەم دەبینی لەسەر جادەکان. من هەرگیز هیوا لەدەست نادەم و ڕۆژێک دەگەڕێینەوە بۆ شارەکەمان و لەژێردەستی تورکیا ڕزگاری دەکەین." ...

November 14, 2020

"تەمەنم 13 ساڵە، لەگەڵ منداڵەکانی دراوسێمان یاری دەکەم و کاتێکی خۆش بەسەردەبەم، وازم لە خوێندن هێناوە لەبەر ئەوەی خێزانەکەم باری داراییان باش نیە و ناتوانن بمنێرن بۆ خوێندن. لە ئێستادا باوکم لە دەرەوەی وڵاتە لە پێناو دابینکردنی بژێوی بۆ خۆی و ئێمەش، دوای وازهێنانم لە خوێندن و سەفەر کردنی باوکم، کار دەکەم و کار و باری ماڵەوەش بەڕێ دەکەم، لەبەر ئەوەی گەورەترین منداڵی ماڵەوەم. کاری ئاسنگەری دەکەم، کارێکی قورسە بەڵام ناچارم بیکەم بۆ ئەوەی پێداویستی ماڵەوە و خوشکە بچوکەکانم دابین بکەم، هەتا گەڕانەوەی باوکم. کاتێک هاوڕێکانم دەچن بۆ خوێندن و منیش بۆ ئیش، هەست بە ئازارێک دەکەم لە دڵمدا، چونکە حەزم لە خوێندنە." ...